عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - پۆڵس لە ئەفەسۆس
 - 1
 - لە کاتێکدا کە ئەپۆلۆس لە کۆرنسۆس بوو، پۆڵس بە ڕێگاکانی ناوەوە تێپەڕی و هاتە ئەفەسۆس. لەوێ چاوی بە هەندێک قوتابی کەوت،
 - 2
 - لێی پرسین: «کاتێک باوەڕتان هێنا، ڕۆحی پیرۆزتان وەرگرت؟»
کەچی وەڵامیان دایەوە: «نەخێر! تەنانەت نەمانبیستووە کە ڕۆحی پیرۆز هەیە!» - 3
 - گوتی: «کەواتە چ جۆرە لە ئاو هەڵکێشانێکتان وەرگرتووە؟»
گوتیان: «لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیا.» - 4
 - پۆڵس گوتی: «لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیا لەئاوهەڵکێشانی تۆبەکردن بوو، بە خەڵکی دەگوت باوەڕ بهێنن بەوەی لەدوای دێت، واتا بە عیسا.»
 - 5
 - کاتێک ئەمەیان بیست بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە لە ئاو هەڵکێشران.
 - 6
 - جا پۆڵس دەستی لەسەر دانان، ڕۆحی پیرۆز هاتە سەریان، بە زمانی ڕۆحی دوان و پێشبینییان کرد.
 - 7
 - بە هەموویان نزیکەی دوازدە پیاو دەبوون.
 - 8
 - ئینجا پۆڵس چووە کەنیشت و بۆ زیاتر لە سێ مانگ ئازایانە دەدوا، گفتوگۆی دەکرد و سەبارەت بە کاروباری شانشینی خودا قەناعەتی بە خەڵک دەهێنا.
 - 9
 - بەڵام هەندێک کەللەڕەقییان کرد و باوەڕیان نەهێنا، لەبەردەم خەڵکەکە جنێویان بە ڕێگاکە[a] دا. جا پۆڵس لێیان کشایەوە و قوتابییەکانی برد، ڕۆژانە لە قوتابخانەی تیرانۆس گفتوگۆی دەکرد.
 - 10
 - بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر ئەمە بەردەوام بوو، هەتا وای لێهات هەموو ئەوانەی لە ئاسیادا دانیشتبوون، جولەکە و یۆنانی، پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان بیست.
 - 11
 - خوداش پەرجووی سەرسوڕهێنەری بە دەستی پۆڵس ئەنجام دەدا،
 - 12
 - تەنانەت ئەو دەستەسڕ و بەروانکانەش کە بەر لەشی پۆڵس کەوتبوون، دەهێنران و دەخرانە سەر نەخۆش و نەخۆشییەکەیان نەدەما و ڕۆحە پیسەکان لە لەشیان دەردەچوون.
 - کوڕانی سکاوا
 - 13
 - هەندێک لەو جولەکە گەڕۆکانەی ڕۆحی پیسیان دەردەکرد، هەوڵیان دا ناوی عیسای خاوەن شکۆ بۆ ئەوانە بەکاربهێنن کە ڕۆحی پیسیان تێدایە، دەیانگوت: «بە ناوی عیسا، ئەوەی پۆڵس ڕایدەگەیەنێت، فەرمانت پێ دەکەم، دەربچیت.»
 - 14
 - سکاوا کە کاهینێکی باڵای جولەکە بوو، حەوت کوڕی ئەم کارەیان دەکرد.
 - 15
 - ڕۆحە پیسەکەش وەڵامی دانەوە: «عیسا دەناسم و دەربارەی پۆڵسیش دەزانم، بەڵام ئێوە کێن؟»
 - 16
 - ئینجا ئەو پیاوەی کە ڕۆحە پیسەکەی تێدابوو پەلاماری دان و بەسەر هەموویاندا زاڵبوو، بە جۆرێک لێیدان کە بە ڕووتی و بریندارییەوە لەو ماڵەی کە لێی بوون ڕایانکرد.
 - 17
 - کاتێک ئەو جولەکە و یۆنانییانەی کە لە ئەفەسۆس دەژیان بەمەیان زانی، هەموو ترس دایگرتن و ناوی عیسای خاوەن شکۆ بەرزبووەوە.
 - 18
 - هەروەها زۆر لەوانەی باوەڕیان هێنا، دەهاتن و بە ئاشکرا دانیان بە کردەوەکانیاندا دەنا.
 - 19
 - ژمارەیەک لەوانەی خەریکی جادووگەریێتی بوون، پەڕتووکەکانیان کۆدەکردەوە و لەبەردەم هەموواندا دەیانسووتاندن. نرخەکانیان هەژمارد کرد، بینییان پەنجا هەزار پارچە زیوە[b] .
 - 20
 - بەم شێوەیە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بە تواناوە گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو.
 - شڵەژانێکی ترسناک لە ئەفەسۆس
 - 21
 - لەدوای ئەوەی ئەم شتانە ڕوویاندا، پۆڵس بڕیاری دا بە مەکدۆنیا و ئەخایادا تێبپەڕێت و بچێتە ئۆرشەلیم، گوتی: «پاش ئەوەی لەوێ دەبم، دەبێت ڕۆماش ببینم.»
 - 22
 - جا پۆڵس دووان لە یاریدەدەرەکانی نارد بۆ مەکدۆنیا کە تیمۆساوس و ئەراستۆس بوون، خۆشی ماوەیەک لە هەرێمی ئاسیا مایەوە.
