عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
به‌رگری پۆڵس له‌لای ئه‌گریپاس 
1
ئه‌گریپاس به‌ پۆڵسی گوت: «ڕێگات دراوه‌تێ باسی خۆت بكه‌یت.» ئینجا پۆڵس ده‌ستی درێژكرد و به‌رگری كرد:
2
«شا ئه‌گریپاس، خۆم به‌ به‌خته‌وه‌ر ده‌زانم كه‌ ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م تۆ به‌رگری له‌ خۆم بكه‌م، سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی جوله‌كه‌ منیان پێ تۆمه‌تبار كردووه‌،
3
به‌ تایبه‌تی تۆ له‌ هه‌موو نه‌ریت و كێشه‌ی جوله‌كه‌ شاره‌زایت، بۆیه‌ لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ به‌ ئارامی گوێم لێ بگریت.
4
«شێوازی ژیانم له‌ لاویه‌تیم و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌نێو گه‌له‌كه‌م[a] و له‌ ئۆرشه‌لیم بووه‌، هه‌موو جوله‌كه‌ش ده‌زانن.
5
له‌مێژه‌ منیان ناسیوه‌، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت شایه‌تی بده‌ن كه‌ وه‌ك فه‌ریسی ژیاوم، توندترین ڕێبازی ئایینه‌كه‌مان.
6
ئێستاش له‌سه‌ر ئه‌و هیوایه‌ ڕاوه‌ستاوم و حوكم ده‌درێم كه‌ به‌و به‌ڵێنانه‌یه‌ خودا به‌ باوباپیرانی داوه‌،
7
ئه‌وه‌ی دوازده‌ هۆزه‌كه‌مان شه‌و و ڕۆژ به‌ په‌رۆشه‌وه‌ خواپه‌رستی ده‌كه‌ن، به‌ هیوای ده‌ستكه‌وتنی. ئه‌ی پاشا، له‌به‌ر ئه‌م هیوایه‌ جوله‌كه‌ تۆمه‌تبارم ده‌كه‌ن.
8
بۆچی ئێوه‌ باوه‌ڕ ناكه‌ن كه‌ خودا مردووان هه‌ڵده‌ستێنیته‌وه‌؟
9
«له‌ ڕاستیدا خۆم پێم وابوو كه‌ پێویسته‌ زۆر شت له‌ دژی ناوی عیسای ناسیره‌یی بكه‌م.
10
له‌ ئۆرشه‌لیم ئه‌وه‌م كرد، ده‌سه‌ڵاتم له‌ كاهینانی باڵا وه‌رگرت و زۆر كه‌سم له‌ گه‌لی پیرۆزی خودا خسته‌ زیندانه‌وه‌، بۆ كوشتنیان ده‌نگم ده‌دا.
11
له‌ هه‌موو كه‌نیشته‌كان زۆر جار سزام ده‌دان تاكو ناچاریان بكه‌م كفر بكه‌ن. ئه‌وه‌نده‌ ڕقم لێیان بوو ته‌نانه‌ت له‌ شاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ش ده‌مچه‌وساندنه‌وه‌.
12
«له‌وه‌دا به‌ ده‌سه‌ڵات و مۆڵه‌تی كاهینانی باڵا ده‌چوومه‌ دیمه‌شق.
13
جا ئه‌ی پاشا، له‌ نیوه‌ڕۆدا به‌ ڕێگاوه‌ ڕووناكییه‌كم له‌ ئاسمانه‌وه‌ بینی، دره‌وشاوه‌تر له‌ تیشكدانه‌وه‌ی ڕۆژ، ده‌وروبه‌ری من و هاوڕێیانمی ڕووناك كرده‌وه‌.
14
هه‌موومان كه‌وتینه‌ سه‌ر زه‌وی. ئینجا گوێم له‌ ده‌نگێك بوو به‌ زمانی عیبری پێی فه‌رمووم: ”شاول، شاول، بۆچی ده‌مچه‌وسێنیته‌وه‌؟ بۆت زه‌حمه‌ته‌ لوشكه‌ له‌ نه‌قیزه‌ی من باوێی[b] .“
15
«منیش گوتم: ”تۆ كێیت گه‌وره‌م؟“
«مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ فه‌رمووی: ”من عیسام، ئه‌وه‌ی تۆ ده‌یچه‌وسێنیته‌وه‌.
16
به‌ڵام هه‌سته‌ و له‌سه‌ر پێیه‌كانت ڕابوه‌سته‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ بۆت ده‌ركه‌وتم، كه‌ وه‌ك خزمه‌تكار و شایه‌ت هه‌ڵتبژێرم بۆ ئه‌وه‌ی بینیت و ئه‌وه‌ی تێیدا بۆت ده‌رده‌كه‌وم.
