عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دانیال لەناو چاڵی شێرەکان 
1
داریوش پێی باش بوو سەد و بیست میر بەسەر پاشایەتییەکەوە دابنێت، بەسەر هەموو پاشایەتییەکەوە بن.
2
لە سەرووی ئەوانیشەوە سێ وەزیر، یەکێکیان دانیال بوو، بۆ ئەوەی میرەکان هەژماردەکان بخەنە بەردەمیان تاکو پاشا زیانی پێ نەگات.
3
ئەوە بوو دانیال لە هەموو وەزیر و میرەکان پێشکەوتووتر بوو، چونکە توانایەکی نائاسایی هەبوو، پاشاش پلانی هەبوو کە لەسەر هەموو پاشایەتییەکە دایبنێت.
4
لەبەر ئەوە وەزیر و میرەکان هەوڵیان دا هۆیەک ببیننەوە بۆ سکاڵاکردن لە دژی دانیال سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کاروباری پاشایەتییەکە، بەڵام نەیانتوانی هیچ گەندەڵییەک لە دانیال ببیننەوە، چونکە دەستپاک بوو و گەندەڵی و کەمتەرخەمی تێدا نەبوو.
5
ئینجا ئەو پیاوانە گوتیان: «هیچ هەڵەیەک لەم دانیالەدا نابینینەوە، تەنها ئەگەر لەبارەی شەریعەتی[a] خوداکەیەوە نەبێت.»
6
جا ئەو وەزیر و میرانە لەلای پاشا کۆبوونەوە و پێیان گوت: «ئەی داریوش پاشا، هەتاهەتایە هەر بژی!
7
هەموو وەزیرەکانی پاشایەتییەکە و فەرمانڕەوا و میر و ڕاوێژکار و پارێزگارەکان ڕاوێژیان کرد وابکەن پاشا فەرمانێک دەربکات و بڕیارەکە جێبەجێ بکات کە هەرکەسێک بۆ ماوەی سی ڕۆژ هەر داوایەک لە خوداوەندێک یان مرۆڤێک بکات، جگە لە تۆ، ئەی پاشا، با فڕێبدرێتە ناو چاڵی شێرەکان.
8
ئێستاش ئەی پاشا فەرمانەکە دەربکە و ئیمزای لەسەر بکە، بۆ ئەوەی هەروەک یاساکانی ماد و فارس نەگۆڕ بێت کە پووچەڵ نابێتەوە.»
9
ئیتر داریوشی پاشا فەرمانەکەی نووسی و ئیمزای کرد.
10
کە دانیال بە ئیمزاکردنی فەرمانەکەی زانی، گەڕایەوە ماڵەوە، چووە ژوورەکەی سەرەوە کە پەنجەرەکەی ڕووەو ئۆرشەلیم دەکرایەوە. سێ جار لە ڕۆژێکدا چووە سەر چۆک و لەبەردەم خوداکەی نوێژی کرد و سوپاسی کرد، هەروەک پێش ئەوە دەیکرد.
11
ئینجا ئەو پیاوانە پێکەوە کۆبوونەوە، بینییان دانیال لەبەردەم خوداکەیدا نوێژ دەکات و دەپاڕێتەوە.
12
دەستبەجێ چوونە لای پاشا و سەبارەت بە فەرمانە پاشایەتییەکەی قسەیان کرد: «ئەی پاشا، ئایا تۆ فەرمانێکت ئیمزا نەکرد کە هەرکەسێک بۆ ماوەی سی ڕۆژ لە هەر خوداوەندێک یان مرۆڤێک داوایەک بکات جگە لە تۆ ئەی پاشا، فڕێدەدرێتە ناو چاڵی شێرەکانەوە؟»
پاشا گوتی: «فەرمانەکە ڕاستە و هەروەک یاساکانی ماد و فارس وایە کە پووچەڵ نابێتەوە.»
13
ئەوانیش وەڵامیان دایەوە و لەبەردەم پاشا گوتیان: «ئەو دانیالەی لە نەوە ڕاپێچکراوەکانی یەهودایە، ئەی پاشا، هیچ گوێی نە بە تۆ و نە بەو فەرمانەی کە ئیمزات کردووە نەداوە، بەڵکو ڕۆژانە سێ جار نوێژ دەکات.»
