عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
له‌ پۆڵسه‌وه‌ كه‌ به‌ خواستی خودا نێردراوی عیسای مه‌سیحه‌، هه‌روه‌ها له‌ تیمۆساوسی برامانه‌وه‌،
2
بۆ گه‌لی پیرۆزی خودا له‌ شاری كۆلۆسی، ئه‌و خوشك و برا دڵسۆزانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سیح یه‌كن:
با نیعمه‌ت[a] و ئاشتی له‌ خودای باوكمانه‌وه‌ له‌گه‌ڵتان بێت.
سوپاس و نوێژكردن 
3
كاتێك نوێژتان بۆ ده‌كه‌ین هه‌رده‌م سوپاسی خودا، باوكی عیسای مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆمان ده‌كه‌ین،
4
چونكه‌ هه‌واڵی باوه‌ڕی ئێوه‌مان به‌ عیسای مه‌سیح پێگه‌یشت له‌گه‌ڵ ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی بۆ هه‌موو گه‌لی پیرۆزی خودا هه‌تانه‌.
5
ئه‌و باوه‌ڕ و خۆشه‌ویستییه‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و هیوایه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاسماندا بۆتان دانراوه‌، ئه‌وه‌ی پێشتر له‌ په‌یامی ڕاستی ئینجیل بیستتان،
6
كه‌ گه‌یشته‌ لاتان. وه‌ك هه‌موو جیهان[b] ، ئه‌م به‌رهه‌مداره‌ و له‌نێواتاندا زیاد ده‌كات، له‌و ڕۆژه‌وه‌ی نیعمه‌تی ڕاستی خوداتان بیست و ناسیتان.
7
وه‌ك له‌ ئه‌په‌فراسی هاوبه‌نده‌ی خۆشه‌ویستمان فێربوون، ئه‌وه‌ی له‌ پێناوتاندا خزمه‌تكارێكی دڵسۆزه‌ بۆ مه‌سیح،
8
ئه‌وه‌ی باسی خۆشه‌ویستی ئێوه‌ی كرد له‌ ڕۆحی پیرۆزدا.
9
له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ ئێمه‌ش له‌و ڕۆژه‌ی بیستمان بێ وه‌ستان له‌ پێناوی ئێوه‌ نوێژ ده‌كه‌ین و داواكارین، تاكو پڕبن له‌ زانینی خواستی ئه‌و، به‌وپه‌ڕی دانایی و تێگه‌یشتنی ڕۆحی،
10
تاكو به‌ شێوه‌یه‌ك بژین كه‌ شیاوی مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ بێت و به‌ ته‌واوی جێگای ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و بێت، له‌ هه‌موو چاكه‌كارییه‌ك به‌رهه‌مدار بن و له‌ ناسینی خودا گه‌شه‌ بكه‌ن.
11
با مه‌سیح به‌گوێره‌ی توانای شكۆی خۆی به‌ هه‌موو هێزێك به‌هێزتان بكات، بۆ هه‌موو دانبه‌خۆداگرتن و ئارامگرتنێك، به‌ خۆشییه‌وه‌
12
سوپاسی خودای باوك بكه‌ن ئه‌وه‌ی كه‌ وای كرد ئێوه‌ شایسته‌ی هاوبه‌ش بن له‌ میراتی گه‌لی پیرۆزی خۆی له‌ پاشایه‌تی ڕووناكیدا.
13
خودای باوك له‌ ده‌سه‌ڵاتی تاریكی ده‌ربازی كردین و ئێمه‌ی بۆ شانشینی كوڕه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی گواسته‌وه‌،
14
به‌هۆی ئه‌ویشه‌وه‌ كڕدراینه‌وه‌[c] ، واته‌ لێخۆشبوونی گوناهمان وه‌رگرت.
عیسا وێنه‌ی خودای نه‌بینراوه‌ 
15
كوڕه‌كه‌ وێنه‌ی خودای نه‌بینراوه‌، نۆبه‌ره‌یه‌[d] و له‌ سه‌رووی هه‌موو به‌دیهێنراوانه‌،
16
چونكه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ هه‌موو شتێك به‌دیهێنرا: له‌ ئاسمان و له‌سه‌ر زه‌وی، بینراو و نه‌بینراو، ته‌خت یان ده‌سه‌ڵات، سه‌رۆكایه‌تی یان حوكومڕانی، هه‌مووی به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ و بۆ ئه‌و به‌دیهێنران.
17
ئه‌و پێش هه‌موو شتێكه‌ و هه‌موو شتێكیش به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ یه‌كیگرتووه‌.
