عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نه‌ك له‌به‌ر ڕاستودروستی ئیسرائیل 
1
ئه‌ی ئیسرائیل گوێ بگرن، ئه‌مڕۆ ئێوه‌ خه‌ریكن له‌ ڕووباری ئوردون ده‌په‌ڕنه‌وه‌ هه‌تا بچنه‌ ناوه‌وه‌ و گه‌له‌كانی ناوی ده‌ربكه‌ن، ئه‌وان له‌ ئێوه‌ مه‌زنتر و به‌هێزترن، شاره‌كانیان گه‌وره‌ و شوورادارن هه‌تا ئاسمان.
2
نه‌ته‌وه‌یه‌كی مه‌زن و باڵا به‌رز، نه‌وه‌ی عه‌ناق، كه‌ به‌وانتان زانیوه‌ و بیستووتانه‌ كه‌ گوتراوه‌: «كێ له‌ ڕووی نه‌وه‌ی عه‌ناق ده‌وه‌ستێت؟»
3
جا ئه‌مڕۆ بزانن كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌پێشتانه‌وه‌ ده‌په‌ڕێته‌وه‌ وه‌ك ئاگرێكی سووتێنه‌ر، ئه‌و له‌به‌رده‌متاندا له‌ناویان ده‌بات و زه‌لیلیان ده‌كات و ئێوه‌ش ده‌ریانده‌كه‌ن و به‌ خێرایی له‌ناویان ده‌به‌ن، هه‌روه‌ك یه‌زدان به‌ڵێنی پێدان.
4
كاتێك یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌به‌رده‌متاندا لایان ده‌بات، له‌ دڵی خۆتاندا مه‌ڵێن، «له‌به‌ر ڕاستودروستیمان یه‌زدان ئێمه‌ی هێنایه‌ ئێره‌ هه‌تا ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌م خاكه‌دا بگرین،» به‌ڵكو له‌به‌ر به‌دكاری ئه‌و گه‌لانه‌یه‌، یه‌زدان له‌به‌رده‌متاندا ده‌ریانده‌كات.
5
له‌به‌ر ڕاستودروستی و دڵپاكیتان نییه‌ كه‌ ده‌چنه‌ ناوه‌وه‌ تاكو ده‌ست به‌سه‌ر زه‌وییه‌كه‌یاندا بگرن، به‌ڵكو له‌به‌ر به‌دكاری ئه‌و گه‌لانه‌یه‌ كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌به‌رده‌متان ده‌ریانده‌كات و هه‌تا ئه‌و به‌ڵێنه‌ش جێبه‌جێ بكات كه‌ یه‌زدان سوێندی له‌سه‌ر خوارد بۆ باوباپیرانتان، ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب.
6
جا بزانن له‌به‌ر ڕاستودروستیتان نییه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ئه‌و خاكه‌ باشه‌تان پێده‌دات هه‌تا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن، چونكه‌ ئێوه‌ گه‌لێكی كه‌لله‌ڕه‌قن.
گوێره‌كه‌ زێڕینه‌ له‌قاڵبدراوه‌كه‌ 
7
له‌ یادتان بێت و له‌بیری مه‌كه‌ن چۆن له‌ ده‌شتوده‌ر یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان تووڕه‌ كرد. له‌و ڕۆژه‌وه‌ی له‌ خاكی میسره‌وه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و هه‌تا هاتنه‌ ئه‌م شوێنه‌ ئێوه‌ له‌ یه‌زدان یاخین.
8
ته‌نانه‌ت له‌ حۆرێڤیش یه‌زدانتان تووڕه‌ كرد و جا یه‌زدان لێتان تووڕه‌ بوو هه‌تا ڕاده‌یه‌ك ئاماده‌ بوو له‌ناوتان ببات.
9
كاتێك بۆ كێوه‌كه‌ سه‌ركه‌وتم بۆ ئه‌وه‌ی دوو ته‌خته‌ به‌رده‌كه‌، دوو ته‌خته‌كه‌ی په‌یمان كه‌ یه‌زدان له‌گه‌ڵتانی به‌ست وه‌ربگرم، چل شه‌و و چل ڕۆژ له‌ كێوه‌دا مامه‌وه‌ و نانم نه‌خوارد و ئاوم نه‌خوارده‌وه‌.
10
یه‌زدانیش دوو ته‌خته‌ به‌رده‌كه‌ی پێدام كه‌ به‌ په‌نجه‌ی خودا نووسرا بوون و هه‌موو ئه‌و ڕاسپاردانه‌ی له‌سه‌ر بوو كه‌ یه‌زدان له‌ كێوه‌كه‌ له‌ناو ئاگره‌وه‌ له‌ ڕۆژی كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌گه‌ڵتاندا پێی دوا.
11
له‌ كۆتایی چل شه‌و و چل ڕۆژه‌كه‌، كاتێك یه‌زدان دوو ته‌خته‌ به‌رده‌كه‌، دوو ته‌خته‌كه‌ی په‌یمانی دامێ،
12
یه‌زدان پێی فه‌رمووم: «هه‌سته‌ به‌ خێرایی لێره‌ بڕۆ خواره‌وه‌، چونكه‌ گه‌له‌كه‌ت ئه‌وه‌ی تۆ له‌ میسره‌وه‌ ده‌رتهێنان گه‌نده‌ڵ بوون، به‌ زوویی له‌و ڕێگایه‌ لایاندا كه‌ فه‌رمانم پێكردن، بتێكی له‌قاڵبدراویان بۆ خۆیان دروستكرد.»
