عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیسرائیل بۆ لای خودا 
1
ئه‌ی مانگاكانی باشان، ئه‌وانه‌ی له‌ كێوی سامیره‌ن،
ئه‌ی خاتوونه‌كان، ئه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی سته‌م له‌ هه‌ژاران ده‌كه‌ن، نه‌داران وردوخاش ده‌كه‌ن و
به‌ مێرده‌كانیان ده‌ڵێن، «خواردنه‌وه‌مان بۆ بهێنن!» گوێتان له‌م په‌یامه‌ بێت:
2
یه‌زدانی باڵاده‌ست سوێندی به‌ پیرۆزی خۆی خوارد،
«بێگومان ڕۆژێك دێت،
خۆتان به‌ قولاپ ده‌گیرێن و
دوا كه‌سیشتان به‌ قولاپی ماسی.
3
هه‌ریه‌كه‌ و له‌پێش خۆیه‌وه‌
به‌ناو كه‌لێنی دیوارێكدا ده‌بردرێن و
فڕێده‌درێنه‌ هه‌رمۆن.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
4
«وه‌رن بۆ بێت‌ئێل و یاخی ببن،
له‌ گلگال یاخیبوون زۆر بكه‌ن.
هه‌موو به‌یانییه‌ك قوربانییه‌كانتان بهێنن،
هه‌ر سێ ڕۆژ جارێك ده‌یه‌كه‌كانتان.
5
ئه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل، له‌ هه‌ویرترشه‌وه‌[a] قوربانی سوپاسگوزاری بسووتێنن،
بانگه‌واز بۆ به‌خشینی ئازاد بكه‌ن و ڕایبگه‌یه‌نن،
چونكه‌ واتان پێ خۆش بوو.»
ئه‌وه‌ فه‌رمووده‌ی یه‌زدانی باڵاده‌سته‌.
6
«هه‌روه‌ها منیش له‌ هه‌موو شارۆچكه‌كانتان سك به‌تاڵی و
له‌ هه‌موو شوێنه‌كانتان كه‌می نانم پێدان،
به‌ڵام ئێوه‌ بۆ لای من نه‌گه‌ڕانه‌وه‌.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
7
«هه‌روه‌ها بارانم لێ گرتنه‌وه‌
هێشتا سێ مانگی مابوو بۆ دروێنه‌.
بارانم به‌سه‌ر شارۆچكه‌یه‌كدا باراند و
به‌سه‌ر شارۆچكه‌یه‌كی دیكه‌دا نه‌مباراند.
به‌سه‌ر كێڵگه‌یه‌كدا باری و
ئه‌و كێڵگه‌ش كه‌ به‌سه‌ریدا نه‌باری وشك بوو.
8
خه‌ڵكی دوو سێ شارۆچكه‌ بۆ ئاو خواردنه‌وه‌ چوونه‌ شارۆچكه‌یه‌كی دیكه‌،
تینووێتییان نه‌شكا،
به‌ڵام ئێوه‌ بۆ لای من نه‌گه‌ڕانه‌وه‌.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
9
«زۆر جار باخ و ڕه‌زه‌مێوی ئێوه‌م هه‌ڵپڕووكاندووه‌،
به‌ بای گه‌رمه‌سێر و كه‌ڕوو.
كولله‌ دار هه‌نجیر و دار زه‌یتوونیان خواردووه‌،
به‌ڵام ئێوه‌ بۆ لای من نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
10
«ده‌ردم نارده‌ سه‌ر ئێوه‌،
وه‌ك ئه‌وه‌ی ناردبوومه‌ سه‌ر میسر.
به‌ شمشێر لاوه‌كانی ئێوه‌م كوشت،
له‌گه‌ڵ ئه‌سپه‌ ڕاپێچكراوه‌كان،
وام كرد بۆنی بۆگه‌نی ته‌رمه‌كانی ناو ئۆردوگاكه‌تان بكه‌ن،
به‌ڵام ئێوه‌ بۆ لای من نه‌گه‌ڕانه‌وه‌.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
11
«هه‌ندێكتانم هه‌ڵگه‌ڕانده‌وه‌،
وه‌ك چۆن سه‌دۆم و عه‌مۆرام هه‌ڵگه‌ڕانده‌وه‌،
وه‌ك پارچه‌ دارێكی گڕگرتووتان لێهات كه‌ له‌ناو ئاگره‌وه‌ ده‌رهێنرابێت،
به‌ڵام ئێوه‌ بۆ لای من نه‌گه‌ڕانه‌وه‌.»
ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
12
«ئه‌ی ئیسرائیل، ئاوات پێ ده‌كه‌م،
ئه‌ی ئیسرائیل، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ت پێ ده‌كه‌م،
ئاماده‌به‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خوداكه‌ت.»
13
شێوه‌داڕێژی چیاكان و
به‌دیهێنه‌ری با،
ئه‌وه‌ی به‌ مرۆڤ ڕاده‌گه‌یه‌نێت بیركردنه‌وه‌ی چییه‌،
ئه‌وه‌ی به‌ره‌به‌یان ده‌كاته‌ تاریكی،
به‌سه‌ر به‌رزاییه‌كانی زه‌ویدا ده‌ڕوات،
ناوی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری سوپاسالاره‌.
  1. a. 4‏:5 هه‌ویرترش: له‌ جیاتی خومره‌ بۆ هه‌وێن به‌كارهاتووه‌.