عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دانیال له‌ناو چاڵی شێره‌كان 
1
داریوش پێی باش بوو سه‌د و بیست میر به‌سه‌ر پاشایه‌تییه‌كه‌وه‌ دابنێت، به‌سه‌ر هه‌موو پاشایه‌تییه‌كه‌وه‌ بن.
2
له‌ سه‌رووی ئه‌وانیشه‌وه‌ سێ وه‌زیر، یه‌كێكیان دانیال بوو، بۆ ئه‌وه‌ی میره‌كان هه‌ژمارده‌كان بخه‌نه‌ به‌رده‌میان تاكو پاشا زیانی پێ نه‌گات.
3
ئه‌وه‌ بوو دانیال له‌ هه‌موو وه‌زیر و میره‌كان پێشكه‌وتووتر بوو، چونكه‌ توانایه‌كی نائاسایی هه‌بوو، پاشاش پلانی هه‌بوو كه‌ له‌سه‌ر هه‌موو پاشایه‌تییه‌كه‌ دایبنێت.
4
له‌به‌ر ئه‌وه‌ وه‌زیر و میره‌كان هه‌وڵیان دا هۆیه‌ك ببیننه‌وه‌ بۆ سكاڵاكردن له‌ دژی دانیال سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری پاشایه‌تییه‌كه‌، به‌ڵام نه‌یانتوانی هیچ گه‌نده‌ڵییه‌ك له‌ دانیال ببیننه‌وه‌، چونكه‌ ده‌ستپاك بوو و گه‌نده‌ڵی و كه‌مته‌رخه‌می تێدا نه‌بوو.
5
ئینجا ئه‌و پیاوانه‌ گوتیان: «هیچ هه‌ڵه‌یه‌ك له‌م دانیاله‌دا نابینینه‌وه‌، ته‌نها ئه‌گه‌ر له‌باره‌ی شه‌ریعه‌تی[a] خوداكه‌یه‌وه‌ نه‌بێت.»
6
جا ئه‌و وه‌زیر و میرانه‌ له‌لای پاشا كۆبوونه‌وه‌ و پێیان گوت: «ئه‌ی داریوش پاشا، هه‌تاهه‌تایه‌ هه‌ر بژی!
7
هه‌موو وه‌زیره‌كانی پاشایه‌تییه‌كه‌ و فه‌رمانڕه‌وا و میر و ڕاوێژكار و پارێزگاره‌كان ڕاوێژیان كرد وابكه‌ن پاشا فه‌رمانێك ده‌ربكات و بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێ بكات كه‌ هه‌ركه‌سێك بۆ ماوه‌ی سی ڕۆژ هه‌ر داوایه‌ك له‌ خوداوه‌ندێك یان مرۆڤێك بكات، جگه‌ له‌ تۆ، ئه‌ی پاشا، با فڕێبدرێته‌ ناو چاڵی شێره‌كان.
8
ئێستاش ئه‌ی پاشا فه‌رمانه‌كه‌ ده‌ربكه‌ و ئیمزای له‌سه‌ر بكه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌روه‌ك یاساكانی ماد و فارس نه‌گۆڕ بێت كه‌ پووچه‌ڵ نابێته‌وه‌.»
9
ئیتر داریوشی پاشا فه‌رمانه‌كه‌ی نووسی و ئیمزای كرد.
10
كه‌ دانیال به‌ ئیمزاكردنی فه‌رمانه‌كه‌ی زانی، گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، چووه‌ ژووره‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌ په‌نجه‌ره‌كه‌ی ڕووه‌و ئۆرشه‌لیم ده‌كرایه‌وه‌. سێ جار له‌ ڕۆژێكدا چووه‌ سه‌ر چۆك و له‌به‌رده‌م خوداكه‌ی نوێژی كرد و سوپاسی كرد، هه‌روه‌ك پێش ئه‌وه‌ ده‌یكرد.
11
ئینجا ئه‌و پیاوانه‌ پێكه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌، بینییان دانیال له‌به‌رده‌م خوداكه‌یدا نوێژ ده‌كات و ده‌پاڕێته‌وه‌.
12
ده‌ستبه‌جێ چوونه‌ لای پاشا و سه‌باره‌ت به‌ فه‌رمانه‌ پاشایه‌تییه‌كه‌ی قسه‌یان كرد: «ئه‌ی پاشا، ئایا تۆ فه‌رمانێكت ئیمزا نه‌كرد كه‌ هه‌ركه‌سێك بۆ ماوه‌ی سی ڕۆژ له‌ هه‌ر خوداوه‌ندێك یان مرۆڤێك داوایه‌ك بكات جگه‌ له‌ تۆ ئه‌ی پاشا، فڕێده‌درێته‌ ناو چاڵی شێره‌كانه‌وه‌؟»
پاشا گوتی: «فه‌رمانه‌كه‌ ڕاسته‌ و هه‌روه‌ك یاساكانی ماد و فارس وایه‌ كه‌ پووچ نابێته‌وه‌.»