13
هه‌روه‌ها یه‌زدان پێی فه‌رمووم: «ئه‌م گه‌له‌م بینی، به‌ ڕاستی گه‌لێكی كه‌لله‌ڕه‌قن،
14
لێمگه‌ڕێ له‌ناویان ده‌به‌م و ناویان له‌ژێر ئاسمان ده‌سڕمه‌وه‌ و ده‌تكه‌مه‌ گه‌لێكی به‌هێزتر و زۆرتر له‌وان.»
15
منیش ڕووم وه‌رگێڕا و له‌ كێوه‌كه‌ هاتمه‌ خواره‌وه‌، كێوه‌كه‌ به‌ ئاگر گڕی گرتبوو، دوو ته‌خته‌كه‌ی په‌یمانیشم به‌ده‌سته‌وه‌ بوو.
16
جا ڕوانیم ئێوه‌ سه‌باره‌ت به‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان گوناهتان كردبوو، بتێكی داڕێژراوتان[a] له‌ شێوه‌ی گوێره‌كه‌یه‌ك بۆ خۆتان دروستكردبوو، به‌ زوویی له‌و ڕێگایه‌ لاتان دابوو كه‌ یه‌زدان فه‌رمانی پێ كردبوون.
17
منیش دوو ته‌خته‌كه‌م گرت و له‌ ده‌ستم فڕێمدان و له‌به‌رچاوتان شكاندم.
18
پاشان وه‌ك یه‌كه‌م جار چل شه‌و و چل ڕۆژ له‌به‌رده‌م یه‌زدان كه‌وتم و نانم نه‌خوارد و ئاوم نه‌خوارده‌وه‌ له‌به‌ر هه‌موو ئه‌و گوناهانه‌ی ئه‌نجامتان داوه‌، به‌وه‌ی له‌به‌رده‌م یه‌زدان خراپه‌تان كرد و په‌ستتان كرد.
19
له‌و تووڕه‌یی و جۆشانه‌ ترسام كه‌ یه‌زدان لێتان په‌ست ببوو به‌ ڕاده‌یه‌ك كه‌ ئاماده‌ بوو له‌ناوتان ببات، به‌ڵام یه‌زدان ئه‌و جاره‌ش گوێی لێ گرتم.
20
یه‌زدان له‌ هارونیش زۆر تووڕه‌ بوو هه‌تا له‌ناوی ببات، جا له‌و كاته‌دا له‌ پێناوی هارونیش نزام كرد.
21
هه‌روه‌ها گوناهه‌كه‌تان، واته‌ ئه‌و گوێره‌كه‌یه‌ی كه‌ دروستتان كردبوو، من بردم و سووتاندم و كوتام و باش هاڕیم هه‌تا وه‌ك تۆز نه‌رم بوو، ئینجا تۆزه‌كه‌یم هه‌ڵدایه‌ ناو ئه‌و جۆگه‌یه‌ی له‌ كێوه‌كه‌وه‌ دێته‌ خواره‌وه‌.
22
هه‌روه‌ها له‌ ته‌بعیره‌ و مه‌سا و قیبرۆت هه‌ته‌ڤا یه‌زدانتان تووڕه‌ كرد.
23
كاتێكیش یه‌زدان له‌ قادێش به‌رنێعه‌وه‌ ئێوه‌ی نارد، فه‌رمووی: «سه‌ربكه‌ون و ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌دا بگرن كه‌ پێم داون.» به‌ڵام ئێوه‌ له‌ فه‌رمانی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان یاخی بوون و بڕواتان پێی نه‌كرد و گوێڕایه‌ڵی ئه‌و نه‌بوون،
24
له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ئێوه‌م ناسیوه‌، ئێوه‌ له‌ دژی یه‌زدان یاخین.
25
ئه‌و چل شه‌و و چل ڕۆژه‌ له‌به‌رده‌م یه‌زدان كه‌وتم، چونكه‌ یه‌زدان فه‌رمووبووی له‌ناوتان ده‌بات.
26
نوێژم بۆ یه‌زدان كرد و گوتم، «ئه‌ی یه‌زدانی باڵاده‌ست، گه‌له‌كه‌ت و میراته‌كه‌ت له‌ناو مه‌به‌ كه‌ به‌ توانای خۆت كڕیته‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ستێكی به‌هێز له‌ میسر ده‌رتهێنا.
27
خزمه‌تكاره‌كانت به‌بیر بێته‌وه‌، ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، ئاوڕ له‌ كه‌لله‌ڕه‌قی ئه‌م گه‌له‌ مه‌ده‌وه‌ یان له‌ به‌دكارییه‌كه‌یان یان له‌ گوناهه‌كه‌یان،
28
نه‌وه‌ك خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ی لێت ده‌رهێناین بڵێت: ”له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌زدان نه‌یتوانی بیانباته‌ ناو ئه‌و خاكه‌ی كه‌ به‌ڵێنی پێدابوون و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕقی لێیان بوو، ده‌ریهێنان هه‌تا له‌ چۆڵه‌وانیدا بیانمرێنێت.“
29
به‌ڵام ئه‌وان گه‌لی تۆن و میراتی تۆن كه‌ به‌ توانا مه‌زنه‌كه‌ت و ده‌سته‌ به‌هێزه‌كه‌ت ده‌رتهێنان.»
  1. a. 9‏:16 بڕوانه‌ \+xt ده‌رچوون 32‏\+xt*‏.