17
ڕزگارت ده‌كه‌م له‌ گه‌له‌كه‌ت و له‌و نه‌ته‌وانه‌ی تۆیان بۆ ده‌نێرم
18
تاكو چاویان بكه‌یته‌وه‌، تاكو له‌ تاریكی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ڕووناكی، له‌ ده‌سه‌ڵاتی شه‌یتان بۆ خودا، ئه‌وسا لێخۆشبوونی گوناه وه‌رده‌گرن و له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی به‌ باوه‌ڕیان به‌ من پیرۆزكراون به‌شیان ده‌بێت.“
19
«له‌وساوه‌ سه‌رپێچی بینینی ئاسمانیم نه‌كردووه‌، ئه‌ی شا ئه‌گریپاس،
20
به‌ڵكو یه‌كه‌م جار بۆ دانیشتووانی دیمه‌شق و ئۆرشه‌لیم ڕامگه‌یاند، تاكو هه‌موو ناوچه‌ی یه‌هودیا و نه‌ته‌وه‌كانیش تۆبه‌ بكه‌ن و بۆ خودا بگه‌ڕێنه‌وه‌، كردارێك بكه‌ن له‌ تۆبه‌كردن بوه‌شێته‌وه‌.
21
له‌به‌ر ئه‌مه‌ جوله‌كه‌كان له‌ حه‌وشه‌كانی په‌رستگادا منیان گرت و هه‌وڵیان دا بمكوژن.
22
به‌ڵام له‌ خوداوه‌ یارمه‌تیم ده‌ستكه‌وت و تاكو ئه‌مڕۆ وه‌ستاوم، شایه‌تی بۆ گه‌وره‌ و بچووك ده‌ده‌م. هیچ ناڵێم جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ران و موسا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی خه‌ریكه‌ ڕووده‌دات گوتوویانه‌،
23
كه‌ مه‌سیحه‌كه‌ ئازار بچێژێت، یه‌كه‌می هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان بێت، خه‌ریكه‌ ڕووناكی بۆ گه‌له‌كه‌ی و نه‌ته‌وه‌كان ڕابگه‌یه‌نێت.»
24
كاتێك پۆڵس به‌م قسانه‌ به‌رگری له‌ خۆی ده‌كرد، فێستۆس هاواری كرد: «پۆڵس شێت بوویت! زۆری زاناییت شێتی كردوویت.»
25
پۆڵس گوتی: «فێستۆسی پایه‌به‌رز، شێت نیم، به‌ڵام قسه‌ی ڕاست و شیاو ده‌كه‌م.
26
ئه‌م پاشایه‌ی ئازادانه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، ئه‌م شتانه‌ ده‌زانێت، دڵنیام هیچ له‌مانه‌ له‌لای شاراوه‌ نییه‌، چونكه‌ ئه‌م كارانه‌ له‌ سووچێك نه‌كراون.
27
ئه‌گریپاسی پاشا، باوه‌ڕت به‌ پێغه‌مبه‌ران هه‌یه‌؟ ده‌زانم باوه‌ڕت هه‌یه‌.»
28
ئه‌گریپاس به‌ پۆڵسی گوت: «ده‌ته‌وێت به‌م كاته‌ كه‌مه‌ قه‌ناعه‌تم پێ بهێنی ببمه‌ مه‌سیحی؟»
29
پۆڵس گوتی: «كاتی كه‌م یان زۆر، له‌ خودا ده‌پاڕێمه‌وه‌ نه‌ك ته‌نها تۆ، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ گوێم لێ ده‌گرن وه‌ك منتان لێ بێت، به‌ڵام بێ ئه‌م زنجیرانه‌.»
30
جا پاشا و فه‌رمانڕه‌وا و به‌رنیكی و ئاماده‌بووان هه‌ستان،
31
ده‌ڕۆیشتن و به‌ یه‌كتریان ده‌گوت: «ئه‌م پیاوه‌ شتێكی نه‌كردووه‌ شایانی سزای مردن یان گرتن بێت.»
32
ئه‌گریپاس به‌ فێستۆسی گوت: «ئه‌گه‌ر ئه‌م پیاوه‌ داواكارییه‌كه‌ی نه‌دابووایه‌ قه‌یسه‌ر، ده‌كرا ئازاد بكرایه‌.»
  1. a. 26‏:4 مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ كاتێك له‌ كیلیكیا بووه‌
  2. b. 26‏:14 په‌ندێكی یۆنانییه‌ بۆ به‌رهه‌ڵستیكردنی بێ سوود به‌كاردێت.