عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پەترۆس و یۆحەنا لە ئەنجومەنی باڵادا 
1
کاتێک پەترۆس و یۆحەنا قسەیان بۆ خەڵکەکە دەکرد، کاهینان و سەرۆکی پاسەوانی پەرستگا و سەدوقییەکان هاتنە لایان،
2
زۆر لێیان پەست بوون، چونکە خەڵکیان فێردەکرد و دەیانگوت کە مردووان زیندوو دەبنەوە هەروەک چۆن عیسا زیندووبووەوە.
3
بۆیە پەترۆس و یۆحەنایان گرت و لەبەر ئەوەی دەمەو ئێوارە بوو، هەتا بەیانی لە زیندانیان کردن.
4
بەڵام زۆر لەوانەی گوێیان لە قسەکان بوو باوەڕیان هێنا و ژمارەی پیاوان گەیشتە پێنج هەزار.
5
بۆ بەیانی پێشەوایان و پیران و مامۆستایانی تەورات لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە،
6
لەگەڵ حەنای سەرۆکی کاهینان و قەیافا و یۆحەنا و ئەسکەندەر و هەموو ئەوانەی لە تیرەی سەرۆکی کاهینان بوون.
7
پەترۆس و یۆحەنایان لە ناوەڕاست ڕاگرت و پرسیاریان لێکردن: «بە چ هێزێک و بە چ ناوێک ئەمەتان کرد؟»
8
لەو کاتەدا پەترۆس پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز، پێی گوتن: «ئەی پێشەوایانی گەل و ئەی پیران،
9
ئەگەر ئەمڕۆ لەسەر چاکەیەک کە بۆ پەککەوتەیەک کراوە، لێکۆڵینەوەمان لەگەڵ دەکەن و لێمان دەپرسن کە بە چی چاک بووەتەوە،
10
ئەوا با لەلای هەمووتان و هەموو گەلی ئیسرائیل زانراو بێت، بە ناوی عیسای مەسیحی ناسیرەیی، ئەم ئیفلیجە کە بەو تەندروستییە لەبەردەمتان ڕاوەستاوە چاک بووەوە، بە ناوی ئەو عیسایەی کە ئێوە لە خاچتان دا و خوداش لەناو مردووان هەڵیستاندەوە.
11
ئەمە
«﴿ئەو بەردەیە کە ئێوەی وەستا ڕەتتان کردەوە،
ئەوەی بوو بە گرنگترین بەردی بناغە[a] ‏.﴾[b]
12
بێجگە لە عیسا ڕزگاربوون بە کەسی دیکە نییە، چونکە لەژێر ئاسماندا ناوێکی دیکە بە مرۆڤەکان نەدراوە کە بە هۆیەوە بتوانین ڕزگار بین.»
13
کاتێک ئازایەتی پەترۆس و یۆحەنایان بینی و زانییان خەڵکێکی نەخوێندەوار[c] و سادەن، سەرسام بوون و بۆیان دەرکەوت کە ئەم پیاوانە پێشتر لەگەڵ عیسادا بوون.
14
بەڵام کاتێک ئەو پیاوەشیان بینی لەگەڵیان ڕاوەستابوو، ئەوەی چاک بووەوە، هیچیان نەبوو وەڵامی پێ بدەنەوە.
15
ئەوسا فەرمانیان پێدان لە ئەنجومەنی باڵا[d] بچنە دەرەوە و لەناو خۆیاندا کەوتنە گفتوگۆ:
16
«چی لەم پیاوانە بکەین؟ ئاشکرایە بۆ هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم کە نیشانەیەکی بەرچاو لە ڕێگەی ئەمانەوە کراوە، ناتوانین نکۆڵی لێ بکەین.
17
بەڵام نەوەک زیاتر لەنێو گەل بڵاو بێتەوە، هەڕەشەیان لێ دەکەین ئیتر لەلای کەس باسی ئەم ناوە نەکەن.»
18
ئینجا بانگیان کردن و فەرمانیان پێدان کە بە هیچ شێوەیەک بە ناوی عیسا دەم نەکەنەوە و کەسیش فێرنەکەن.
19
بەڵام پەترۆس و یۆحەنا وەڵامیان دایەوە: «بەلای خوداوە کامیان دروستترە: گوێ لە ئێوە بگرین یان لە ئەو؟ ئێوە حوکم بدەن!
20
بەڵام ئێمە ئەوەی بینیومانە و بیستوومانە ناتوانین باسی نەکەین.»
21
دوای هەڕەشەی زیاتر، بەریاندان. نەیانزانی چۆن سزایان بدەن، لەبەر ئەوەی هەموو ستایشی خودایان دەکرد بەهۆی ئەوەی ڕوویدابوو،
22
چونکە ئەو پیاوەی ئەم نیشانەی چاکبوونەوەی بەسەرهاتبوو لە چل ساڵ زیاتر بوو.
