عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌بیر مه‌كه‌ن 
1
ئاگاداربن به‌ جێبه‌جێكردنی هه‌موو ئه‌و فه‌رمانانه‌ی من ئه‌مڕۆ فه‌رمانتان پێ ده‌كه‌م هه‌تا بژین و زۆر بن و ئه‌و خاكه‌ی یه‌زدان سوێندی خواردووه‌ بۆ باوباپیرانتان بچنه‌ ناوی و ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن.
2
هه‌موو ئه‌و ڕێگایانه‌شتان له‌ یاد بێت، كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌ ماوه‌ی ئه‌م چل ساڵه‌ له‌ چۆڵه‌وانیدا ئێوه‌ی پێدا برد هه‌تا بێفیزتان بكات و هه‌ڵتانبسه‌نگێنێت تاكو ئه‌وه‌ی له‌ناو دڵتانه‌ بیزانێت، ئاخۆ فه‌رمانه‌كانی په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن یان نا.
3
جا بێفیزی كردن و برسی كردن و مه‌نی ده‌رخوارد دان، كه‌ پێشتر نه‌تانده‌زانی و باوباپیرانتیشتان نه‌یانده‌زانی[a] هه‌تا فێرتان بكات كه‌ مرۆڤ ته‌نها به‌ نان ناژیێت، به‌ڵكو به‌ هه‌ر وشه‌یه‌ك كه‌ له‌ ده‌می یه‌زدانه‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌.
4
جله‌كانتان به‌به‌رتانه‌وه‌ كۆن نه‌بوون و پێتان نه‌ئاوسا له‌م چل ساڵه‌دا،
5
جا له‌ دڵتانه‌وه‌ بزانن وه‌ك چۆن مرۆڤ كوڕه‌كه‌ی ته‌مبێ ده‌كات، ئاوا یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ته‌مبێی كردن.
6
فه‌رمانه‌كانی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاریشتان په‌یڕه‌و بكه‌ن هه‌تا ڕێگاكانی بگرنه‌به‌ر و لێی بترسن،
7
چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ده‌تانهێنێته‌ خاكێكی باش، خاكی جۆگه‌كان و گۆماوه‌كان و سه‌رچاوه‌ی كانیاوه‌كان له‌ناو دۆڵ و چیاكان،
8
خاكی گه‌نم و جۆ و مێو و هه‌نجیر و هه‌نار، خاكی زه‌یتی زه‌یتوون و هه‌نگوین.
9
خاكێكه‌ نانی كه‌می تێدا ناخۆن و تێیدا پێویستیتان به‌ هیچ شتێك نابێت، خاكێك به‌رده‌كانی ئاسنه‌ و له‌ چیاكانی مس هه‌ڵده‌كۆڵن.
10
جا كاتێك خواردتان و تێر بوون، ستایشی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ده‌كه‌ن له‌به‌ر ئه‌و خاكه‌ باشه‌ی پێیدان.
11
ئاگاداربن نه‌وه‌ك یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌بیر بكه‌ن و فه‌رمان و یاسا و فه‌رزه‌كانی به‌جێنه‌هێنن، ئه‌وه‌ی من ئه‌مڕۆ فه‌رمانتان پێده‌ده‌م،
12
نه‌وه‌ك كاتێك خواردتان و تێر بوون و خانووی خۆشتان دروستكرد و نیشته‌جێ بوون و
13
مانگا و مه‌ڕتان زیادی كرد و زێڕ و زیوتان بۆ زیاد بوو، هه‌موو ئه‌وه‌ی هه‌تانه‌ زیاد بوو،
14
لووتتان به‌رز بێت و یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌بیر بچێت كه‌ له‌ خاكی میسر له‌ ماڵی كۆیله‌یی ده‌ریهێنان.
15
ئه‌وه‌ی به‌ چۆڵه‌وانی مه‌زن و ترسناكدا ئێوه‌ی برد، شوێنی ماری ژه‌هراوی و دووپشك و خاكی تینووێتی و بێ ئاو، ئه‌وه‌ی له‌ به‌رده‌ئه‌ستێ ئاوی بۆ ده‌رهێنان.
16
ئه‌وه‌ی له‌ چۆڵه‌وانی مه‌نی ده‌رخوارد دان كه‌ باوباپیرانتان نه‌یانده‌زانی، هه‌تا بێفیزتان بكات و هه‌ڵتانبسه‌نگێنێت تاكو ئه‌وه‌ی له‌ناو دڵتانه‌ بیزانێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كۆتاییدا چاكه‌تان له‌گه‌ڵدا بكات.
17
هه‌روه‌ها نه‌وه‌ك له‌ دڵی خۆتاندا بڵێن، «هێزی خۆمان و توانای ده‌ستمان ئه‌م سامانه‌ی بۆ دروستكردین،»
18
به‌ڵكو یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌ یاد بێت، ئه‌و هێزتان ده‌داتێ بۆ سامان دروستكردن، هه‌تا ئه‌و په‌یمانه‌ی خۆی به‌جێبگه‌یه‌نێت كه‌ سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد وه‌ك ئه‌مڕۆ.
19
ئه‌گه‌ر یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌بیر كرد و به‌دوای خوداوه‌ندانی دیكه‌ كه‌وتن و په‌رستتان و كڕنۆشتان بۆ بردن، ئه‌وا ئه‌مڕۆ شایه‌تیتان له‌سه‌ر ده‌ده‌م كه‌ بێگومان له‌ناوده‌چن،
20
وه‌ك ئه‌و گه‌لانه‌ی یه‌زدان له‌به‌رده‌متان له‌ناویان ده‌بات، ئێوه‌ش له‌ناو ده‌بردرێن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێوه‌ گوێڕایه‌ڵی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان نه‌بوون.
  1. a. 8‏:3 مه‌نی: ناوی ئه‌و نانه‌یه‌ كه‌ دیاری خودا بوو و وه‌ك تۆوی گژنیژ سپی بوو و تامیشی وه‌ك ناسكه‌ نانی (ناوه‌شكێنه‌) به‌ هه‌نگوین بوو. به‌ زمانی عیبری \+tl مه‌ن\+tl* واته‌ «ئه‌مه‌ چییه‌؟» بڕوانه‌ \+xt ده‌رچوون 16‏:14‏-31.‏\+xt*‏