عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - پۆڵس و سیلا لە سالۆنیکی
 - 1
 - پاش ئەوەی پۆڵس و هاوڕێکانی بە شاری ئەمفیپۆلیس و ئەپۆلۆنیادا تێپەڕین، گەیشتنە سالۆنیکی کە کەنیشتی جولەکەی لێبوو.
 - 2
 - پۆڵس وەک کردبوویە پیشە چووە لایان، سێ ڕۆژی شەممە لەسەر یەک بە نووسراوە پیرۆزەکان گفتوگۆی لەگەڵ دەکردن،
 - 3
 - ڕوونی دەکردەوە و دەریدەخست کە دەبووایە مەسیح ئازار بچێژێت و لەنێو مردووان هەستێتەوە. پێی گوتن: «ئەم عیسایەی من پێتانی ڕادەگەیەنم، مەسیحەکەیە.»
 - 4
 - هەندێکیان قایل بوون و چوونە پاڵ پۆڵس و سیلا، هەروەها زۆر لە یۆنانی خواپەرست و لە ژنە خانەدانەکانیش کە ژمارەیان کەم نەبوو.
 - 5
 - بەڵام هەندێک لە جولەکەکانی دیکە ئیرەییان پێ هات، چەند پیاوخراپێکی بازاڕیان هێنا و خەڵکیان کۆکردەوە و ئاژاوەیان لە شاردا نایەوە. چوونە سەر ماڵی یاسون و داوایان کرد پۆڵس و سیلا بهێنرێنە لای خەڵک.
 - 6
 - کاتێک نەیاندۆزینەوە، یاسون و هەندێک برایانیان بۆ لای فەرمانڕەوایانی شار ڕاکێشا، هاواریان دەکرد: «ئەمانە کە جیهانیان هەڵگێڕاوەتەوە، بۆ ئێرەش هاتوون،
 - 7
 - یاسون میوانداری کردوون. هەموویان لە دژی فەرمانەکانی قەیسەر کار دەکەن، دەڵێن پاشایەکی دیکە هەیە، ناوی عیسایە.»
 - 8
 - بەم قسانە خەڵکەکە و فەرمانڕەوایانی شاریان وروژاند.
 - 9
 - ئەوانیش دەستەبەرنامەیان[a]  بۆ یاسون و ئەوانەی دیکە کرد و ئازادیان کردن.
 - لە شاری بیریە
 - 10
 - کە شەو داهات برایان پۆڵس و سیلایان ناردە بیریە، کە گەیشتن چوونە کەنیشتی جولەکە.
 - 11
 - خەڵکی بیریە لە سالۆنیکییەکان تێگەیشتووتر بوون، چونکە بەوپەڕی پەرۆشییەوە پەیامەکەیان وەرگرت و بۆ دڵنیابوون لە ڕاستیی قسەکانی پۆڵس، ڕۆژانە لە نووسراوە پیرۆزەکان ورد دەبوونەوە.
 - 12
 - ئیتر زۆریان باوەڕیان هێنا، هەروەها ژمارەیەک لە ژنە خانەدانە یۆنانییەکان و ژمارەیەکی زۆریش لە پیاوانی یۆنانی.
 - 13
 - بەڵام کاتێک جولەکەی سالۆنیکی زانییان پۆڵس لە بیریەش پەیامی خودای ڕاگەیاندووە، هاتن لەوێش خەڵک جۆش بدەن و بیانوروژێنن.
 - 14
 - دەستبەجێ برایان پۆڵسیان بەرەو کەناری دەریا نارد، بەڵام سیلا و تیمۆساوس لەوێ مانەوە.
 - 15
 - ئەوانەی یاوەری پۆڵس بوون ئەویان هێنایە ئەسینا، ئینجا گەڕانەوە پاش ئەوەی پۆڵس ڕایسپاردن بە زووترین کات سیلا و تیمۆساوس بێن بۆ لای.
 - پۆڵس لە ئەسینا
 - 16
 - کاتێک پۆڵس لە ئەسینا چاوەڕێی دەکردن، زۆر پەست و بێزار بوو کە بینی شارەکە پڕە لە بت.
 - 17
 - بۆیە لە کەنیشت گفتوگۆی لەگەڵ جولەکە و خواپەرستان دەکرد، لە بازاڕیش لەگەڵ ئەوانەی ڕۆژانە تووشیان دەبوو.
 - 18
 - کۆمەڵێک فەیلەسوفی ئەپیکوری[b] و ستۆیکی[c] گفتوگۆیان لەگەڵی دەکرد. هەندێکیان دەیانگوت: «ئەم چەنەبازە دەیەوێت چی بڵێت؟» هەندێکی دیکەشیان دەیانگوت: «دیارە بانگەواز بۆ چەند خوداوەندێکی نامۆ دەکات،» چونکە باسی عیسا و زیندووبوونەوەی دەکرد.
