عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئەمە پەیامی ئامۆسە کە یەکێک بوو لە شوانەکانی شارۆچکەی تەقۆعە، دوو ساڵ پێش بوومەلەرزەکە لە سەردەمی عوزیای پاشای یەهودا و لە سەردەمی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل، ئەم بینینەی دەربارەی ئیسرائیل بۆ ئاشکرا کرا.
2
گوتی:
«یەزدان لە سییۆنەوە دەنەڕێنێت،
لە ئۆرشەلیمەوە دەنگی دێت،
لەوەڕگای شوانەکان شیوەن دەگێڕن و
لووتکەی کارمەل وشک دەبێت.»
حوکم بەسەردادانی وڵاتانی دەوروبەر 
3
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«دیمەشق یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی بە جەنجەڕی ئاسن گلعادیان شێلا،
4
ئاگر دەنێرمە سەر ماڵی حەزائێل،
قەڵاکانی بەن‌هەدەد دەخوات.
5
شەوبەندی دەروازەکانی دیمەشق دەشکێنم،
فەرمانڕەواکە لە دۆڵی ئاڤەن ڕیشەکێش دەکەم،
هەروەها گۆچان بەدەست لە بێت‌عەدەن.
گەلی ئارام بۆ قییر ڕاپێچ دەکرێن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
6
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«غەزە یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی چەند کۆمەڵگایەکی بە تەواوەتی بە دیل گرت و
بە ئەدۆمی فرۆشت،
7
ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی غەزە،
قەڵاکانی دەخوات.
8
فەرمانڕەواکە لە ئەشدۆد ڕیشەکێش دەکەم و
گۆچان بەدەست لە ئەسقەلان.
دەستم دەگەڕێنمەوە سەر عەقرۆن،
پاشماوەی فەلەستییەکان لەناودەچن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
9
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«سور یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی تەواوی چەند کۆمەڵگایەکی بە دیلگیراوی فرۆشتە ئەدۆم و
پەیمانی برایەتییان نەهێنایەوە یادیان،
10
ئاگر دەنێرمە سەر شووراکانی سور،
قەڵاکانی دەخوات.»
11
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«لەبەر ئەوەی ئەدۆم یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی بە شمشێرەوە دوای براکەی کەوت،
بەبێ دەربڕینی بەزەیی.
هەروەها لەبەر ئەوەی تووڕەییەکەی بەردەوام لە جۆش بوو،
قینیشی بۆ هەتاهەتایە هەڵدەگرت،
12
هەر لەبەر ئەوە ئاگر دەنێرمە سەر تێمان،
قەڵاکانی بۆزرا دەخوات.»
13
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«عەمۆن یاخی بوو، لە یاخیبوونەکەی بەردەوامە،
سزاکەیان بەسەردا تێناپەڕێنم،
لەبەر ئەوەی سکپڕەکانی گلعادیان هەڵدڕی،
بۆ ئەوەی سنوورەکانیان بەرفراوان بکەن،
14
ئاگر لە شووراکانی ڕەبە بەردەدەم
قەڵاکانی دەخوات،
بە هاتوهاوارەوە لە ڕۆژی جەنگدا،
بە زریانەوە لە ڕۆژی باوباراندا.
15
پاشاکەیان ڕاپێچ دەکرێت،
ئەو و هەموو کاربەدەستەکانی بە یەک جار.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.