عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
شێوەی کوللە و ئاگر و شاووڵێک 
1
یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، لە سەرەتای سەرهەڵدانی گژوگیا شێوەی کوللەی دەکێشا، گژوگیاکە پاش دروێنەی بەشەکەی پاشایە.
2
پاش ئەوەی لە خواردنی گژوگیای خاکەکە بووەوە، گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تکایە ببەخشە! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»
3
یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە و فەرمووی: «ئەمە ڕوونادات.»
4
یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام: ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بۆ دادگاییکردن بە ئاگر بانگەشەی کرد، ئاگرەکە دەریا گەورەکەی ژێر زەوی[a] لووشدا، خاکەکەشی خوارد.
5
ئینجا گوتم: «یەزدانی باڵادەست، تکایە با بەس بێت! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»
6
یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە.
یەزدانی باڵادەست فەرمووی: «هەروەها ئەمەش ڕوونادات.»
7
ئاوای پیشان دام: پەروەردگار لەسەر دیوارێکی دروستکراو ڕاوەستاوە و شاووڵێکی لەدەست بوو.
8
یەزدان پێی فەرمووم: «ئامۆس تۆ چی دەبینیت؟»
منیش گوتم: «شاووڵ.»
ئینجا پەروەردگار فەرمووی: «ئەوەتا من شاووڵێک لە ناوەڕاستی ئیسرائیلی گەلمدا دادەنێم، پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!
9
«نزرگەکانی ئیسحاق لەسەر بەرزاییەکان چۆڵ دەبن و
پیرۆزگاکانی ئیسرائیل وێران دەبن،
بە شمشێرەوە هەڵدەکوتمە سەر ماڵی یارۆڤعام.»
ئامۆس و ئەمەسیا 
10
جا ئەمەسیای کاهینی بێت‌ئێل پەیامی بۆ یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل نارد و گوتی: «ئامۆس لە ناوەڕاستی ماڵی ئیسرائیلدا پیلانی لە دژت گێڕاوە، خاکەکە ناتوانێت بەرگەی هەموو قسەکانی بگرێت،»
11
چونکە ئامۆس وای گوتووە:
«”یارۆڤعام بە شمشێر دەکوژرێت،
ئیسرائیل لە خاکەکەی خۆی
بێگومان ڕاپێچ دەکرێت.“»
12
ئینجا ئەمەسیا بە ئامۆسی گوت: «ئەی پێشبینیکەر، بڕۆ ڕابکە بۆ خاکی یەهودا، لەوێ نان بخۆ و لەوێ پێشبینی بکە.
13
بەڵام چیتر لە بێت‌ئێل پێشبینی مەکە، چونکە پیرۆزگای پاشایە و پەرستگای پاشایەتییە.»
14
ئامۆسیش وەڵامی دایەوە و بە ئەمەسیای گوت: «من پێغەمبەر نەبووم و کوڕی پێغەمبەریش نیم، بەڵکو من گاوانم و باخەوانی دار هەنجیری کێویم.
15
بەڵام یەزدان لەسەر مێگەلەکەوە هەڵیگرتم، یەزدان پێی فەرمووم: ”بڕۆ پێشبینی بۆ ئیسرائیلی گەلی من بکە.“
16
ئێستاش گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، تۆ دەڵێیت:
«”پێشبینی لەسەر ئیسرائیل مەکە،
لێدووان لە دژی بنەماڵەی ئیسحاق مەدە.“
17
«لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”ژنەکەت لە شاردا لەشفرۆشی دەکات،
کوڕ و کچەکانت بە شمشێر دەکوژرێن،
زەوییەکەت بە گوریس دابەش دەکرێت،
خۆشت لەسەر خاکێکی گڵاودا دەمریت،
ئیسرائیلیش لە خاکەکەی خۆی
بە دیلی ڕاپێچ دەکرێت.“»
  1. a. 7‏:4 بەپێی بیروباوەڕی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کۆن (دەریای ژێر زەوی) هەبوو کە سەرچاوەی کانیاو و ڕووبارەکان بوو.‏