عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
خۆشویستن و پاراستنی فه‌رمانه‌كانی یه‌زدان 
1
یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان خۆشبوێت و خواست و فه‌رز و یاسا و فه‌رمانه‌كانی هه‌میشه‌ به‌جێبهێنن.
2
بزانن كه‌ په‌یامه‌كه‌م بۆ ئێوه‌یه‌، نه‌ك بۆ منداڵه‌كانتان كه‌ ئه‌زموونی ته‌مبێكردنی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاریان نییه‌. ئێوه‌ كه‌ مه‌زنێتی و ده‌ستی پۆڵایین و بازووه‌ به‌هێزه‌كه‌ی ئه‌وتان بینیوه‌؛
3
نیشانه‌ و كاره‌كانی كه‌ له‌ میسر به‌ فیرعه‌ونی پاشای میسر و به‌ هه‌موو خاكه‌كه‌ی كرد،
4
ئه‌وه‌ی به‌ ئه‌سپ و گالیسكه‌كانی سوپای میسری كرد كاتێك به‌دواتان كه‌وتن، به‌ شه‌پۆله‌كانی ده‌ریای سووری پێچایه‌وه‌ و به‌ ته‌واوی له‌ناوی بردن.
5
هه‌روه‌ها منداڵه‌كانی ئێوه‌ نه‌بوون، به‌ڵكو ئێوه‌ بوون كه‌ به‌ چاوی خۆتان ئه‌وه‌تان بینی كه‌ له‌ ده‌شتوده‌ر بۆی كردن هه‌تا هاتنه‌ ئه‌م شوێنه‌ و
6
ئه‌وه‌ی به‌ داتان و ئه‌بیرامی كرد، دوو كوڕه‌كه‌ی ئه‌لیابی ڕه‌ئوبێنی، كاتێك له‌ناوه‌ندی هه‌موو ئیسرائیلدا زه‌وی ده‌می كرده‌وه‌ و به‌ ماڵه‌كانیان و چادره‌كانیان و هه‌موو ئه‌و شته‌ زیندووانه‌ی هی ئه‌وان بوون هه‌ڵیلووشی.
7
ئێوه‌ به‌ چاوی خۆتان هه‌موو كرداره‌ مه‌زنه‌كانی یه‌زدانتان بینی كه‌ كردی.
8
هه‌موو ئه‌و فه‌رمانانه‌ بپارێزن كه‌ ئه‌مڕۆ فه‌رمانتان پێ ده‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێز بن و بچنه‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌دا بگرن كه‌ ئێوه‌ له‌ ڕووباری ئوردونه‌وه‌ بۆی ده‌په‌ڕنه‌وه‌ هه‌تا ببنه‌ خاوه‌نی،
9
هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌ن درێژ بن له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییه‌ی یه‌زدان سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد بیانداتێ، بۆ خۆیان و نه‌وه‌كانیان، خاكێك شیر و هه‌نگوینی لێ ده‌ڕژێت.
10
ئه‌و خاكه‌ی كه‌ ئێوه‌ ده‌چنه‌ ناوی هه‌تا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن، وه‌ك خاكی میسر نییه‌ كه‌وا به‌جێتان هێشت، ئه‌و شوێنه‌ی تۆوتان لێ ده‌چاند و به‌ پێیه‌كانتان ئاوتان ده‌دا[a] وه‌ك باخی سه‌وزه‌وات.
11
به‌ڵكو ئه‌و خاكه‌ی ئێوه‌ له‌ ڕووباری ئوردونه‌وه‌ بۆی ده‌په‌ڕنه‌وه‌ هه‌تا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن، خاكی چیا و دۆڵه‌، له‌ بارانی ئاسمان ئاو ده‌خواته‌وه‌.
12
خاكێك یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بایه‌خی پێده‌دات؛ چاوه‌كانی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌ سه‌ره‌تای ساڵ هه‌تا كۆتایی به‌ به‌رده‌وامی له‌سه‌ریه‌تی.
13
جا ئه‌گه‌ر گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانه‌كانم بوون كه‌ من ئه‌مڕۆ فه‌رمانتان پێ ده‌كه‌م هه‌تا یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان خۆشبوێت، پڕ به‌ دڵ و له‌ ناخه‌وه‌ بیپه‌رستن،
14
ئه‌وا بارانی زه‌وییه‌كه‌تان، پاییزه‌ باران و به‌هاره‌ باران له‌ كاتی وه‌رزی خۆیدا ده‌ده‌م، تۆش دانه‌وێڵه‌ و شه‌رابی نوێ و زه‌یته‌كه‌ت كۆده‌كه‌یته‌وه‌.
15
گیا ده‌ده‌مه‌ ئاژه‌ڵه‌كانت له‌ كێڵگه‌كه‌ت، تۆش ده‌یخۆیت و تێر ده‌بیت.
16
بۆیه‌ ئاگاداربن نه‌وه‌ك دڵتان بخه‌ڵه‌تێت و لابده‌ن و خودای دیكه‌ بپه‌رستن و كڕنۆشی بۆ ببه‌ن.
17
جا تووڕه‌یی یه‌زدان لێتان ده‌جۆشێت و ئاسمان داده‌خرێت و باران نابارێت و زه‌وی به‌روبووم نادات، ئێوه‌ش به‌ خێرایی له‌و خاكه‌ چاكه‌ی یه‌زدان پێتانی ده‌دات له‌ناوده‌چن.
