عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ده‌ركردنی نه‌ته‌وه‌كان 
1
كاتێك یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ئێوه‌ی هێنایه‌ ئه‌و خاكه‌ی كه‌ ده‌چنه‌ ناوی هه‌تا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن و گه‌لانی زۆری له‌به‌رده‌متان ده‌ركرد، حیتی و گرگاشی و ئه‌موری و كه‌نعانی و پریزی و حیڤی و یه‌بوسییه‌كان، حه‌وت گه‌لی له‌ خۆتان مه‌زنتر و به‌هێزتر،
2
كاتێك یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ئه‌وانی دایه‌ ده‌ستتان و ئێوه‌ش لێتان دان، به‌ ته‌واوی قڕیان ده‌كه‌ن[a] ، په‌یمانیان له‌گه‌ڵ نابه‌ستن و به‌زه‌ییتان پێیان نایه‌ته‌وه‌.
3
ژن و ژنخوازییان له‌گه‌ڵ ناكه‌ن، كچتان مه‌ده‌نه‌ كوڕیان و كچیان بۆ كوڕتان مه‌هێنن،
4
چونكه‌ كوڕه‌كانتان له‌ من هه‌ڵده‌گێڕنه‌وه‌ و خودای دیكه‌ ده‌په‌رستن، جا تووڕه‌یی یه‌زدان لێتان ده‌جۆشێت و خێرا له‌ناوتان ده‌بات.
5
به‌ڵام ده‌بێت ئاوایان پێ بكه‌ن، قوربانگاكانیان بڕووخێنن و به‌رده‌ ته‌رخانكراوه‌كانیان[b] بشكێنن و ستوونه‌ ئه‌شێراكانیان[c] ببڕنه‌وه‌ و بته‌كانیان به‌ ئاگر بسووتێنن،
6
چونكه‌ ئێوه‌ گه‌لێكی پیرۆزن بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان. له‌نێو هه‌موو گه‌لانی سه‌ر ڕووی زه‌وی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ئێوه‌ی هه‌ڵبژارد تاكو بۆی ببن به‌ گه‌لی ئه‌و، ببنه‌ گه‌نجینه‌یه‌كی تایبه‌ت.
7
یه‌زدان دڵی پێتانه‌وه‌ به‌ند بوو و هه‌ڵیبژاردن، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو گه‌لان زۆرترن له‌ ڕاستیدا ئێوه‌ له‌ هه‌موو گه‌لان كه‌مترن.
8
به‌ڵام له‌ خۆشه‌ویستی یه‌زدان بوو بۆتان و پاراستنی ئه‌و سوێنده‌ی بۆ باوباپیرانی ئێوه‌ی خوارد، یه‌زدان به‌ ده‌ستێكی به‌هێز ده‌ریهێنان و ئێوه‌ی له‌ خاكی كۆیلایه‌تی كڕییه‌وه‌، له‌ ده‌ستی فیرعه‌ونی پاشای میسر.
9
جا بزانن كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان خۆی خودایه‌، خودای وه‌فادارییه‌، ئه‌وه‌ی په‌یمانی خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی هه‌تا هه‌زار نه‌وه‌ ده‌باته‌سه‌ر، بۆ ئه‌وانه‌ی خۆشیان ده‌وێت و فه‌رمانه‌كانی ده‌پارێزن.
10
به‌ڵام سزای ئه‌وانه‌ ده‌دات كه‌ ڕقیان لێی ده‌بێته‌وه‌ و ده‌ستبه‌جێ له‌ناویان ده‌بات،
ئه‌وه‌ی ڕقی لێی بێته‌وه‌ له‌سه‌ری ناوه‌ستێت و تۆڵه‌ی لێ ده‌كاته‌وه‌.
11
جا فه‌رمان و فه‌رز و یاساكان به‌جێبهێنن كه‌ من ئه‌مڕۆ فه‌رمانتان پێده‌ده‌م بۆ ئه‌وه‌ی جێبه‌جێی بكه‌ن.
12
ئه‌گه‌ر ئێوه‌ گوێ له‌و یاسایانه‌ بگرن و بیپارێزن و جێبه‌جێ بكه‌ن، ئه‌وا یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان په‌یمانی خۆشه‌ویستییه‌كه‌ی بۆ ئێوه‌ ده‌باته‌سه‌ر، وه‌ك چۆن سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد.
13
ئێوه‌ی خۆشده‌وێت، به‌ره‌كه‌تدارتان ده‌كات و زۆرتان ده‌كات و به‌روبوومی سكتان و به‌روبوومی زه‌وییه‌كه‌تان، دانه‌وێڵه‌ و شه‌رابی نوێ و زه‌یتتان، به‌روبوومی گوێره‌كه‌ی گاگه‌له‌كه‌تان و مه‌ڕ و بزنه‌كانتان به‌ره‌كه‌تدار ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییه‌ی كه‌ سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد كه‌ به‌ ئێوه‌ی ده‌دات.
