عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هاتنی ڕۆحی پیرۆز 
1
کە ڕۆژی پەنجایەمین[a] هات، هەموو باوەڕداران پێکەوە لە یەک شوێندا بوون،
2
لەناکاو دەنگێک لە ئاسمانەوە وەک ڕەشەبا هات، ئەو ماڵەی پڕکرد کە تێیدا دانیشتبوون.
3
ئینجا چەند زمانێکی دابەشبوو وەک ئاگر بۆیان دەرکەوت و لەسەر هەریەکەیان نیشتەوە.
4
جا هەموویان پڕبوون لە ڕۆحی پیرۆز و دەستیان پێکرد بە زمانەکانی دیکە بدوێن، وەک ڕۆح پێی بەخشین.
5
لەو کاتەدا جولەکەی لەخواترسی هەموو نەتەوەکانی ژێر ئاسمان لە ئۆرشەلیم مابوونەوە.
6
کاتێک دەنگەکە هات، خەڵک کۆبوونەوە و بووە پەشێوی، چونکە هەریەکەیان گوێی لە زمانی خۆی دەبوو پێی دەدوان.
7
حەپەسابوون و بە سەرسامییەوە گوتیان: «باشە هەموو ئەوانەی قسە دەکەن جەلیلی نین؟
8
ئەی چۆن هەریەکەمان گوێی لە زمانی دایکیی خۆی دەبێت؟
9
ئێمەی خەڵکی پەرتیا و میدیا و ئیلامی، دانیشتووانی میسۆپۆتامیا، یەهودیا و کەپەدۆکیا، پۆنتۆس و ئاسیا،
10
فریجیا و پامفیلیا، میسر و ناوچەکانی لیبیای ڕووەو کورێن[b] ، هەروەها میوانەکانی ڕۆما،
11
جولەکە و ئەوانەشی ببوون بە جولەکە، کریتی و عەرەب، ئەوەتا گوێمان لێیانە بە زمانی خۆمان باسی کردارە مەزنەکانی خودا دەکەن.»
12
هەموو سەرسام و حەپەسا بوون، بە یەکتریان دەگوت: «دەبێ ئەمە واتای چی بێت؟»
13
هەندێکی دیکە بە گاڵتە پێکردنەوە دەیانگوت: «شەرابی نوێیان زۆر خواردووەتەوە.»
یەکەم وتاری پەترۆس 
14
پەترۆس لەگەڵ یازدە نێردراوەکەی دیکەی عیسا ڕاوەستا، بە دەنگی بەرز بە خەڵکی ڕاگەیاند: «ئەی پیاوانی جولەکە و هەموو ئەوانەی لە ئۆرشەلیم دانیشتوون، با ئەمە لەلاتان زانراو بێت و گوێ لە قسەکانم بگرن،
15
چونکە وەک بیردەکەنەوە ئەمانە سەرخۆش نین، لەبەر ئەوەی هێشتا کاتژمێر نۆی[c] بەیانییە!
16
بەڵکو لە ڕێگەی پێغەمبەر یۆئێلەوە گوتراوە:
17
«﴿خودا دەفەرموێ، لە ڕۆژانی کۆتاییدا
ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم.
کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن،
گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت،
پیرەمێردەکانتان خەون دەبینن.
18
تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم،
لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم و
ئەوانیش پەیامی خودا ڕادەگەیەنن.
19
لە سەرەوە لە ئاسمان پەرجوو[d] و
لە خوارەوە لەسەر زەوی نیشانە دەکەم:
خوێن و ئاگر و ستوونی دووکەڵ.
20
خۆر دەبێتە تاریکی و
مانگیش دەبێتە خوێن،
بەر لەوەی ڕۆژی گەورە و شکۆداری یەزدان بێت.
21
جا هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە،
ڕزگاری دەبێت.﴾[e]
22
«پیاوانی ئیسرائیل، گوێ لەم قسانە بگرن: عیسای ناسیرەیی پیاوێکە بۆتان سەلمێنرا، بە پەرجوو و کاری مەزن و نیشانە لەلایەن خوداوە لایەنگری کراوە، کە خودا لە ڕێگەی ئەوەوە لەنێوتان ئەنجامی دا، وەک خۆتان دەزانن.
23
ئەم بەگوێرەی خواستی بڕیارلەسەردراو و زانینی پێشووی خودا داتانە دەست، بە دەستی گوناهباران لە خاچتان دا و کوشتتان.
24
بەڵام خودا هەڵیستاندەوە و لە ئازاری مردن ئازادی کرد، لەبەر ئەوەی نەدەکرا لە چنگیدا بمێنێتەوە.
25
سەبارەت بە ئەو داود گوتوویەتی:
«﴿هەمیشە یەزدانم لەبەردەمم دەبینی،
لەبەر ئەوەی لەلای دەستەڕاستمەوەیە، ناهەژێم.
26
بۆیە دڵشادم و زارم خۆشی دەردەبڕێت،
تەنانەت جەستەم لە هیوادا نیشتەجێ دەبێت،
27
چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا[f] بەجێناهێڵیت،
هەروەها ڕێگا نادەیت دڵسۆزەکەی تۆ لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
28
ڕێگاکانی ژیانت پێ ناساندم،
تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە.﴾[g]
29
«برایان، با بە ڕاشکاوی پێتان بڵێم کە داودی باوکمان مرد و نێژرا، گۆڕەکەشی تاکو ئەمڕۆ لەلامانە.
30
ئەویش کە پێغەمبەر بوو، دەیزانی خودا سوێندی خواردووە و بەڵێنی پێداوە کە لە بەری پشتی ئەو لەسەر تەختەکەی دادەنیشێت.