13
ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و له‌به‌رده‌م پاشا گوتیان: «ئه‌و دانیاله‌ی له‌ نه‌وه‌ ڕاپێچكراوه‌كانی یه‌هودایه‌، ئه‌ی پاشا، هیچ گوێی نه‌ به‌ تۆ و نه‌ به‌و فه‌رمانه‌ی كه‌ ئیمزات كردووه‌ نه‌داوه‌، به‌ڵكو ڕۆژانه‌ سێ جار نوێژ ده‌كات.»
14
كه‌ پاشا گوێی له‌م قسه‌یه‌ بوو زۆر دڵته‌نگ بوو، مكوڕ بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دانیال ده‌رباز بكات و هه‌تا خۆر ئاوابوون هه‌وڵی دا ڕزگاری بكات.
15
به‌ڵام ئه‌و پیاوانه‌ له‌لای پاشا كۆبوونه‌وه‌ و به‌ پاشایان گوت: «ئه‌ی پاشا، له‌ یادت نه‌چێت كه‌ یاساكانی ماد و فارس ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر فه‌رمان و بڕیارێك پاشا ده‌ریبكات، ناگۆڕدرێت.»
16
ئینجا پاشا فه‌رمانی دا، دانیالیان هێنا و فڕێیان دایه‌ ناو چاڵی شێره‌كان. پاشا به‌ دانیالی گوت: «با خوداكه‌ت كه‌ تۆ به‌ به‌رده‌وامی خزمه‌تی ده‌كه‌یت، ئه‌و ڕزگارت بكات.»
17
به‌ردێك هێنرا و له‌سه‌ر ده‌می چاڵه‌كه‌ دانرا، پاشا به‌ مۆری خۆی و مۆری گه‌وره‌ پیاوانی مۆری كرد، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س هه‌وڵ نه‌دات دانیال ڕزگار بكات.
18
ئیتر پاشا گه‌ڕایه‌وه‌ كۆشكه‌كه‌ی و به‌بێ خواردن و ڕابواردن شه‌وی به‌سه‌ربرد و خه‌وی لێ زڕا.
19
به‌یانی زوو پاشا هه‌ستا و به‌ په‌له‌ چووه‌ لای چاڵی شێره‌كان.
20
كاتێك له‌ چاڵه‌كه‌ نزیك بووه‌وه‌، به‌ ده‌نگێكی پڕ له‌ ئازاره‌وه‌ بانگی دانیالی كرد و گوتی: «ئه‌ی دانیال، به‌نده‌ی خودای زیندوو! ئایا ئه‌و خودایه‌ی به‌رده‌وام ده‌یپه‌رستیت توانی له‌ شێره‌كان ڕزگارت بكات؟»
21
دانیالیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «ئه‌ی پاشا، هه‌تاهه‌تایه‌ هه‌ر بژی!
22
خوداكه‌م فریشته‌كه‌ی خۆی نارد و ده‌می شێره‌كانی داخست، هیچ زیانیان پێ نه‌گه‌یاندم، چونكه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌و بێتاوان بووم. ئه‌ی پاشا، له‌به‌رده‌م تۆشدا هیچ تاوانێكم نه‌كردووه‌.»
23
پاشا دڵی خۆش بوو، فه‌رمانی دا دانیال له‌ چاڵه‌كه‌ سه‌ربخه‌ن. دانیال له‌ چاڵه‌كه‌وه‌ سه‌رخرا و هیچ زیانێكی پێ نه‌گه‌یشتبوو، چونكه‌ پشتی به‌ خودای خۆی به‌ست.
24
ئینجا پاشا فه‌رمانی دا، ئه‌و پیاوانه‌یان هێنا كه‌ سكاڵایان له‌ دانیال كرد و فڕێیان دانه‌ ناو چاڵی شێره‌كان، خۆیان و ژن و منداڵه‌كانیان. هێشتا نه‌گه‌یشتبوونه‌ بن چاڵه‌كه‌، شێره‌كان په‌لاماریان دان و هه‌موو ئێسكه‌كانیان تێكشكاندن.
25
دوای ئه‌وه‌ داریوشی پاشا ئه‌مه‌ی بۆ هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵكی هه‌موو زمانه‌كان نووسی كه‌ له‌ هه‌موو زه‌ویدا نیشته‌جێن:
هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن!
26
له‌ منه‌وه‌ فه‌رمان ده‌رچووه‌ به‌وه‌ی كه‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی مندا، خه‌ڵك له‌ خودای دانیال ده‌ترسن و ڕێزی لێ ده‌گرن.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و خودای زیندووه‌ و
بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ده‌مێنێت،
پاشایه‌تییه‌كه‌ی له‌ناو ناچێت و
ده‌سه‌ڵاتی بێ كۆتاییه‌.
27
ئه‌و ڕزگار ده‌كات و ده‌رباز ده‌كات،
نیشانه‌ و كاری سه‌رسوڕهێنه‌ر ده‌كات
له‌ ئاسمان و له‌سه‌ر زه‌وی.
ئه‌و دانیالی له‌ چنگی شێره‌كان
ڕزگار كرد.
28
ئیتر دانیال له‌ پاشایه‌تی داریوش و له‌ پاشایه‌تی كۆرشی فارسی سه‌ركه‌وتوو بوو.
  1. a. 6‏:5 مه‌به‌ستی له‌ شه‌ریعه‌تی موسایه‌.