18
ئه‌و سه‌ری جه‌سته‌یه‌ كه‌ كڵێسایه‌. ئه‌و سه‌ره‌تایه‌ و نۆبه‌ره‌ی نێو مردووانه‌، تاكو له‌ سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌ بێت،
19
چونكه‌ خودا خۆشحاڵ بوو به‌ هه‌موو پڕیی خۆی له‌ مه‌سیحدا نیشته‌جێ بێت،
20
له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ هه‌موو شتێك له‌گه‌ڵ خۆیدا ئاشت بكاته‌وه‌، به‌ خوێنی خاچه‌كه‌ی ئاشتی بنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر زه‌وی بێت یان له‌ ئاسمان.
21
ئێوه‌ پێشتر له‌ خودا دابڕابوون و دوژمن بوون له‌ بیركردنه‌وه‌ به‌ خراپه‌كاری،
22
به‌ڵام ئێستا به‌هۆی جه‌سته‌ی مرۆڤانه‌ی مه‌سیح به‌ مردن ئاشتی كردنه‌وه‌، تاكو له‌به‌رده‌می به‌ پیرۆزی و بێ له‌كه‌ و بێ گله‌یی پێشكه‌شتان بكات.
23
ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ و دامه‌زراو و چه‌سپاو بن، لانه‌ده‌ن له‌ هیوای ئه‌و مزگێنییه‌ی بیستتان، ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو به‌دیهێنراوانی ژێر ئاسمان ڕاگه‌یه‌نراوه‌، خۆشم وه‌ك پۆڵس بۆی بوومه‌ خزمه‌تكار.
تێكۆشانی پۆڵس بۆ باوه‌ڕداران 
24
ئێستا دڵشادم به‌ ئازاره‌كانم له‌ پێناوی ئێوه‌دا و پاشماوه‌ی ته‌نگانه‌ی مه‌سیح له‌ جه‌سته‌ی خۆمدا ته‌واو[e] ده‌كه‌م، له‌ پێناوی جه‌سته‌ی ئه‌و، كه‌ كڵێسایه‌.
25
من بووم به‌ خزمه‌تكاری كڵێسا به‌پێی ئه‌و ئه‌ركه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ پێم سپێردراوه‌، تاوه‌كو ته‌واوی په‌یامه‌كه‌ی خوداتان پێ ڕابگه‌یه‌نم،
26
ئه‌م نهێنییه‌ی له‌ ڕۆژگاره‌كانه‌وه‌ و به‌ درێژایی نه‌وه‌كان شاردراوه‌ بوو، به‌ڵام ئێستا بۆ گه‌لی پیرۆزی خودا ئاشكرا كرا.
27
پلانی خودا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی شكۆی نهێنییه‌كه‌ بۆ گه‌لی خودا له‌نێو نه‌ته‌وه‌كاندا ئاشكرا بكات، نهێنییه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌سیح له‌ ناخی دڵماندایه‌، ئه‌مه‌ش هیوای شكۆداربوونه‌.
28
ئێمه‌ ئه‌و ڕاده‌گه‌یه‌نین، هه‌موو كه‌سێك ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌ و به‌وپه‌ڕی داناییه‌وه‌ فێریان ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین هه‌ر یه‌كێكیان وه‌ك كه‌سێكی پێگه‌شتوو به‌ یه‌كبوون له‌گه‌ڵ مه‌سیح بهێنینه‌ به‌رده‌م خودا.
29
بۆ ئه‌مه‌ش ماندوو ده‌بم و تێده‌كۆشم، به‌گوێره‌ی كاره‌كه‌ی كه‌ به‌هێزه‌وه‌ له‌ مندا كار ده‌كات.
  1. a. 1‏:2 خودا نیعمه‌ت به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت، به‌ واتای به‌خشینێكی خودایه‌ كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی شایسته‌ی بین خودا پێمان ده‌به‌خشێت.
  2. b. 1‏:6 مه‌به‌ست له‌ سنووری ئیمپڕاتۆریه‌تی ڕۆمانییه‌.
  3. c. 1‏:14 مه‌به‌ست له‌ كڕینه‌وه‌ی مرۆڤه‌ له‌ كۆیلایه‌تی گوناه به‌ خوێنی عیسا.
  4. d. 1‏:15 نۆبه‌ره‌: مه‌به‌ست له‌وه‌یه‌ كه‌ عیسا به‌دینه‌هێنراوه‌، به‌ڵكو سه‌رۆكی هه‌موو به‌دیهێنراوانه‌.
  5. e. 1‏:24 مه‌سیح به‌رده‌وامه‌ له‌ ئازاركێشان، به‌ ئاماده‌بوونی خۆی له‌سه‌ر زه‌وی. بڕوانه‌ \+xt كردار 9‏:5‏\+xt*‏.