14
ئێوه‌ به‌ره‌كه‌تدار ده‌بن له‌ سه‌رووی هه‌موو گه‌لان، وه‌جاخكوێر و نه‌زۆك نه‌ له‌ ئێوه‌ و نه‌ له‌ناو ئاژه‌ڵه‌ ماڵییه‌كانتاندا نابێت،
15
یه‌زدان هه‌موو نه‌خۆشییه‌كتان لێ دوور ده‌خاته‌وه‌ و هه‌موو ده‌رده‌ خراپه‌كانی میسر كه‌ ئێوه‌ زانیتان نایخاته‌ سه‌رتان، به‌ڵكو ده‌یخاته‌ سه‌ر هه‌موو ناحه‌زانتان،
16
هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ش له‌ناوده‌به‌ن كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ده‌یانداته‌ ده‌ستتان، به‌زه‌ییتان پێیان نایه‌ته‌وه‌ و خوداوه‌نده‌كه‌یان ناپه‌رستن، چونكه‌ ئه‌وه‌ ته‌ڵه‌یه‌ بۆ ئێوه‌.
17
ئه‌گه‌ر له‌ دڵی خۆتاندا گوتتان، «ئه‌و گه‌لانه‌ له‌ ئێمه‌ به‌هێزترن، چۆن ده‌توانین ده‌ریانبكه‌ین؟»
18
لێیان مه‌ترسن، ئه‌وه‌تان به‌بیر بێته‌وه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان چی به‌ فیرعه‌ون و به‌ هه‌موو میسرییه‌كان كرد،
19
ئه‌و ئه‌زموونه‌ مه‌زنانه‌ی چاوه‌كانتان بینییان و ئه‌و نیشانه‌ و په‌رجووانه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌سته‌ پۆڵایین و بازووه‌ به‌هێزه‌ی كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ئێوه‌ی پێ ده‌رهێنا. یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ئاوا له‌ هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ ده‌كات كه‌ ئێوه‌ لێیان ده‌ترسن.
20
هه‌روه‌ها یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان زه‌رده‌واڵه‌ ده‌نێرێته‌ سه‌ر ئه‌و گه‌لانه‌ تاوه‌كو ته‌نانه‌ت ئه‌و به‌جێماوانه‌ش له‌ناو ببات كه‌ خۆیان له‌ ئێوه‌ شاردووه‌ته‌وه‌.
21
لێیان مه‌ترسن، چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌نێوتانه‌ و خودایه‌كی مه‌زن و سامناكه‌.
22
به‌ڵام یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان كه‌مه‌ كه‌مه‌ ئه‌و گه‌لانه‌ له‌به‌رده‌متان ده‌رده‌كات، ناتوانن ده‌ستبه‌جێ له‌ناویان ببه‌ن نه‌وه‌ك دڕنده‌ی كێویتان به‌سه‌ره‌وه‌ زۆر بێت.
23
به‌ڵام یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ده‌یانداته‌ ده‌ست و سه‌رلێشێوانێكی مه‌زنیان ده‌كه‌وێته‌ ناو، هه‌تا له‌ناوده‌چن.
24
پاشاكانیشیان ده‌خاته‌ ناو ده‌ستتان، جا له‌ژێر ئاسمان ناویان ده‌سڕنه‌وه‌، كه‌س نابێت بتوانێت له‌ دژتان بوه‌ستێت هه‌تا له‌ناویان ده‌به‌ن.
25
وێنه‌ی خوداوه‌نده‌كانیان به‌ ئاگر ده‌سووتێنن، چاو مه‌بڕنه‌ ئه‌و زێڕ و زیوه‌ی كه‌ له‌سه‌ریانه‌ هه‌تا بۆ خۆتانی ببه‌ن، نه‌وه‌ك پێی بكه‌ونه‌ داوه‌وه‌، چونكه‌ له‌لای یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان قێزه‌ونه‌.
26
هیچ قێزه‌ونێكیش مه‌هێننه‌ ناو ماڵه‌كانتانه‌وه‌ نه‌وه‌ك ئێوه‌ش وه‌ك ئه‌و بۆ قڕكردن ته‌رخان بكرێن، به‌ڵكو وه‌كو شتێكی قێزه‌ون ته‌ماشای بكه‌ن و ڕقتان لێ ببێته‌وه‌، چونكه‌ بۆ قڕكردن ته‌رخان كراوه‌[d] .
  1. a. 7‏:2 به‌ ته‌واوی قڕیان ده‌كه‌ن: له‌ زمانی عیبری ئه‌م زاراوه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شتێك یان كه‌سێك كه‌ ده‌به‌خشرێت به‌ یه‌زدان، زۆر جار به‌خشینه‌كه‌ به‌ ته‌واوی له‌ ناوده‌بردرێت.
  2. b. 7‏:5 به‌ردی به‌ ستوونی دانراو بۆ په‌رستن. بڕوانه‌ دواوتار 16‏:21‏-22.
  3. c. 7‏:5 ستوونه‌ ئه‌شێرا: هێمای خواژنه‌. بڕوانه‌ \+xt یه‌كه‌م پاشایان 11‏:5‏\+xt*‏.
  4. d. 7‏:26 له‌ زمانی عیبری ئه‌م زاراوه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شتێك یان كه‌سێك كه‌ ده‌به‌خشرێت به‌ یه‌زدان، زۆر جار به‌خشینه‌كه‌ به‌ ته‌واوی له‌ ناوده‌بردرێت.