عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بابەتی پۆڵس لەلای قەیسەر
 - 1
 - کاتێک فێستۆس گەیشتە هەرێمەکە، لەدوای سێ ڕۆژ لە قەیسەرییەوە چووە ئۆرشەلیم.
 - 2
 - کاهینانی باڵا و ڕابەرانی جولەکە سکاڵایان لە پۆڵس کرد و لە فێستۆس پاڕانەوە،
 - 3
 - تکایان لێکرد چاکەیەکیان لەگەڵ بکات بەوەی پۆڵس بنێرێتە ئۆرشەلیم، چونکە لەسەر ڕێگا بۆسەیان بۆ نابووەوە تاکو بیکوژن.
 - 4
 - فێستۆس وەڵامی دایەوە: «پۆڵس لە قەیسەرییە دەستبەسەرە و خۆشم بە زوویی دەچم بۆ ئەوێ.»
 - 5
 - ئینجا گوتی: «با گەورە پیاوانتان لەگەڵم بێن، ئەگەر پیاوەکە خراپەیەکی هەیە، با سکاڵای لێ بکەن.»
 - 6
 - دوای ئەوەی کە فێستۆس هەشت بۆ دە ڕۆژێک لەگەڵیان مایەوە، چوو بۆ قەیسەرییە. بۆ بەیانی لەسەر کورسی دادوەری دانیشت و فەرمانی دا پۆڵس بهێنن.
 - 7
 - کاتێک کە هێنایان، ئەو جولەکانەی لە ئۆرشەلیمەوە هاتبوون لێی کۆبوونەوە و تاوانی زۆر و ترسناکیان خستە پاڵی، بەڵام نەیانتوانی بیسەلمێنن.
 - 8
 - ئەوسا پۆڵس بەرگری لە خۆی کرد: «هیچ شتێکم لە دژی تەوراتی جولەکە یان پەرستگا یان قەیسەر نەکردووە.»
 - 9
 - بەڵام فێستۆس دەیویست چاکە لەگەڵ جولەکەدا بکات، لە پۆڵسی پرسی: «دەتەوێ بچیتە ئۆرشەلیم و لەوێ سەبارەت بەم شتانە دادگاییت بکەم؟»
 - 10
 - پۆڵس گوتی: «لەبەردەم کورسی دادوەری قەیسەر وەستاوم، دەبێت لێرەش دادگایی بکرێم. خراپەم لەگەڵ جولەکە نەکردووە، وەک چۆن خۆت باش دەزانیت.
 - 11
 - ئەگەر تاوانێکم کردبێت شایانی سزای مردن بێت، ئەوا لە مردن ڕامنەدەکرد. بەڵام ئەگەر ئەو شتانەی منی پێ تاوانبار دەکەن ڕاست نەبێت، ئەوا کەس ناتوانێت بمداتە دەستیان. داواکەم دەدەمە قەیسەر!»
 - 12
 - دوای ئەوەی کە فێستۆس لەگەڵ ڕاوێژکارانی قسەی کرد، گوتی: «داواکەت دایە قەیسەر، دەچیتە لای قەیسەر!»
 - ڕاوێژی فێستۆس بە ئەگریپاس
 - 13
 - دوای چەند ڕۆژێک شا ئەگریپاس و بەرنیکی هاتنە قەیسەرییە تاکو سڵاو لە فێستۆس بکەن.
 - 14
 - کاتێک چەند ڕۆژێکیان لەوێ بەسەربرد، فێستۆس بابەتی پۆڵسی خستە بەردەم پاشا و گوتی: «پیاوێک لێرەیە فیلیکس بە گیراوی بەجێی هێشت.
 - 15
 - کاتێک چوومە ئۆرشەلیم، کاهینانی باڵا و پیرانی جولەکە داوایان خستە پێشم تاکو تاوانبار بکرێت.
 - 16
 - «جا پێم گوتن نەریتی ڕۆمانییەکان نییە پێش ڕووبەڕووکردنەوەی سکاڵا لێکراو و سکاڵاکاران کەسێک بەدەستەوە بدەن، تاکو دەرفەتی بەرگری لە دژی سکاڵاکە هەبێت.
 - 17
 - کاتێک لێرە کۆبوونەوە، خێرا بۆ بەیانییەکەی لەسەر کورسی دادوەری دانیشتم و فەرمانم دا کە پیاوەکە بهێنن.
 - 18
 - کاتێک سکاڵاکاران بەرامبەری وەستان، تۆمەتێکی وایان نەدایە پاڵی کە من چاوەڕێم دەکرد،
 - 19
 - بەڵکو مشتومڕیان لەسەر هەندێک بابەتی تایبەت بە ئایینەکەیان و پیاوێکی مردوو بوو بە ناوی عیسا، کە پۆڵس دەڵێت زیندووە.
 - 20
 - کاتێک دڵنیا نەبووم چۆن لێکۆڵینەوە لەم شتانە بکەم، گوتم لەوانەیە حەز بکات بچێتە ئۆرشەلیم و لەوێ لەسەر ئەم شتانە دادگایی بکرێت.
 - 21
 - بەڵام کاتێک پۆڵس داواکارییەکەی بەرزکردەوە کە بۆ بڕیاری ئیمپراتۆر بهێڵدرێتەوە، فەرمانم دا بیهێڵنەوە هەتا بۆ قەیسەری دەنێرم.»
 - 22
 - ئەگریپاس بە فێستۆسی گوت: «من حەز دەکەم خۆم گوێ لەم پیاوە بگرم.» گوتی: «بەیانی گوێت لێی دەبێت.»
 - 23
 - بۆ بەیانی ئەگریپاس و بەرنیکی بە پێشوازییەکی گەورە و شکۆدارەوە هاتن و لەگەڵ فەرماندە و پیاوماقوڵانی شاردا هاتنە هۆڵی گوێگرتن. فێستۆس فەرمانی دا و پۆڵس هێنرا.
 - 24
 - فێستۆس گوتی: «شا ئەگریپاس و هەموو ئامادەبووان کە لەگەڵماندان، ئەم پیاوەی دەیبینن، ئەو کەسەیە کە هەموو گەلی جولەکە لە ئۆرشەلیم و لێرە لێم پاڕانەوە و هاواریان دەکرد کە نابێت چیتر بژیێت.
 - 25
 - بۆم دەرکەوت هیچی نەکردووە شایانی مردن بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کە خۆی داواکارییەکەی دایە ئیمپراتۆر، بڕیارم دا بینێرم بۆ لای.
 - 26
 - لەبەر ئەوەی لەبارەی ئەمەوە شتێکم نییە کە بە دڵنیاییەوە بۆ قەیسەری خاوەن شکۆی بنووسم، بۆیە هێنامە بەردەمتان، بە تایبەتی بەردەمی تۆ، شا ئەگریپاس، تاکو کە لێکۆڵینەوە کرا، شتێکم هەبێت بینووسم،
 - 27
 - چونکە بەلای منەوە شیاو نییە گیراوێک بنێرم بێ دیاریکردنی ئەو تاوانەی لە ئەستۆیەتی.»
 

