عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
گه‌شتی پۆڵس به‌ره‌و ڕۆما 
1
كاتێك بڕیار درا به‌ ده‌ریادا بۆ ئیتالیا بڕۆین، پۆڵس و هه‌ندێك به‌ندكراوی دیكه‌ درانه‌ ده‌ست سه‌رپه‌لێك له‌ سوپای ئیمپڕاتۆر ناوی یولیۆس بوو.
2
سواری كه‌شتییه‌كی ئه‌درامیتی بووین، كه‌ به‌ته‌مابوو به‌ چه‌ند شوێنێكی ئاسیادا بڕوات، جا به‌ڕێكه‌وتین. ئه‌ریستارخۆسی مه‌كدۆنیمان له‌گه‌ڵ بوو، خه‌ڵكی سالۆنیكییا.
3
بۆ به‌یانی گه‌یشتینه‌ سه‌یدا. یولیۆس له‌گه‌ڵ پۆڵس باش بوو، ڕێگای دا بچێته‌ لای براده‌رانی تاكو پێویستییه‌كانی دابین بكه‌ن.
4
ئینجا له‌وێوه‌ به‌ڕێكه‌وتین و به‌ په‌نای قوبرسدا ڕۆیشتین، چونكه‌ با پێچه‌وانه‌ بوو.
5
كه‌ ئه‌و ده‌ریایه‌مان بڕی، ئه‌وه‌ی له‌ته‌نیشت كیلیكیا و پامفیلیایه‌، له‌ میرای لیكیه‌ دابه‌زین.
6
له‌وێ سه‌رپه‌له‌كه‌ كه‌شتییه‌كی دۆزییه‌وه‌ ئه‌سكه‌نده‌ری بوو ده‌چووه‌ ئیتالیا، سواری كردین.
7
كه‌شتییه‌كه‌ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌ هێواشی ده‌ڕۆیشت و به‌ زه‌حمه‌ت له‌ كنیدۆس نزیك كه‌وتینه‌وه‌، بایه‌كه‌ نه‌یهێشت زیاتر بڕۆین، به‌ په‌نای كریتدا و له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رلمۆن ڕۆیشتین.
8
به‌ زه‌حمه‌ت تێپه‌ڕمان كرد و گه‌یشتینه‌ شوێنێك پێی ده‌گوترێ به‌نده‌ره‌ باشه‌كان، كه‌ له‌ شاری له‌سائیه‌ نزیكه‌.
9
له‌دوای تێپه‌ڕینی ماوه‌یه‌كی زۆر گه‌شتی ده‌ریایی ترسناك بوو چونكه‌ ڕۆژی كه‌فاره‌ت[a] به‌سه‌رچووبوو، هه‌ر بۆیه‌ پۆڵس ئاگاداری كردنه‌وه‌ و
10
پێی گوتن: «كوڕینه‌، ده‌بینم گه‌شته‌كه‌ به‌ تێكشكان و زیانێكی گه‌وره‌وه‌ ده‌بێت، نه‌ك ته‌نها بۆ كه‌شتی و باره‌كه‌ی، به‌ڵكو بۆ ژیانیشمان.»
11
به‌ڵام سه‌رپه‌له‌كه‌ لایه‌نگری كه‌شتیوان و خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌كرد، نه‌ك قسه‌ی پۆڵس.
12
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌نده‌ره‌كه‌ بۆ به‌سه‌ربردنی زستان باش نه‌بوو، بۆیه‌ زۆربه‌یان بڕیاریان دا ئه‌وێش به‌جێبهێڵن، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ فینكس تاكو زستانی تێدا به‌سه‌رببه‌ن، كه‌ به‌نده‌رێكی كریت بوو ڕووه‌و باشووری ڕۆژهه‌ڵات و باكووری ڕۆژئاوا.
گه‌شتێكی ترسناك 
13
كه‌ شنه‌بای باشوور هه‌ڵیكرد، وایانزانی به‌ مرازیان گه‌یشتن، له‌نگه‌ریان به‌رزكرده‌وه‌ و به‌ نزیك كه‌ناری كریتدا تێده‌په‌ڕین.
14
به‌ڵام دوای كه‌مێك تۆفانێك كه‌ به‌ «باكووری ڕۆژهه‌ڵات» ناسراوه‌ له‌لای دوورگه‌كه‌وه‌ هه‌ڵیكرد و
15
كه‌شتییه‌كه‌ی گرته‌وه‌ و نه‌یتوانی ڕووبه‌ڕووی بێته‌وه‌، خۆمان به‌ده‌سته‌وه‌ دا و تۆفانه‌كه‌ ئێمه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی برد.