18
جا ئه‌م وشانه‌م له‌سه‌ر دڵ و گیانتان دابنێن و وه‌ك نیشانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستتانی ببه‌ستن و با گوڵنگ بن به‌ ناوچه‌وانتانه‌وه‌.
19
منداڵه‌كانیشتان فێر بكه‌ن و پێی بدوێن كاتێك له‌ ماڵه‌كانتان داده‌نیشن و كاتێك به‌ ڕێگادا ده‌ڕۆن و كاتێك ده‌خه‌ون و كاتێك هه‌ڵده‌ستن،
20
له‌سه‌ر چوارچێوه‌ی ده‌رگاكانی ماڵه‌كه‌ت و له‌سه‌ر ده‌رگاكانی حه‌وشه‌كه‌ت بینووسه‌،
21
بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژانی خۆت و منداڵه‌كانت زیاد بكات له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییه‌ی یه‌زدان سوێندی بۆ باوباپیرانت خوارد بیانداتێ هه‌روه‌ك به‌رده‌وامی ئاسمان به‌سه‌ر ڕووی زه‌ویدا.
22
ئه‌گه‌ر هۆشیار بوون و هه‌موو ئه‌و فه‌رمانانه‌ بپارێزن كه‌ من فه‌رمانتان پێ ده‌كه‌م هه‌تا بیكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان خۆشبوێت و هه‌موو ڕێگاكانی بگرنه‌به‌ر و ده‌ستی پێوه‌ بگرن،
23
ئه‌وا یه‌زدان هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ له‌به‌رده‌متان ده‌رده‌كات و ئێوه‌ ده‌بنه‌ میراتگری گه‌لانی له‌ خۆتان گه‌وره‌تر و به‌هێزتر.
24
هه‌ر شوێنێك له‌پی پێتان لێ دانا ده‌بێته‌ هی ئێوه‌، سنوورتان له‌ ده‌شتوده‌ر و لوبنانه‌وه‌، له‌ ڕووباره‌كه‌وه‌، ڕووباری فورات هه‌تا ده‌ریای ڕۆژئاوا ده‌بێت.
25
هیچ كه‌س ناتوانێت له‌ دژتان بوه‌ستێت، یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ترس و سامتان ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌موو ئه‌و زه‌وییه‌ی پێی لێ ده‌نێن، هه‌روه‌ك به‌ڵێنی پێدان.
26
بڕوانه‌، من ئه‌مڕۆ به‌ره‌كه‌ت و نه‌فره‌ت له‌به‌رده‌متان داده‌نێم،
27
به‌ره‌كه‌ته‌، ئه‌گه‌ر گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانه‌كانی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆتان بن كه‌ من ئه‌مڕۆ فه‌رمانتان پێ ده‌كه‌م،
28
نه‌فره‌ته‌، ئه‌گه‌ر گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانه‌كانی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆتان نه‌بن و له‌و ڕێگایه‌ی كه‌ من ئه‌مڕۆ فه‌رمانتان پێ ده‌كه‌م لاتان دا هه‌تا به‌دوای خودای دیكه‌ بكه‌ون كه‌ نه‌تانناسیوه‌.
29
جا كاتێك یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت تۆی هێنایه‌ ئه‌و خاكه‌ی كه‌ تۆ ده‌چیته‌ ناوی هه‌تا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگریت، ئه‌وا به‌ره‌كه‌ته‌كان له‌سه‌ر كێوی گه‌ریزیم ڕابگه‌یه‌نه‌ و نه‌فره‌ته‌كانیش له‌سه‌ر كێوی عێبال.
30
وه‌ك ده‌زانن ئه‌م كێوانه‌ له‌وبه‌ری ڕووباری ئوردونه‌وه‌ن، له‌ ڕۆژئاوای ڕێگاكه‌ به‌ره‌و خۆرئاوابوون، له‌ خاكی كه‌نعانییه‌كانی كه‌ له‌ عه‌راڤادا نیشته‌جێن، به‌رامبه‌ر گلگال له‌ته‌نیشت دار به‌ڕووه‌كانی مۆره‌،
31
چونكه‌ ئێوه‌ خه‌ریكن له‌ ڕووباری ئوردون ده‌په‌ڕنه‌وه‌ هه‌تا بچنه‌ ناو ئه‌و خاكه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان پێتان ده‌دات و ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن. كاتێك ده‌ستتان به‌سه‌ردا گرت و تێیدا نیشته‌جێ بوون،
32
ملكه‌چی هه‌موو ئه‌و فه‌رز و یاسایانه‌ بن كه‌ من ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌متانی داده‌نێم هه‌تا بیكه‌ن.
  1. a. 11‏:10 له‌ میسردا بۆ ئاودێری زه‌وی و زار، له‌ جۆگه‌كانه‌وه‌ یان كه‌نداوه‌كانه‌وه‌ به‌هۆی زنجیره‌یه‌ك جه‌نجه‌ڕی ئاو هه‌ڵێنجانه‌وه‌ بووه‌، كه‌ به‌هۆی پێیه‌كانیانه‌وه‌ ده‌یانسووڕانده‌وه‌.