عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قوڕبه‌سه‌ر له‌خۆڕازییه‌كان 
1
ئه‌ی له‌خۆڕازییه‌كانی سییۆن،
ئه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌ ئاسووده‌یی له‌سه‌ر كێوی سامیره‌ ده‌ژین،
ئه‌ی پیاوماقوڵانی پێشه‌نگی گه‌لان
كه‌ بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل دێنه‌ لاتان، قوڕبه‌سه‌رتان!
2
بۆ كه‌لنێ بپه‌ڕنه‌وه‌ و ته‌ماشا بكه‌ن،
له‌وێوه‌ بڕۆنه‌ حه‌ماتی گه‌وره‌ و
پاشان بۆ گه‌تی فه‌له‌ستییه‌كان دابه‌زن.
ئایا دۆخی ئێوه‌ له‌م شانشینانه‌ باشتره‌؟
یان ئایا سنووره‌كانیان له‌ سنووره‌كانتان فراوانتره‌؟
3
ئێوه‌ ڕۆژی به‌ڵا به‌ دوور ده‌زانن و
ته‌ختی سته‌م نزیك ده‌خه‌نه‌وه‌،
4
له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌ی عاج ڕاده‌كشێن و
له‌سه‌ر نوێنه‌كانتان پاڵده‌كه‌ون.
ئێوه‌ به‌رخی ناو ڕان و
جوانه‌گای قه‌ڵه‌و ده‌خۆن.
5
له‌گه‌ڵ ده‌نگی ساز ده‌نگه‌ده‌نگتانه‌
وه‌ك داود ئامێری مۆسیقا بۆ خۆتان داده‌هێنن.
6
به‌ قه‌ڕابه‌ شه‌راب ده‌خۆنه‌وه‌ و
به‌ باشترین زه‌یت خۆتان چه‌ور ده‌كه‌ن،
به‌ڵام بۆ وێرانی نه‌وه‌ی یوسف خه‌فه‌ت ناخۆن.
7
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێستا له‌ یه‌كه‌می ڕاپێچكراوان ده‌بن و
چوونه‌ داوه‌ت و ته‌وه‌زه‌لیتان كۆتایی دێت.
قێزی یه‌زدان له‌ شانازی ئیسرائیل 
8
یه‌زدانی باڵاده‌ست سوێندی به‌ گیانی خۆی خواردووه‌، یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری سوپاسالار ده‌فه‌رموێت:
«من قێزم له‌ شانازی یاقوب ده‌بێته‌وه‌ و
ڕقم له‌ قه‌ڵاكانییه‌تی،
ئینجا شار و هه‌موو ئه‌وه‌ی تێیدایه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ی ده‌ده‌م.»
9
وای لێدێت، ئه‌گه‌ر ده‌ كه‌س له‌ خانووێكدا بمێننه‌وه‌ ئه‌وانیش ده‌مرن.
10
ئه‌گه‌ر خزمێك هات بۆ ده‌رهێنانی ته‌رم له‌ خانووێك تاوه‌كو بیسووتێنێت، له‌ كه‌سێكی ناو خانووه‌كه‌ بپرسێت، «ئایا كه‌سی دیكه‌ت له‌گه‌ڵ ماوه‌؟» وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌ «كه‌س نه‌ماوه‌،» ده‌ڵێت: «وسبه‌، چونكه‌ نابێت ناوی یه‌زدان بهێنین.»
11
چونكه‌ یه‌زدان فه‌رمان ده‌دات،
له‌ ماڵی گه‌وره‌ ده‌دات و وردوخاشی ده‌كات،
ماڵی بچووكیش پارچه‌پارچه‌ ده‌كات.
12
ئایا ئه‌سپ له‌سه‌ر به‌رده‌ڵان ڕاده‌كات؟
یان كه‌س له‌وێ به‌ گا كێڵان ده‌كات؟
به‌ڵام ئێوه‌ دادپه‌روه‌ریتان ژه‌هراوی كرد و
به‌ری ڕاستودروستیشتان كرده‌ زه‌قنه‌بووت.
13
ئێوه‌ به‌ لۆده‌ڤار دڵخۆشن،
ده‌ڵێن: «ئایا به‌ توانای خۆمان قه‌رنایممان وه‌رنه‌گرت؟»
14
چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری سوپاسالار ده‌فه‌رموێت:
«ئه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئیسرائیل، ئه‌وه‌تا نه‌ته‌وه‌یه‌كتان لێ ڕاست ده‌كه‌مه‌وه‌،
له‌ ده‌روازه‌ی حه‌ماته‌وه‌ هه‌تا شیوی عه‌راڤا
ته‌نگتان پێهه‌ڵچنن.»