عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دوو تەختە وەک ئەوانەی یەکەم جار 
1
لەو کاتەدا یەزدان پێی فەرمووم: «دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم بۆ خۆت بتاشە و سەربکەوە سەر کێوەکە بۆ لای من، سندوقێکیش لە دار بۆ خۆت دروستبکە،
2
جا لەسەر دوو تەختەکە ئەو وشانە دەنووسمەوە کە لەسەر دوو تەختەکەی یەکەم جار بوون و تۆ شکاندت و بیانخە ناو سندوقەکە.»
3
منیش سندوقێکم لە داری ئەکاسیا[a] دروستکرد، دوو تەختە بەردی وەک ئەوانەی یەکەم جارم تاشی و بۆ شاخەکە سەرکەوتم و دوو تەختەکەشم لە دەست بوو.
4
ئەویش لەسەر دوو تەختەکە وەک نووسراوی یەکەم جاری نووسییەوە، دە ڕاسپاردەکە کە یەزدان لەگەڵتاندا پێی دوا لە کێوەکە لەناو ئاگرەوە لە ڕۆژی کۆبوونەوەکە و ئینجا پێیدام.
5
ئیتر گەڕامەوە و لە کێوەکە هاتمە خوارەوە و دوو تەختە بەردەکەم لەناو سندوقەکە دانا کە دروستم کردبوو، جا هێشتا لەوێن وەک یەزدان فەرمانی پێ کردم.
6
(نەوەی ئیسرائیلیش لە بیرەکانی نەوەی یەعقانەوە کۆچیان کرد بۆ مۆسێرە. لەوێ هارون مرد و هەر لەوێش نێژرا. ئیتر ئەلعازاری کوڕی لە جێی ئەو بوو بە کاهین.
7
لەوێشەوە کۆچیان کرد بۆ گودگۆدە، لە گودگۆدەشەوە بۆ یۆتباتە کە خاکی جۆگە ئاوەکانە.
8
لەو کاتەدا یەزدان هۆزی نەوەی لێڤی جیا کردەوە[b] بۆ ئەوەی سندوقی پەیمانی یەزدان هەڵبگرن و لەبەردەم یەزدان بوەستن بۆ ئەوەی خزمەتی بکەن و بە ناوی ئەوەوە داوای بەرەکەت بکەن هەتا ئەمڕۆ،
9
لەبەر ئەوە لێڤییەکان لەگەڵ براکانیان بەش و میراتیان نەبوو، یەزدان میراتی ئەوانە، هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵیاندا دوا.)
10
منیش وەک ڕۆژانی یەکەم جار چل شەو و چل ڕۆژ لە کێوەکە مامەوە و یەزدان ئەو جارەش گوێی لێ گرتم و یەزدان نەیویست لەناوتان ببات.
11
دواتر یەزدان پێی فەرمووم، «هەستە بڕۆ پێشڕەوی گەل بکە، جا دەچنە ناو ئەو خاکەی دەست بەسەریدا دەگرن کە سوێندم بۆ باوباپیرانیان خوارد بیاندەمێ.»
لە یەزدان بترسە 
12
ئێستاش ئەی ئیسرائیل یەزدانی پەروەردگارتان چی لێتان دەوێت، تەنها ئەوەندە کە لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن تاکو هەموو ڕێگاکانی بگرنەبەر و خۆشتان بوێ، پڕ بە دڵ و لە ناخەوە یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن،
13
فەرمانەکانی یەزدان و فەرزەکانی بەجێبهێنن کە من ئەمڕۆ بۆ باشی خۆتان فەرمانتان پێ دەکەم.
14
ئەوەتا ئاسمان و ئاسمانی ئاسمانەکان و زەوی و هەرچی تێیدایە بۆ یەزدانی پەروەردگارتانە،
15
لەگەڵ ئەوەشدا یەزدان دڵی بە باوباپیرانتانەوە بەند بوو و خۆشیویستن، جا لەپاش خۆیان نەوەکەی ئەوانی هەڵبژارد کە ئێوەن، لە سەرووی هەموو گەلانەوە وەک ئەمڕۆ.
16
کەواتە دڵتان خەتەنە بکەن و ئیتر کەللەڕەق مەبن،
17
چونکە یەزدانی پەروەردگارتان خۆی خودای خودایانە و گەورەی گەورەیانە، ئەو خودا مەزنە بە توانا بە سامەی لایەنگری ناکات و بەرتیل وەرناگرێت،
18
دادپەروەری هەتیو و بێوەژن دەکات و دۆستی نامۆیە هەتا خۆراک و بەرگی بداتێ.
19
جا نامۆتان خۆشبوێت، چونکە لە خاکی میسردا نامۆ بوون.
20
لە یەزدانی پەروەردگارتان دەترسن، ئەو دەپەرستن و دەست بەوەوە دەگرن و بە ناوی ئەوەوە سوێند دەخۆن،
21
ئەو ستایشتانە و ئەو خوداتانە کە ئەو هەموو کارە مەزن و ترسناکەی بۆ کردن کە چاوەکانتان بینییان.
22
باوباپیرانتان حەفتا کەس بوون کە چوونە میسر و ئێستاش یەزدانی پەروەردگارتان لە زۆریدا وەک ئەستێرەی ئاسمانی لێکردوون.
  1. a. 10‏:3 داری شەتیم.‏
  2. b. 10‏:8 جیا کردەوە: بڕوانە سەرژمێری 3‏:5‏-13.‏‏