14
کە پاشا گوێی لەم قسەیە بوو زۆر دڵتەنگ بوو، مکوڕ بوو لەسەر ئەوەی دانیال دەرباز بکات و هەتا خۆر ئاوابوون هەوڵی دا ڕزگاری بکات.
15
بەڵام ئەو پیاوانە لەلای پاشا کۆبوونەوە و بە پاشایان گوت: «ئەی پاشا، لە یادت نەچێت کە یاساکانی ماد و فارس ئەوەیە کە هەر فەرمان و بڕیارێک پاشا دەریبکات، ناگۆڕدرێت.»
16
ئینجا پاشا فەرمانی دا، دانیالیان هێنا و فڕێیان دایە ناو چاڵی شێرەکان. پاشا بە دانیالی گوت: «با خوداکەت کە تۆ بە بەردەوامی خزمەتی دەکەیت، ئەو ڕزگارت بکات.»
17
بەردێک هێنرا و لەسەر دەمی چاڵەکە دانرا، پاشا بە مۆری خۆی و مۆری گەورە پیاوانی مۆری کرد، بۆ ئەوەی کەس هەوڵ نەدات دانیال ڕزگار بکات.
18
ئیتر پاشا گەڕایەوە کۆشکەکەی و بەبێ خواردن و ڕابواردن شەوی بەسەربرد و خەوی لێ زڕا.
19
بەیانی زوو پاشا هەستا و بە پەلە چووە لای چاڵی شێرەکان.
20
کاتێک لە چاڵەکە نزیک بووەوە، بە دەنگێکی پڕ لە ئازارەوە بانگی دانیالی کرد و گوتی: «ئەی دانیال، بەندەی خودای زیندوو! ئایا ئەو خودایەی بەردەوام دەیپەرستیت توانی لە شێرەکان ڕزگارت بکات؟»
21
دانیالیش وەڵامی دایەوە: «ئەی پاشا، هەتاهەتایە هەر بژی!
22
خوداکەم فریشتەکەی خۆی نارد و دەمی شێرەکانی داخست، هیچ زیانیان پێ نەگەیاندم، چونکە لەبەردەم ئەو بێتاوان بووم. ئەی پاشا، لەبەردەم تۆشدا هیچ تاوانێکم نەکردووە.»
23
پاشا دڵی خۆش بوو، فەرمانی دا دانیال لە چاڵەکە سەربخەن. دانیال لە چاڵەکەوە سەرخرا و هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتبوو، چونکە پشتی بە خودای خۆی بەست.
24
ئینجا پاشا فەرمانی دا، ئەو پیاوانەیان هێنا کە سکاڵایان لە دانیال کرد و فڕێیان دانە ناو چاڵی شێرەکان، خۆیان و ژن و منداڵەکانیان. هێشتا نەگەیشتبوونە بن چاڵەکە، شێرەکان پەلاماریان دان و هەموو ئێسکەکانیان تێکشکاندن.
25
دوای ئەوە داریوشی پاشا ئەمەی بۆ هەموو گەل و نەتەوە و خەڵکی هەموو زمانەکان نووسی کە لە هەموو زەویدا نیشتەجێن:
هەر سەرکەوتوو بن!
26
لە منەوە فەرمان دەرچووە بەوەی کە لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی مندا، دەبێت خەڵک لە خودای دانیال بترسن و ڕێزی لێ بگرن.
لەبەر ئەوەی ئەو خودای زیندووە و
بۆ هەتاهەتایە دەمێنێت،
پاشایەتییەکەی لەناو ناچێت و
دەسەڵاتی بێ کۆتاییە.
27
ئەو ڕزگار دەکات و دەرباز دەکات،
نیشانە و کاری سەرسوڕهێنەر دەکات
لە ئاسمان و لەسەر زەوی.
ئەو دانیالی لە چنگی شێرەکان
ڕزگار کرد.
28
ئیتر دانیال لە پاشایەتی داریوش و لە پاشایەتی کۆرشی فارسی سەرکەوتوو بوو.
  1. a. 6‏:5 مەبەستی لە شەریعەتی موسایە.‏