 - 23
 - لەو کاتەدا لەبەر ڕێگاکە[c] ئاژاوەیەکی گەورە سەریهەڵدا.
 - 24
 - لەوێ زیوگەرێک بە ناوی دیمیتریۆس هەبوو کە پەرستگای بچووکی زیوینی ئەرتەمیسی دروستدەکرد و قازانجێکی باشی هەبوو بۆ پیشەوەران.
 - 25
 - ئیتر کرێکارەکانی خۆی و هاوپیشەکانی کۆکردەوە و گوتی: «کوڕینە، هەروەک دەزانن لەم پیشەیەوە داهاتێکی باشمان دەستدەکەوێت،
 - 26
 - بینیوتانە و بیستووتانە کە نەک تەنها لە ئەفەسۆس، بگرە لە هەموو ئاسیا، ئەم پۆڵسە قەناعەتی بە خەڵکێکی زۆر هێناوە و لەڕێ لایداون، دەڵێت ئەوانەی دەستکردن خودا نین.
 - 27
 - نەک تەنها ئیشەکەمان دەکەوێتە مەترسییەوە بەڵکو پەرستگاکەی ئەرتەمیسی خواژنی گەورەش هیچ بەهایەکی نامێنێت، ئەوەی هەموو ئاسیا و جیهان دەیپەرستن پایەبەرزییەکەی لەدەست دەدات.»
 - 28
 - کاتێک گوێیان لێبوو تووڕە بوون و هاواریان دەکرد: «پایە بەرزە ئەرتەمیسی ئەفەسۆسییەکان!»
 - 29
 - ئەم شڵەژانە هەموو شارەکەی گرتەوە، خەڵکەکە گایۆس و ئەریستارخۆسی مەکدۆنییان ڕاکێشایە ناو گۆڕەپانی شانۆی شار، کە هاوڕێی پۆڵس بوون لە گەشتەکەیدا.
 - 30
 - پۆڵس ویستی بچێتە ناو خەڵکەکە، بەڵام قوتابییەکان نەیانهێشت.
 - 31
 - هەروەها هەندێک گەورە پیاوی ئاسیا کە دۆستی بوون، پەیامیان بۆ نارد و لێی پاڕانەوە کە نەچێتە شانۆکە.
 - 32
 - ئیتر هەندێک هاواری شتێکیان دەکرد و هەندێک شتێکی دیکە، چونکە کۆڕەکە[d] شێوا بوو، زۆربەشیان نەیاندەزانی بۆچی کۆبوونەتەوە.
 - 33
 - ئینجا جولەکەکان بۆ پێشەوە پاڵیان بە ئەسکەندەرەوە دەنا، هەندێک لەو خەڵکە هۆکاری ئەو ئاژاوەیان بۆ ئەو دەگەڕاندەوە. ئەویش دەستی بەرزکردەوە و دەیویست لەبەردەم خەڵکەکە بەرگری لە خۆی بکات.
 - 34
 - بەڵام کە زانییان جولەکەیە، نزیکەی دوو کاتژمێر هەموویان بەیەکەوە هاواریان دەکرد: «پایە بەرزە ئەرتەمیسی ئەفەسۆسییەکان!»
 - 35
 - ئینجا فەرمانڕەوای شارەکە خەڵکەکەی هێمن کردەوە و گوتی: «پیاوانی ئەفەسۆس، کێ هەیە نەزانێت کە شاری ئەفەسۆسییەکان پاسەوانی پەرستگای ئەرتەمیسی گەورە و ئەو پەیکەرەیە کە لە ئاسمانەوە کەوتە خوارەوە؟
 - 36
 - بۆیە کە ئەمانە نکۆڵییان لێ ناکرێت، پێویستە هێمن بنەوە و هیچ شتێک بە سەرەڕۆیی نەکەن.
 - 37
 - ئێوە ئەم دوو پیاوەتان هێناوە، کە نە پەرستگایان بڕیوە نە کفریان سەبارەت بە خواژنەکەمان کردووە.
 - 38
 - بەڵام ئەگەر دیمیتریۆس و ئەو پیشەوەرانەی کە لەگەڵ ئەون سکاڵایان لە کەسێک هەیە، ئەوا دادگاکان کراونەتەوە و دادوەر هەیە، با سکاڵا لە یەکتری بکەن.
 - 39
 - ئەگەر داوای شتێکی دیکەش دەکەن، ئەوا لە کۆڕی یاساییدا سەیر دەکرێت.
 - 40
 - لە ڕاستیدا لە مەترسیداین بەوەی کە تاوانبار بکرێن بە ئاژاوەنانەوە، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ، هیچ پاساوێکمان نییە بۆ پاکانەی ئەم کۆبوونەوەیە.»
 - 41
 - کە ئەم شتانەی گوت، کۆمەڵەکەی[e]  بڵاوە پێکرد.
 
- a. 19:9 ڕێگای پاشایەتی عیسا، بڕوانە کردار 24:14.
 - b. 19:19 هەر پارچە زیوێک نزیکەی ڕۆژانەی کرێکارێک بووە.
 - c. 19:23 ڕێگای پاشایەتی عیسا، بڕوانە کردار 24:14.
 - d. 19:32 یۆنانی: \+tl ئێکلێسیا\+tl*: کڵێسا.
 - e. 19:41 یۆنانی: \+tl ئێکلێسیا\+tl*: کڵێسا.
 

