عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ده‌مه‌وێ بزانن چ خه‌باتێك ده‌كه‌م بۆ ئێوه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌ شاری لاودیكییان و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕووبه‌ڕوو منیان نه‌بینیوه‌،
2
تاكو وره‌یان به‌رزبێته‌وه‌ و له‌ خۆشه‌ویستیدا یه‌كبگرن بۆ ئه‌وپه‌ڕی ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌ تێگه‌یشتنی ته‌واو، تاكو نهێنی خودا بناسین، واته‌ مه‌سیح،
3
له‌ ئه‌ودا هه‌موو گه‌نجینه‌ی دانایی و زانیاری شاردراوه‌ته‌وه‌.
4
ئه‌مه‌ ده‌ڵێم تاكو كه‌س به‌ قسه‌ی لووس چه‌واشه‌تان نه‌كات.
5
هه‌رچه‌نده‌ به‌ جه‌سته‌ له‌لاتان نیم، به‌ڵام به‌ ڕۆح له‌گه‌ڵتانم، دڵشادم كاتێك ڕێكی و چه‌سپاوی باوه‌ڕتان به‌ مه‌سیح ده‌بینم.
ته‌واوه‌تی مه‌سیح 
6
ئیتر هه‌روه‌ك چۆن عیسای مه‌سیحتان به‌ گه‌وره‌ی خۆتان وه‌رگرتووه‌، به‌ یه‌كبوون له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رده‌وام بن له‌ ژیان،
7
له‌ ئه‌ودا ڕه‌گ دابكوتن و خۆتان بنیاد بنێن. وه‌ك فێربوون چه‌سپاو بن له‌ باوه‌ڕدا، هه‌روه‌ها با دڵتان پڕ له‌ سوپاسگوزاری بێت.
8
ئاگاداربن كه‌س به‌ فه‌لسه‌فه‌ی پووچ و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر دیلتان نه‌كات، كه‌ پشت به‌ نه‌ریتی خه‌ڵك و بنه‌ما بنه‌ڕه‌تییه‌كانی جیهان ده‌به‌ستێت، نه‌ك به‌ مه‌سیح.
9
خودا به‌ هه‌موو پڕی خۆی له‌ جه‌سته‌ی مه‌سیح نیشته‌جێ بووه‌،
10
ئێوه‌ش به‌ یه‌كبوون له‌گه‌ڵ مه‌سیحدا پڕ بوون له‌ خودا. مه‌سیح سه‌ری هه‌موو سه‌رۆكایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتێكه‌.
11
هه‌روه‌ها به‌ یه‌كبوونتان له‌گه‌ڵ مه‌سیحدا ئێوه‌ خه‌ته‌نه‌یه‌ك كراون كه‌ به‌ ده‌ستی مرۆڤ ناكرێت. پێشتر ته‌واوی سروشته‌ گوناهباره‌كه‌تان له‌لایه‌ن جه‌سته‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بردرا، به‌ڵام كاتێك ئێوه‌ له‌لایه‌ن مه‌سیحه‌وه‌ خه‌ته‌نه‌ كران[a] ، سروشته‌ گوناهباره‌كه‌ داماڵرا.
12
له‌ كاتی له‌ ئاو هه‌ڵكێشانتان له‌گه‌ڵ ئه‌ودا نێژران، له‌گه‌ڵ ئه‌ویش هه‌ستانه‌وه‌ به‌هۆی باوه‌ڕتان به‌ توانای خودا، كه‌ له‌نێو مردووان هه‌ڵیستانده‌وه‌.
13
ئێوه‌ش كه‌ به‌هۆی گوناه و خه‌ته‌نه‌ نه‌كردنی جه‌سته‌تان مردبوون، خودا له‌گه‌ڵ مه‌سیحدا زیندووی كردنه‌وه‌، له‌ هه‌موو گوناهه‌كانمان خۆشبوو.
14
ئه‌و تۆماره‌ی سڕییه‌وه‌[b] كه‌ له‌ ئه‌ركه‌كاندا له‌سه‌رمان بوو، له‌ دژی ئێمه‌ بوو، له‌م نێوه‌نده‌ هه‌ڵیگرت و به‌ خاچه‌وه‌ بزماركوتی كرد.
15
سه‌رۆكه‌كان و ده‌سه‌ڵاتدارانی چه‌ككرد و به‌ ئاشكرا كردنییه‌ په‌ند، له‌ خاچدا به‌سه‌ریاندا زاڵبوو.
16
بۆیه‌ با كه‌س له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ یان له‌باره‌ی جه‌ژن یان ئاهه‌نگی ده‌ستپێكی مانگ یان شه‌ممه‌ حوكمتان نه‌دات.
17
ئه‌مانه‌ سێبه‌ری داهاتوون، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ له‌ مه‌سیحدایه‌.
18
مه‌هێڵن ئه‌وانه‌ی كه‌ حه‌ز ده‌كه‌ن خۆیان به‌ درۆ نزم بكه‌نه‌وه‌ و فریشته‌كان بپه‌رستن له‌ خه‌ڵاته‌كه‌ بێبه‌شتان بكه‌ن. ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ زۆر به‌ وردی باسی ئه‌و شتانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بینیویانه‌، له‌خۆبایی بوون به‌و بیرۆكه‌ پووچه‌ دنیاییانه‌ی كه‌ له‌ مێشكیاندایه‌.
19
ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ ده‌ست به‌ مه‌سیحه‌وه‌ ناگرن، ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌ری ته‌واوی جه‌سته‌یه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌موو جه‌سته‌كه‌ هێز وه‌رده‌گرێت، له‌ ڕێگه‌ی جومگه‌ و به‌سته‌ره‌كانه‌وه‌ به‌ یه‌كتر به‌ستراونه‌ته‌وه‌، به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ خودا ده‌یه‌وێت گه‌شه‌ ده‌كات.
20
ئه‌گه‌ر سه‌باره‌ت به‌ بنه‌ماكانی جیهان له‌گه‌ڵ مه‌سیحدا مردن، بۆچی وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ جیهاندا بژین، ملكه‌چی ئه‌م ئه‌ركانه‌ ده‌بن:
21
«مه‌یگره‌! تامی مه‌كه‌! ده‌ستی لێ مه‌ده‌!»؟
22
ئه‌مانه‌ هه‌موویان ئه‌ركی تایبه‌تن به‌و شتانه‌ی كه‌ له‌ناوده‌چن، ته‌نها چه‌ند یاسا و فێركردنێكن كه‌ خه‌ڵك دایناون.
23
به‌ ڕواڵه‌ت شێوه‌ی داناییان هه‌یه‌، له‌ په‌رستنی هه‌ڵبه‌ستراو[c] و خۆده‌رخستن به‌ بێفیزی و توندوتیژی جه‌سته‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ له‌ دامركاندنه‌وه‌ی هه‌وه‌سه‌كانی جه‌سته‌ كاریگه‌رییان نییه‌.
  1. a. 2‏:11 مه‌به‌ست خه‌ته‌نه‌كردنی دڵ به‌ ڕۆحی مه‌سیح. بڕوانه‌ \+xt ڕۆما 2‏:29‏\+xt*‏.
  2. b. 2‏:14 تۆماری قه‌رزه‌كانی ئێمه‌ كه‌ گوناهه‌كانمانه‌.
  3. c. 2‏:23 مه‌به‌ستی له‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤ خۆی ئایینی بۆ خۆی دروستكردووه‌ و به‌سه‌ر خۆیدا ده‌یسه‌پێنێ.