31
پێشبینیی کرد و باسی هەستانەوەی مەسیحەکەی[h] کرد، کە نە لە جیهانی مردوواندا بەجێهێڵرا و نە جەستەشی بۆگەن بوو.
32
ئەم عیسایە خودا هەڵیستاندەوە، ئێمەش هەموومان شایەتین بۆی.
33
ئینجا بۆ لای دەستەڕاستی خودا بەرزکرایەوە کە بەڵێنی ڕۆحی پیرۆزی لە باوکەوە وەرگرت، ئەمەی ڕژاند کە ئێوە دەیبینن و دەیبیستن.
34
داود بۆ ئاسمان بەرز نەکرایەوە، بەڵکو خۆی دەڵێت:
«﴿یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
”لە دەستەڕاستم دابنیشە
35
هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ[i] بۆ پێیەکانت.“﴾[j]
36
«بۆیە با هەموو ماڵی ئیسرائیل بە دڵنیاییەوە بزانن کە ئەم عیسایەی ئێوە لە خاچتان دا، خودا کردی بە مەسیحی خاوەن شکۆ.»
37
کاتێک ئامادەبووان گوێیان لەم قسانە بوو، کاری کردە سەر دڵیان، بە پەترۆس و نێردراوانی دیکەیان گوت: «برایان، چی بکەین؟»
38
پەترۆس وەڵامی دانەوە: «تۆبە بکەن، با هەریەکەتان بە ناوی عیسای مەسیحەوە لە ئاو هەڵبکێشرێت بۆ لێخۆشبوونی گوناهەکانتان و ڕۆحی پیرۆز بە دیاری وەردەگرن.
39
ئەم بەڵێنەش بۆ خۆتان و منداڵەکانتان و بۆ هەموو ئەوانەیە کە دوورن[k] و یەزدانی پەروەردگارمان بانگیان دەکات.»
40
بە زۆر قسەی دیکەش ئاگاداری کردنەوە و لێیان پاڕایەوە: «خۆتان لەم نەوە لار و چەوتە ڕزگار بکەن.»
41
ئەوانەی کە قسەکەیان وەرگرت لە ئاو هەڵکێشران، لەو ڕۆژەدا نزیکەی سێ هەزار کەس هاتنە ڕیزی باوەڕدارانەوە.
هاوبەشیی باوەڕداران 
42
ئیتر ئەوان پەیوەستبوون لەسەر فێرکردنی نێردراوان و هاوبەشییەتی[l] ، لەتکردنی نان[m] و نوێژکردن.
43
هەموو لە ناخەوە سام دایگرتبوون، چونکە زۆر پەرجوو و نیشانە لەسەر دەستی نێردراوان کران.
44
باوەڕداران هەموو پێکەوە بوون و لە هەرچی هەیانبوو هاوبەش بوون.
45
ماڵوموڵکی خۆیان دەفرۆشت و بەگوێرەی پێویستی هەریەکەیان دابەشیان دەکرد.
46
ڕۆژانە بە یەک دڵ بەردەوام لە حەوشەکانی پەرستگا دەبوون، لە ماڵەکاندا نانیان لەتدەکرد، بە خۆشی و دڵپاکییەوە پێکەوە نانیان دەخوارد،
47
ستایشی خودایان دەکرد و لەلای هەموو خەڵک پەسەند بوون. مەسیحی خاوەن شکۆش ڕۆژانە ئەوانەی دەهێنایە پاڵیان کە ڕزگاریان دەبوو.
  1. a. 2‏:1 پەنجایەمین ڕۆژ لەدوای جەژنی پەسخە، هەروەها ڕۆژی جەژنی دروێنەیە، بڕوانە دەرچوون 23‏:16‏–34‏:22 و دواوتار 16‏:9‏-12.‏‏
  2. b. 2‏:10 گەورەترین شار لە وڵاتی لیبیا لەم سەردەمەدا.‏
  3. c. 2‏:15 یۆنانی: کاتژمێری سێیەم.‏
  4. d. 2‏:19 پەرجوو: موعجیزە.‏
  5. e. 2‏:21 یۆئێل 2‏:28‏-32‏‏
  6. f. 2‏:27 یۆنانی: \+tl هادیس‏\+tl*: بڕوانە پەراوێزی مەتا 11‏:23‏‏.‏
  7. g. 2‏:28 زەبوورەکان 16‏:8‏-11‏‏
  8. h. 2‏:31 بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ \+tl مەشیخ‏\+tl* یان \+tl مەشیح‏\+tl*. بە زمانی یۆنانی دەبێتە \+tl کریستۆس‏\+tl*، کە بە واتای (دەستنیشانکراو) لەلای خودا دێت کە ڕزگارکەری گەلەکەیەتی. بڕوانە یەکەم ساموئێل 16.‏
  9. i. 2‏:35 تەختەپێ: لەبەر بەرزی ئاستی کورسی مێزێکی بچووکە دەخرێتە ژێر پێ.‏
  10. j. 2‏:35 زەبوورەکان 110‏:1‏‏
  11. k. 2‏:39 ئەوانەی دوورن: مەبەستی لەوانەیە کە لە نەتەوەکانی دیکەن و یەزدان بانگیان دەکات.‏
  12. l. 2‏:42 پێکەوە ژیان و بەشداریکردنی یەکتر لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە.‏
  13. m. 2‏:42 پێکەوە نانخواردن و دواتریش یادکردنەوەی شێوی مەسیح. بڕوانە یەکەم کۆرنسۆس 11‏:23‏‏.‏