16
تۆفانه‌كه‌ به‌ره‌و ئێمه‌ی په‌نای دوورگه‌یه‌كی بچووك برد كه‌ ناوی كه‌ودا بوو، به‌ زه‌حمه‌ت توانیمان به‌له‌می ڕزگاربوون بخه‌ینه‌ ژێر ڕكێفمانه‌وه‌.
17
كاتێك به‌له‌مه‌كه‌یان به‌رز كرده‌وه‌، گوریسیان بۆ به‌ستنه‌وه‌ی كه‌شتییه‌كه‌ به‌كارده‌هێنا. ده‌ترسان بكه‌ونه‌ ناو ته‌نكاوی[b] سیرتیس، بۆیه‌ له‌ كه‌شتییه‌كه‌وه‌ له‌نگه‌ری ده‌ریایان[c] دابه‌زاند، به‌و شێوه‌یه‌ تۆفانه‌كه‌ كه‌شتییه‌كه‌ی برد.
18
بۆ به‌یانی ڕه‌شه‌باكه‌ توند بوو، ده‌ستیان به‌ سووككردنی باره‌كه‌ كرد.
19
له‌ ڕۆژی سێیه‌م به‌ ده‌ستی خۆیان كه‌لوپه‌لی كه‌شتییه‌كه‌یان فڕێدا.
20
ماوه‌یه‌كی درێژ نه‌ خۆرمان بینی و نه‌ ئه‌ستێره‌، ڕه‌شه‌باكه‌ به‌هێزتر ده‌بوو، له‌ كۆتاییدا هه‌موو هیوایه‌كی ڕزگاربوونمان بڕا.
21
كاتێك ماوه‌یه‌كی زۆر بوو نانیان نه‌خواردبوو، پۆڵس له‌ناوه‌ڕاستیان ڕاوه‌ستا و گوتی: «كوڕینه‌، ده‌بووایه‌ گوێتان له‌ من بگرتایه‌ و كریتتان به‌جێ نه‌هێشتایه‌، ئه‌وسا له‌م تێكشكان و زیانه‌ دوور ده‌بوون.
22
ئێستاش لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌ وره‌ به‌رنه‌ده‌ن، كه‌ستان ژیانی له‌ده‌ست نادات، كه‌شتییه‌كه‌ نه‌بێت،
23
چونكه‌ ئه‌مشه‌و فریشته‌ی ئه‌و خودایه‌ی من هی ئه‌وم و ده‌یپه‌رستم هاته‌ لام،
24
گوتی: ”پۆڵس مه‌ترسه‌! ده‌بێت تۆ له‌به‌رده‌م قه‌یسه‌ر ڕاوه‌ستیت و ئه‌وه‌تا خودا ژیانی هه‌موو ئه‌وانه‌ت ده‌داتێ كه‌ له‌گه‌ڵت گه‌شت ده‌كه‌ن.“
25
كه‌واته‌ كوڕینه‌، وره‌به‌رز بن، چونكه‌ باوه‌ڕم به‌ خودا هه‌یه‌ كه‌ ئاوا ده‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێی فه‌رمووم.
26
به‌ڵام ده‌بێت بكه‌وینه‌ سه‌ر دوورگه‌یه‌ك.»
27
له‌ شه‌وی چوارده‌یه‌میندا كه‌ هێشتا تۆفانه‌كه‌ له‌ ده‌ریای ئه‌دریا كه‌شتییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌برد، له‌ نیوه‌شه‌ودا كه‌شتیوانان وایانزانی له‌ وشكانی نزیك ده‌بنه‌وه‌.
28
كه‌ پێوایان بینییان بیست باڵایه‌[d] . كه‌مێك ڕۆیشتن و پێوایانه‌وه‌ بینییان پازده‌ باڵایه‌.
29
ده‌ترسان نه‌وه‌ك بكه‌ونه‌ سه‌ر به‌رد، له‌ پشته‌وه‌ چوار له‌نگه‌ریان شۆڕكرده‌وه‌ و ده‌پاڕانه‌وه‌ تاكو ڕۆژ هه‌ڵبێت.
30
كه‌شتیوانان هه‌وڵیان دا له‌ كه‌شتییه‌كه‌ هه‌ڵبێن، به‌له‌می ڕزگاربوونیان بۆ ده‌ریا شۆڕكرده‌وه‌ به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێ چه‌ند له‌نگه‌رێك له‌ پێشه‌وه‌ شۆڕبكه‌نه‌وه‌.
31
پۆڵس به‌ سه‌رپه‌ل و سه‌ربازه‌كانی گوت: «ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ له‌ كه‌شتییه‌كه‌دا نه‌مێننه‌وه‌، ناتوانن ڕزگارتان بێت.»