نوێژی باوەڕداران 
23
کە پەترۆس و یۆحەنا بەربوون، هاتنە لای هاوڕێیەکانیان و ئەو شتانەی کاهینانی باڵا و پیران پێیان گوتبوون بۆیان گێڕانەوە.
24
کاتێک هاوڕێیەکانیان ئەمەیان بیست، هەموویان بە یەک دەنگ هاواریان بۆ خودا کرد: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆی دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە.
25
لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆز لەسەر زاری داودی باوکمان و بەندەی خۆت فەرمووت:
«﴿بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و
گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟
26
پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن،
سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە
لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی[e] ‏.﴾[f]
27
لەبەر ئەوەی بە ڕاستی لەم شارەدا، هێرۆدس و پیلاتۆسی پۆنتی و ناجولەکەکان و گەلی ئیسرائیل لە دژی عیسای خزمەتکاری پیرۆزت یەکیانگرت، ئەوەی کە دەستنیشانت کرد.
28
ئەو کارەیان ئەنجام دا کە هێز و خواستی تۆ پێشوەخت نەخشەیان بۆ کێشابوو کە دەبێت ڕووبدەن.
29
ئێستاش ئەی یەزدان، سەیری هەڕەشەکانیان بکە، توانای ئەوە بە خزمەتکارەکانت ببەخشە کە بەوپەڕی ئازایەتییەوە بە وشەکانت بدوێن.
30
دەستت درێژ بکە تاکو چاکبوونەوە و نیشانە و پەرجوو بە ناوی عیسای خزمەتکاری پیرۆزتەوە بکرێت.»
31
کاتێک لە خودا دەپاڕانەوە، ئەو شوێنەی کە تێدا کۆببوونەوە هاتە لەرزین و هەموویان پڕبوون لە ڕۆحی پیرۆز، بە چاونەترسییەوە پەیامی خودایان ڕادەگەیاند.
پێکەوە ژیان 
32
کۆمەڵی باوەڕداران یەک دڵ و گیان بوون، کەس نەیدەگوت ئەوەی هەیەتی هی خۆیەتی، بەڵکو لە هەموو شتێکدا هاوبەش بوون.
33
نێردراوان بە هێزێکی گەورەوە شایەتی هەستانەوەی عیسای خاوەن شکۆیان دەدا، نیعمەتێکی[g] گەورەش بەسەر هەموویانەوە بوو.
34
کەسی نەبوونیان تێدا نەبوو، چونکە هەموو ئەوانەی خاوەن کێڵگە و ماڵ بوون دەیانفرۆشت، پارەکەیان دەهێنا و
35
لەبەرپێی نێردراوان دایاندەنا، ئەوانیش بەگوێرەی پێویستی کەسەکان دابەشیان دەکرد.
36
یەکێک لەوان پیاوێک بوو بە ناوی یوسف کە لێڤییەکی قوبرسی بوو. نێردراوان پێیان دەگوت بەرناباس کە بە واتای «کوڕی هاندەر» دێت.
37
کێڵگەیەکی هەبوو، فرۆشتی و پارەکەی هێنا، خستییە بەرپێی نێردراوان.
  1. a. 4‏:11 بەردێکی گەورەیە کە لە گۆشەی دیوار دادەنرێت، لەو بەردانە بەهێزترە کە لە دیوارەکە بەکاردێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دیوارەکە.‏
  2. b. 4‏:11 زەبوورەکان 118‏:22‏‏
  3. c. 4‏:13 دەرچووی قوتابخانەی ئایینی بۆ مامۆستایەتی تەورات نین.‏
  4. d. 4‏:15 ئەنجومەنی باڵای جولەکە کە لە یۆنانی پێی گوتراوە \+tl سەنهەدرین‏\+tl*، باڵاترین دەسەڵاتی جولەکە بووە کە دەسەڵاتی دەرکردنی بڕیاری ئایینی و شارستانی و تاوانبارکردنی هەبووە.‏
  5. e. 4‏:26 یۆنانی: \+tl کریستۆس‏\+tl*. واتا مەسیح، هەروەها (دەستنیشانت کرد) لە ئایەتی 27، ئەوەی بە دەستی پێغەمبەر و بە ڕێگای چەورکردن بە ڕۆن بۆ پاشایەتی دەستنیشان کراوە، بڕوانە یەکەم ساموئێل 9‏:16؛ 16‏:12.‏‏
  6. f. 4‏:26 زەبوورەکان 2‏:1‏-2‏‏
  7. g. 4‏:33 نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت.