عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
چەوسانەوەی باوەڕداران 
1
شاول بە کوشتنی ستیفانۆس ڕازی بوو.
هەر لەو ڕۆژەدا کڵێسا لە ئۆرشەلیم تووشی چەوسانەوەیەکی توند هات. هەموو بە ناوچەکانی یەهودیا و سامیرەدا پەرشوبڵاو بوونەوە، نێردراوان نەبێت.
2
هەندێک پیاوی لەخواترس ستیفانۆسیان ناشت و پرسەیەکی باشیان بۆ دانا.
3
بەڵام شاول دەستی کرد بە لەناوبردنی کڵێسا، ماڵ بە ماڵ ژن و پیاوی ڕادەکێشا و فڕێیدەدانە زیندان.
مزگێنیدان لە سامیرە 
4
ئەوانەی پەرشوبڵاو ببوونەوە دەگەڕان و مزگێنیی پەیامی خودایان بڵاودەکردەوە.
5
فیلیپۆس بەرەو شاری سامیرە چووە خوارەوە و لەوێ مزگێنیی مەسیحی بە خەڵکەکە ڕاگەیاند.
6
خەڵکەکە بە یەک دڵ گوێیان لەوە دەگرت کە فیلیپۆس دەیگوت، کاتێک ئەو نیشانانەیان دەبیست و دەبینی کە دەیکرد.
7
ڕۆحی پیسیش لە زۆر کەس لەوانەی تێیاندا بوو بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد و دەردەچوون، زۆر گۆج و شەلیش چاکبوونەوە.
8
جا خۆشییەکی گەورە ئەو شارەی گرتەوە.
9
پێشتر لە شارەکە پیاوێک هەبوو ناوی شیمۆن بوو، جادووی دەکرد و خەڵکی سامیرەی سەرسام کردبوو، دەیگوت: «پیاوێکی پایەبەرزم!»
10
گەورە و بچووک هەموو گوێیان لێ دەگرت و دەیانگوت: «ئەم پیاوە بە هێزی خودای گەورە ناودەبردرێت.»
11
ئەوان گوێیان بۆ دەگرت، چونکە لەمێژ بوو بە جادووەکەی سەرسامی کردبوون.
12
بەڵام کاتێک فیلیپۆس مزگێنیی پاشایەتی خودا و ناوی عیسای مەسیحی پێدان، باوەڕیان کرد و ژن و پیاو لە ئاو هەڵکێشران.
13
شیمۆنیش باوەڕی هێنا و لە ئاو هەڵکێشرا، ئینجا دوای فیلیپۆس کەوت و سەرسام بوو بەو نیشانە و پەرجووە گەورانەی کە دەیبینی.
14
کاتێک نێردراوان لە ئۆرشەلیم بیستیان سامیرە پەیامی خودای قبوڵ کردووە، پەترۆس و یۆحەنایان بۆ ناردن.
15
کاتێک هاتن، نوێژیان بۆ کردن بۆ ئەوەی ڕۆحی پیرۆز وەربگرن،
16
چونکە هێشتا ڕۆحی پیرۆز نەهاتبووە سەر کەسیان، تەنها بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە لە ئاو هەڵکێشرابوون.
17
جا پەترۆس و یۆحەنا دەستیان لەسەر دانان و ڕۆحی پیرۆزیان وەرگرت.
18
شیمۆن بینی کە نێردراوان دەستیان لەسەر خەڵک دادەنێن ڕۆحی پیرۆز دەدرێت، پارەی بۆ هێنان و
19
گوتی: «ئەو دەسەڵاتە بە منیش بدەن، تاکو دەست لەسەر هەرکەسێک دابنێم ڕۆحی پیرۆز وەربگرێت.»
20
پەترۆس پێی گوت: «با زیوەکەت لەگەڵ خۆت لەناوبچێت! چونکە واتزانی بەهرەی خودا بە پارە دەبێت!
21
لەم شتەدا نە بەشت هەیە و نە پشک، چونکە دڵت بەرامبەر خودا ڕاست نییە.
22
لەم خراپەیەت تۆبە بکە و لە مەسیحی خاوەن شکۆ بپاڕێوە بەڵکو لە مەبەستی دڵت خۆش بێت،
23
چونکە دەتبینم کە پڕیت لە تاڵی و گیرۆدەی گوناهیت.»
24
شیمۆن گوتی: «ئێوە لە پێناوی من داوا لە مەسیحی خاوەن شکۆ بکەن، تاکو هیچ شتێک لەوەی باستان کرد بە سەرمدا نەیەت.»
25
دوای ئەوەی پەترۆس و یۆحەنا لەبارەی عیساوە شایەتییان دا و پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان ڕاگەیاند، گەڕانەوە ئۆرشەلیم و مزگێنییان دایە زۆر گوندی سامیرەیی.
فیلیپۆس و وەزیری حەبەشە 
26
فریشتەیەکی یەزدان بە فیلیپۆسی گوت: «هەستە و بەرەو باشوور بڕۆ، لەسەر ئەو ڕێگایەی لە ئۆرشەلیمەوە بۆ غەزە شۆڕ دەبێتەوە، کە چۆڵەوانییە.»
27
ئەویش هەستا و ڕۆیشت، پیاوێکی خەساوی حەبەشی بینی کە وەزیری کاروباری دارایی کنداکەی[a] شاژنی حەبەشە بوو، بۆ پەرستن هاتبووە ئۆرشەلیم.
28
لە گەڕانەوەدا بوو، لەناو گالیسکەکەی دانیشتبوو، پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەری دەخوێندەوە.
29
ڕۆحی پیرۆز بە فیلیپۆسی فەرموو: «بڕۆ پێش و لەگەڵ ئەو گالیسکەیە بڕۆ.»
30
ئیتر فیلیپۆس پەلەی کرد و گوێی لێبوو پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەر دەخوێنێتەوە. گوتی: «ئایا ئەوەی دەیخوێنیتەوە تێیدەگەیت؟»
31
گوتی: «چۆن بتوانم ئەگەر یەکێک ڕێنماییم نەکات؟» جا فیلیپۆسی بانگکرد سەربکەوێت و لەگەڵی دابنیشێت.
32
ئەو بڕگەیەی نووسراوە پیرۆزەکان کە دەیخوێندەوە ئەمە بوو:
﴿ئەو وەک مەڕ بۆ سەربڕین بردرا،
وەک چۆن بەرخ لەبەردەستی ئەوەی خورییەکەی دەبڕێتەوە بێدەنگە،
ئەو دەمی نەکردەوە.
33
لە کاتی سووکایەتی پێکردنیدا لە دادپەروەری بێبەش کرا.
ئیتر کێ باسی نەوەکانی دەکات؟
چونکە ژیانی لەسەر زەوی هەڵگیرا.﴾[b]
34
خەساوەکە پرسیاری لە فیلیپۆس کرد: «پرسیارێکم هەیە: ئەم پێغەمبەرە باسی کێ دەکات؟ باسی خۆی یان یەکێکی دیکە؟»
35
ئینجا فیلیپۆس لەم نووسراوە پیرۆزەوە دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی دەقەکە و مزگێنیی عیسای دایێ.
36
کاتێک بە ڕێگاوە بوون، گەیشتنە سەر ئاوێک، خەساوەکە گوتی: «ئەوە ئاوە، چی ڕێم لێ دەگرێت لە ئاو هەڵبکێشرێم؟»
37
{فیلیپۆس گوتی: «دەبێت، ئەگەر بە هەموو دڵتەوە باوەڕ بهێنیت.» ئەویش وەڵامی دایەوە: «باوەڕ دەکەم عیسای مەسیح کوڕی خودایە.»}
38
ئینجا فەرمانی دا گالیسکەکە ڕاوەستێ، ئەوسا پێکەوە چوونە ناو ئاوەکە و فیلیپۆس خەساوەکەی لە ئاو هەڵکێشا.
39
کاتێک لە ئاوەکە هاتنە دەرەوە، ڕۆحی یەزدان فیلیپۆسی ڕفاند و ئیتر خەساوەکە نەیبینییەوە، بەڵام بە خۆشییەوە بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.
40
فیلیپۆسیش لە ئەشدۆد بینرایەوە، دواتر بە هەموو شارەکاندا دەگەڕا و مزگێنیی دەدا هەتا گەیشتە قەیسەرییە.
  1. a. 8‏:27 ئافرەتێکە پاشای حەبەشە بووە.‏
  2. b. 8‏:33 ئیشایا 53‏:7،‏‏ 8‏