32
ئه‌وسا سه‌ربازه‌كان گوریسی به‌له‌می ڕزگاربوونیان بڕی و وازیان لێی هێنا بكه‌وێت.
33
كاتێك خه‌ریك بوو ڕۆژ هه‌ڵده‌هات، پۆڵس تكای له‌ هه‌مووان كرد نان بخۆن، گوتی: «ئه‌مه‌ ڕۆژی چوارده‌یه‌مینه‌ و ئێوه‌ چاوه‌ڕوان و به‌رده‌وامن بێ ئه‌وه‌ی هیچ بخۆن و هیچ وه‌ربگرن.
34
بۆیه‌ تكاتان لێ ده‌كه‌م نان بخۆن، چونكه‌ ئه‌مه‌ بۆ ڕزگاربوونتانه‌. كه‌ستان تاڵێك له‌ قژی سه‌ری نافه‌وتێت.»
35
كه‌ ئه‌مه‌ی گوت، نانێكی هه‌ڵگرت و له‌به‌رده‌م هه‌مووان سوپاسی خودای كرد، ئینجا له‌تی كرد و ده‌ستی به‌ خواردن كرد.
36
ئیتر هه‌موویان وره‌یان به‌رزبووه‌وه‌ و نانیان خوارد.
37
ئه‌وانه‌ی ناو كه‌شتییه‌كه‌ هه‌موومان دوو سه‌د و حه‌فتا و شه‌ش كه‌س بووین.
38
كه‌ تێر نانیان خوارد، به‌ فڕێدانی دانه‌وێڵه‌كه‌ بۆ ناو ده‌ریا كه‌شتییه‌كه‌یان سووككرد.
تێكشكانی كه‌شتییه‌كه‌ 
39
كاتێك ڕۆژبووه‌وه‌، كه‌شتیوانه‌كان نه‌یانزانی له‌ چ شوێنێكدان، به‌ڵام كه‌نداوێكیان بینی كه‌ناری هه‌بوو، ده‌یانویست ئه‌گه‌ر بتوانن كه‌شتییه‌كه‌ به‌ره‌و ئه‌وێ ببه‌ن.
40
ئینجا له‌نگه‌ره‌كانیان پساند و له‌ ده‌ریادا به‌جێیان هێشتن، له‌ هه‌مان كاتدا گوریسی سه‌وڵه‌كانی ئاراسته‌كردنیان شلكرد و بایه‌وانه‌كه‌ی پێشه‌وه‌یان كرده‌وه‌ بۆ بایه‌ هه‌ڵكردووه‌كه‌، به‌ره‌و كه‌ناره‌كه‌ ڕۆیشتن.
41
به‌ڵام كه‌وته‌ ته‌نكاو و كه‌شتییه‌كه‌یان به‌ره‌و وشكانی برد، كه‌ پێشه‌كه‌ی گیربوو و نه‌جوڵا، له‌به‌ر توندی شه‌پۆله‌كان پشته‌وه‌ی تێكده‌شكا.
42
پلانی سه‌ربازه‌كان ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌ندكراوان بكوژن نه‌وه‌ك كه‌سیان مه‌له‌ بكات و هه‌ڵبێت.
43
به‌ڵام سه‌رپه‌له‌كه‌ ده‌یویست پۆڵس ڕزگار بكات، پلانه‌كه‌ی ڕاگرتن، فه‌رمانی دا ئه‌وانه‌ی ده‌توانن مه‌له‌ بكه‌ن با یه‌كه‌م جار ئه‌وان خۆیان فڕێبده‌ن و بگه‌نه‌ وشكانی.
44
ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌ندێكیان به‌ ته‌خته‌ و هه‌ندێكیان به‌ پارچه‌كانی كه‌شتییه‌كه‌. ئیتر هه‌موو به‌ سه‌لامه‌تی گه‌یشتنه‌ وشكانی.
  1. a. 27‏:9 ڕۆژی كه‌فاره‌ت ده‌كه‌وێته‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌م (مانگی 10)، پیرۆزترین ڕۆژی جوله‌كه‌كانه‌ و له‌م ڕۆژه‌دا به‌ڕۆژوو ده‌بن. بڕوانه‌\+xt لێڤییه‌كان 23‏:27‏-28.‏\+xt*‏
  2. b. 27‏:17 شوێنێك له‌نێوان دوو ده‌ریا، قووڵایی كه‌مه‌.
  3. c. 27‏:17 له‌نگه‌ری ده‌ریا: له‌نگه‌رێكی تایبه‌ته‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خێرایی كه‌شتی به‌كارده‌هێنرێت.
  4. d. 27‏:28 نزیكه‌ی 37 مه‌تر.