عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نەگەڕانەوەی ئیسرائیل بۆ لای خودا 
1
ئەی مانگاکانی باشان، ئەوانەی لە کێوی سامیرەن،
ئەی خاتوونەکان، ئەی ئەو ژنانەی ستەم لە هەژاران دەکەن،
نەداران وردوخاش دەکەن و
بە مێردەکانیان دەڵێن، «خواردنەوەمان بۆ بهێنن!»
گوێتان لەم پەیامە بێت:
2
یەزدانی باڵادەست سوێندی بە پیرۆزی خۆی خوارد:
«بێگومان ڕۆژێک دێت،
خۆتان بە قولاپ دەگیرێن و
دوا کەسیشتان بە قولاپی ماسی.
3
هەریەکە و لەپێش خۆیەوە
بەناو کەلێنی دیوارێکدا دەبردرێن و
فڕێدەدرێنە هەرمۆن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
4
«وەرن بۆ بێت‌ئێل و یاخی ببن،
لە گلگال یاخیبوون زۆر بکەن.
هەموو بەیانییەک قوربانییەکانتان بهێنن،
هەر سێ ساڵ جارێک دەیەکەکانتان.
5
ئەی نەوەی ئیسرائیل، لە هەویرترشەوە[a] قوربانی سوپاسگوزاری بسووتێنن،
بانگەواز بۆ بەخشینی ئازاد بکەن و ڕایبگەیەنن،
چونکە واتان پێ خۆش بوو.»
ئەوە فەرموودەی یەزدانی باڵادەستە.
6
«هەروەها منیش لە هەموو شارۆچکەکانتان سک بەتاڵی و
لە هەموو شوێنەکانتان کەمی نانم پێدان،
بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
7
«هەروەها بارانم لێ گرتنەوە
هێشتا سێ مانگی مابوو بۆ دروێنە.
بارانم بەسەر شارۆچکەیەکدا باراند و
بەسەر شارۆچکەیەکی دیکەدا نەمباراند.
بەسەر کێڵگەیەکدا باری و
ئەو کێڵگەش کە بەسەریدا نەباری وشک بوو.
8
خەڵکی دوو سێ شارۆچکە بۆ ئاو خواردنەوە چوونە شارۆچکەیەکی دیکە،
تینووێتییان نەشکا،
بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
9
«زۆر جار باخ و ڕەزەمێوی ئێوەم هەڵپڕووکاندووە،
بە بای گەرمەسێر و کەڕوو.
کوللە دار هەنجیر و دار زەیتوونیان خواردووە،
بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕاونەتەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
10
«دەردم ناردە سەر ئێوە،
وەک ئەوەی ناردبوومە سەر میسر.
بە شمشێر لاوەکانی ئێوەم کوشت،
لەگەڵ ئەسپە ڕاپێچکراوەکان،
وام کرد بۆنی بۆگەنی تەرمەکانی ناو ئۆردوگاکەتان بکەن،
بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
11
«هەندێکتانم هەڵگەڕاندەوە،
وەک چۆن سەدۆم و عەمۆرام هەڵگەڕاندەوە،
وەک پارچە دارێکی گڕگرتووتان لێهات کە لەناو ئاگرەوە دەرهێنرابێت،
بەڵام ئێوە بۆ لای من نەگەڕانەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12
«ئەی ئیسرائیل، ئاوات پێ دەکەم،
ئەی ئیسرائیل، لەبەر ئەوەی ئەمەت پێ دەکەم،
ئامادەبە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خوداکەت.»
13
شێوەداڕێژی چیاکان و
بەدیهێنەری با،
ئەوەی بیرکردنەوەی خۆی بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت،
ئەوەی بەرەبەیان دەکاتە تاریکی،
بەسەر بەرزاییەکانی زەویدا دەڕوات،
ناوی یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالارە.
  1. a. 4‏:5 هەویرترش: لە جیاتی خومرە بۆ هەوێن بەکارهاتووە.‏