عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بابه‌تی پۆڵس له‌لای قه‌یسه‌ر 
1
كاتێك فێستۆس گه‌یشته‌ هه‌رێمه‌كه‌، له‌دوای سێ ڕۆژ له‌ قه‌یسه‌رییه‌وه‌ چووه‌ ئۆرشه‌لیم.
2
كاهینانی باڵا و ڕابه‌رانی جوله‌كه‌ سكاڵایان له‌ پۆڵس كرد و لێی پاڕانه‌وه‌،
3
تكایان لێكرد چاكه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ بكات به‌وه‌ی پۆڵس بنێرێته‌ ئۆرشه‌لیم، چونكه‌ له‌سه‌ر ڕێگا بۆسه‌یان بۆ نابووه‌وه‌ تاكو بیكوژن.
4
فێستۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «پۆڵس له‌ قه‌یسه‌رییه‌ ده‌ستبه‌سه‌ره‌ و خۆشم به‌ زوویی ده‌چم بۆ ئه‌وێ.»
5
ئینجا گوتی: «با گه‌وره‌ پیاوانتان له‌گه‌ڵم بێن، ئه‌گه‌ر پیاوه‌كه‌ خراپه‌یه‌كی هه‌یه‌، با سكاڵای لێ بكه‌ن.»
6
دوای هه‌شت تاكو ده‌ ڕۆژ له‌گه‌ڵیان مایه‌وه‌، چوو بۆ قه‌یسه‌رییه‌. بۆ به‌یانی له‌سه‌ر كورسی دادوه‌ری دانیشت، فه‌رمانی دا پۆڵس بهێنن.
7
كاتێك هات، ئه‌و جوله‌كانه‌ی له‌ ئۆرشه‌لیم هاتبوون لێی كۆبوونه‌وه‌، تاوانی زۆر و ترسناكیان خسته‌ پاڵی، به‌ڵام نه‌یانتوانی بیسه‌لمێنن.
8
ئه‌وسا پۆڵس به‌رگری له‌ خۆی كرد: «هیچ شتێكم له‌ دژی ته‌وراتی جوله‌كه‌ یان په‌رستگا یان قه‌یسه‌ر نه‌كردووه‌.»
9
به‌ڵام فێستۆس ده‌یویست چاكه‌ له‌گه‌ڵ جوله‌كه‌دا بكات، له‌ پۆڵسی پرسی: «ده‌ته‌وێ بچیته‌ ئۆرشه‌لیم و له‌وێ سه‌باره‌ت به‌م شتانه‌ دادگاییت بكه‌م؟»
10
پۆڵس گوتی: «له‌به‌رده‌م كورسی دادوه‌ری قه‌یسه‌ر وه‌ستاوم، ده‌بێت لێره‌ش دادگایی بكرێم. خراپه‌م له‌گه‌ڵ جوله‌كه‌ نه‌كردووه‌، خۆت باش ده‌زانیت.
11
ئه‌گه‌ر تاوانێكم كردبێت شایانی سزای مردن بێت، ئه‌وا له‌ مردن ڕامنه‌ده‌كرد. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و شتانه‌ی منی پێ تاوانبار ده‌كه‌ن ڕاست نه‌بێت، ئه‌وا كه‌س ناتوانێت بمداته‌ ده‌ستیان. داواكه‌م ده‌ده‌مه‌ قه‌یسه‌ر!»
12
ئینجا فێستۆس له‌گه‌ڵ ڕاوێژكاران قسه‌ی كرد و وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «داواكه‌ت دایه‌ قه‌یسه‌ر، ده‌چیته‌ لای قه‌یسه‌ر!»
ڕاوێژی فێستۆس به‌ ئه‌گریپاس 
13
دوای چه‌ند ڕۆژێك شا ئه‌گریپاس و به‌رنیكی هاتنه‌ قه‌یسه‌رییه‌ تاكو سڵاو له‌ فێستۆس بكه‌ن.
14
كاتێك چه‌ند ڕۆژێكیان له‌وێ به‌سه‌ربرد، فێستۆس بابه‌تی پۆڵسی خسته‌ به‌رده‌م پاشا، گوتی: «پیاوێك لێره‌یه‌ فیلیكس به‌ گیراوی به‌جێی هێشت.