 - 19
 - ئینجا بردیانە ئاریۆپاگۆس[d] و گوتیان: «دەتوانین بزانین ئەم فێرکردنە نوێیە چییە باسی دەکەیت؟
 - 20
 - چونکە شتی سەیرت لێ دەبیستین و دەمانەوێت واتاکەی بزانین.»
 - 21
 - لەبەر ئەوەی هەموو ئەسیناییەکان و ئەو بێگانانەی تێدا دەژیان دەرفەتیان بە هیچ شتێک نەدەدا جگە لە باسکردن و گوێگرتن لە بیروڕا نوێیەکان.
 - وتارێک لە ئاریۆپاگۆس
 - 22
 - پۆڵس لە ناوەڕاستی ئاریۆپاگۆسدا وەستا و گوتی: «پیاوانی ئەسینا، دەبینم لە هەموو لایەکەوە زۆر دیندارن.
 - 23
 - کاتێک دەگەڕام و سەیری پەرستراوەکانتانم دەکرد، قوربانگایەکم بینی لەسەری نووسرا بوو:
”بۆ خودای نەناسراو.“
جا ئەوەتان بۆ ڕادەگەیەنم کە دەیپەرستن و نایناسن. - 24
 - «ئەو خودایەی کە جیهان و هەموو شتەکانی ناوی دروستکردووە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوییە و لە پەرستگای دەستکرد نیشتەجێ نابێت.
 - 25
 - بە دەستی مرۆڤ خزمەت ناکرێت وەک ئەوەی پێویستی بە شتێک بێت، چونکە ئەو خۆی ژیان و هەناسە و هەموو شتێک بە هەمووان دەبەخشێت.
 - 26
 - هەموو نەتەوەکانی لە یەک کەسەوە دروستکردووە، تاکو لەسەر هەموو ڕووی زەوی نیشتەجێ بن، کات و سنوورەکانی نیشتەجێبوونی ئەوانی داناوە و دیاری کردووە،
 - 27
 - تاکو ڕوو لە خودا بکەن، بەڵکو بیگەنێ و بیدۆزنەوە، هەرچەندە لە هەر یەکێکمان دوور نییە.
 - 28
 - ”چونکە لە ئەودا دەژین و دەجوڵێین و هەین،“[e]  وەک هەندێک شاعیرانتان گوتیان: ”ئێمەش نەوەی ئەوین.“[f] 
 - 29
 - «لەبەر ئەوەی کە نەوەی خوداین، پێویستە وا بیرنەکەینەوە کە خودا وەکو پەیکەری زێڕ یان زیو یان بەردینە، کە داهێنان و بیری مرۆڤ شێوەی کێشاوە.
 - 30
 - لە سەردەمانی نەزانیدا خودا چاوپۆشی کردووە، بەڵام ئێستا فەرمان دەدات بە هەموو کەسێک لە هەموو شوێنێک کە تۆبە بکەن،
 - 31
 - چونکە ڕۆژێکی دیاری کردووە کە تێیدا لە ڕێگەی ئەو پیاوەی کە دەستنیشانی کردووە، بە دادپەروەری جیهان حوکم بدات. بەڵگەشی بە هەمووان داوە کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.»
 - 32
 - کاتێک گوێیان لە هەستانەوەی مردووان بوو، هەندێکیان گاڵتەیان پێکرد، بەڵام هەندێکی دیکەیان گوتیان: «جارێکی دیکە لەم بارەیەوە گوێت لێ دەگرین.»
 - 33
 - ئیتر پۆڵس ئەوێی بەجێهێشت،
 - 34
 - بەڵام هەندێک کەس لایەنگری پۆڵسیان کرد و باوەڕیان هێنا، لەوانە: دیونیسیۆسی ئەندامی ئاریۆپاگۆس، هەروەها ژنێک بە ناوی داماریس و چەند کەسێکی دیکەش لەگەڵیان.
 
- a. 17:9 دەستەبەرنامە: بڕێک پارەیە کە وەک بارمتە وەردەگیرێت لەگەڵ بەڵێننامەیەکی فەرمی، لە کاتی بوونی هەر کێشەیەکدا دەستدەگیردرێت بەسەر پارەکەدا.
 - b. 17:18 ڕێبازێکی فەلسەفەی یۆنانییە؛ بەرزترین بنەمای شادییە، لەو سەردەمەدا زۆر گرنگییان بە ئارەزووی جەستە دەدا.
 - c. 17:18 ڕێبازێکی فەلسەفەی یۆنانییە؛ کە دەڵێ پێویستە مرۆڤ لەگەڵ سروشتدا بگونجێت و بەسەر خۆیدا زاڵ بێت.
 - d. 17:19 شوێنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی شاری ئەسینا بوو.
 - e. 17:28 لە شیعری (ئەپیمەنیدیس)ی شاعیر وەرگیراوە، کە خەڵکی کریتە و لە ساڵی 600 پ. ز. ژیاوە.
 - f. 17:28 لە شیعری (ئارەتۆس)ی شاعیر وەرگیراوە، کە خەڵکی کیلیکیایە و لە 315–240 پ. ز. ژیاوە.
 