15
كاتێك چوومه‌ ئۆرشه‌لیم، كاهینانی باڵا و پیرانی جوله‌كه‌ داوایان خسته‌ پێشم تاكو تاوانبار بكرێت.
16
«جا پێم گوتن نه‌ریتی ڕۆمانییه‌كان نییه‌ پێش ڕووبه‌ڕووكردنه‌وه‌ی سكاڵا لێكراو و سكاڵاكاران كه‌سێك به‌ده‌سته‌وه‌ بده‌ن، تاكو ده‌رفه‌تی به‌رگری له‌ دژی سكاڵاكه‌ هه‌بێت.
17
كاتێك لێره‌ كۆبوونه‌وه‌، خێرا بۆ به‌یانییه‌كه‌ی له‌سه‌ر كورسی دادوه‌ری دانیشتم، فه‌رمانم دا پیاوه‌كه‌ بهێنن.
18
كاتێك سكاڵاكاران به‌رامبه‌ری وه‌ستان، تاوانێكی وایان نه‌هێنا له‌وه‌ی بیرم بۆی ده‌چوو،
19
به‌ڵكو مشتومڕیان له‌سه‌ر هه‌ندێك بابه‌ت هه‌بوو تایبه‌ت به‌ ئایینیان و ده‌رباره‌ی پیاوێكی مردوو به‌ ناوی عیسا كه‌ پۆڵس ده‌ڵێت زیندووه‌.
20
كاتێك دڵنیا نه‌بووم چۆن لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م شتانه‌ بكه‌م، گوتم له‌وانه‌یه‌ حه‌ز بكات بچێته‌ ئۆرشه‌لیم و له‌وێ له‌باره‌ی ئه‌م شتانه‌ دادگایی بكرێت.
21
به‌ڵام كاتێك پۆڵس داواكارییه‌كه‌ی به‌رزكرده‌وه‌ كه‌ بۆ بڕیاری ئیمپڕاتۆر بهێڵرێته‌وه‌، فه‌رمانم دا بیهێڵنه‌وه‌ هه‌تا بۆ قه‌یسه‌ری ده‌نێرم.»
22
ئه‌گریپاس به‌ فێستۆسی گوت: «من حه‌ز ده‌كه‌م خۆم گوێ له‌م پیاوه‌ بگرم.» گوتی: «به‌یانی گوێت لێی ده‌بێت.»
23
بۆ به‌یانی ئه‌گریپاس و به‌رنیكی به‌ ئاهه‌نگێكی گه‌وره‌وه‌ هاتن، له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ و پیاوماقوڵانی شار هاتنه‌ هۆڵی گوێگرتن، فێستۆس فه‌رمانی دا و پۆڵس هێنرا.
24
فێستۆس گوتی: «شا ئه‌گریپاس و هه‌موو ئاماده‌بووانی له‌گه‌ڵماندان: ئه‌م پیاوه‌ی ده‌یبینن، هه‌موو گه‌لی جوله‌كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیم و لێره‌ لێم پاڕانه‌وه‌، هاواریان ده‌كرد كه‌ نابێت چیتر بژیێت.
25
به‌ڵام بۆم ده‌ركه‌وت هیچی نه‌كردووه‌ شایانی مردن بێت، به‌ڵام خۆی داواكارییه‌كه‌ی دایه‌ ئیمپڕاتۆر، بڕیارم دا بینێرم.
26
به‌ڵام له‌باره‌ی ئه‌مه‌ شتێكم نییه‌ به‌ دڵنیایی بۆ قه‌یسه‌ری خاوه‌ن شكۆ بینووسم. بۆیه‌ هێنامه‌ به‌رده‌متان، به‌ تایبه‌تی به‌رده‌می تۆ، شا ئه‌گریپاس، تاكو كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كرا، شتێكم هه‌بێت بینووسم،
27
چونكه‌ به‌لای منه‌وه‌ شیاو نییه‌ گیراوێك بنێرم بێ دیاریكردنی ئه‌و تاوانه‌ی له‌ ئه‌ستۆیه‌تی.»