عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
تیمۆساوس لەگەڵ پۆڵس و سیلا 
1
پۆڵس گەیشتە شاری دەربە و پاشان شاری لیسترا، لەوێ قوتابییەک بە ناوی تیمۆساوس هەبوو، دایکی جولەکەیەکی باوەڕدار بوو، بەڵام باوکی یۆنانی بوو.
2
برایان لە لیسترا و کۆنیا بە باشە باسی تیمۆساوسیان دەکرد.
3
پۆڵس حەزی دەکرد تیمۆساوس یاوەری بێت، جا بردی تاکو خەتەنە بکرێت، لەبەر ئەو جولەکانەی لەو ناوچانە بوون، چونکە هەموو دەیانزانی باوکی یۆنانییە.
4
ئیتر پۆڵس و هاوڕێکانی لە‏ شارێکەوە دەچوون بۆ شارێکی دیکە و ئەو فەرمانانەی لەلایەن نێردراوان و پیرانەوە لە ئۆرشەلیم بڕیاریان لەسەر درابوو، پێیان ڕادەگەیاندن تاکو پەیڕەوی بکەن.
5
جا کڵێساکان لە باوەڕدا بەهێز دەبوون و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەیان زیادی دەکرد.
بینینی پۆڵس لە ترۆئاس 
6
پاشان پۆڵس و هاوڕێیەکانی بە ناوچەکانی فریجیا و گەلاتیادا تێپەڕین، لەبەر ئەوەی ڕۆحی پیرۆز ڕێی نەدان لە ناوچەی ئاسیا پەیامی خودا ڕابگەیەنن.
7
کاتێک گەیشتنە نزیک ناوچەی میسیا هەوڵیان دا بەرەو ناوچەی بیسینیا بڕۆن، بەڵام ڕۆحی عیسا ڕێگای نەدان.
8
ئەوسا بە میسیادا تێپەڕین و هاتنە ترۆئاس.
9
لە شەودا پۆڵس بینینێکی بۆ ئاشکرا کرا، کە تێیدا پیاوێکی مەکدۆنی ڕاوەستابوو و لێی دەپاڕایەوە و دەیگوت: «وەرە بۆ مەکدۆنیا و یارمەتیمان بدە.»
10
پاش ئەوەی بینینەکەی بۆ ئاشکرا کرا، هەوڵماندا[a] دەستبەجێ بەڕێ بکەوین بۆ مەکدۆنیا، دڵنیا بووین کە خودا بانگی کردووین تاکو مزگێنییان بدەینێ.
11
جا بە دەریادا لە ترۆئاسەوە ڕاست بۆ سامۆسراکی ڕۆیشتین و بۆ ڕۆژی دوایی بۆ نیاپۆلیس.
12
لەوێشەوە بۆ فیلیپی کە گرنگترین شاری ناوچەی مەکدۆنیایە و جێنشینی ڕۆمانییەکانە، لەوێ چەند ڕۆژێک ماینەوە.
13
لە ڕۆژی شەممەدا چووینە دەرەوەی شار بۆ سەر ڕووبار، لەو بڕوایەدا بووین کە شوێنێک بۆ نوێژکردن بدۆزینەوە. دانیشتین قسەمان لەگەڵ ئەو ژنانە کرد کە لەوێ کۆببوونەوە.
14
یەک لەوان کە گوێی دەگرت ژنێکی خواپەرست بوو بە ناوی لیدیا، خەڵکی شاری سیاتیرا و بازرگانی کوتاڵی گرانبەها بوو. مەسیحی خاوەن شکۆ دڵی کردەوە تاکو سەرنج بداتە قسەکانی پۆڵس.
15
کاتێک خۆی و خاووخێزانی لە ئاو هەڵکێشران، پاڕایەوە و گوتی: «ئەگەر بەڕاستی باوەڕتان وایە کە من باوەڕم بە مەسیحی خاوەن شکۆ هێناوە، ئەوا وەرنە ماڵەکەم و بمێننەوە.» ئیتر ناچاری کردین.
دەرکردنی ڕۆحی فاڵچیێتی 
16
کاتێک بۆ شوێنی نوێژکردن دەچووین، تووشی کارەکەرێک بووین ڕۆحی فاڵچیێتی تێدابوو، بە کاری فاڵچیێتییەکەی قازانجێکی زۆری بۆ خاوەنەکانی بەدەستدەهێنا.
17
بەدوای پۆڵس و ئێمە کەوت و هاواری دەکرد: «ئەم مرۆڤانە بەندەی خودای هەرەبەرزن، ڕێگای ڕزگاریتان بۆ ڕادەگەیەنن.»
18
چەندین ڕۆژ ئەمەی دەکرد، تاکو پۆڵس بێزار بوو، ئاوڕی دایەوە و بە ڕۆحەکەی گوت: «بە ناوی عیسای مەسیح فەرمانت پێدەدەم، لێی وەرە دەرەوە!» یەکسەر ڕۆحە پیسەکە لێی هاتە دەرەوە.
پۆڵس و سیلا لە بەندیخانە 
19
کاتێک خاوەنەکانی کچە کارەکەرەکە بینییان سەرچاوەی داهاتیان بڕا، پۆڵس و سیلایان گرت، ڕایانکێشانە بازاڕ بۆ بەردەم دەسەڵاتداران.
20
بردیاننە پێش دادوەران و گوتیان: «ئەم پیاوانە شارەکەمان دەشێوێنن، جولەکەن و
21
نەریتێک بڵاو دەکەنەوە کە دروست نییە ئێمەی ڕۆمانی وەریبگرین یان کاری پێ بکەین.»
22
ئیتر خەڵکەکە پێکڕا لێیان هەستان و دادوەران فەرمانیان دا کە جلەکانیان بدڕێنرێن و دارکاری بکرێن.
23
جا زۆر دارکارییان کردن و خستیاننە بەندیخانەوە، فەرمانیان بە چاودێری بەندیخانەکە دا بە توندی پاسەوانیان بکات.
24
ئەویش کە ئەم فەرمانەی بۆ هات، فڕێیدانە ناو قووڵایی بەندیخانەکە و پێیانی خستە ناو کۆتەوە.
25
لە نیوەی شەودا پۆڵس و سیلا نوێژیان دەکرد و گۆرانی ڕۆحییان بۆ خودا دەگوت، بەندکراوانی دیکەش گوێیان لێبوو.
26
لەناکاو بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوویدا، بناغەی بەندیخانەکەی هەژاند، دەستبەجێ هەموو دەرگاکان کرانەوە و کۆتی هەمووان بووەوە.
27
کە چاودێرەکە خەبەری بووەوە و بینی دەرگاکانی بەندیخانە کراونەتەوە، شمشێری هەڵکێشا بەتەمابوو خۆی بکوژێت، وایزانی بەندکراوان ڕایانکردووە.
28
بەڵام پۆڵس هاواری کرد: «هیچ لە خۆت مەکە، هەموومان لێرەین!»
29
ئەویش داوای ڕووناکی کرد، چووە ژوورەوە و دەلەرزی، لەبەردەم پۆڵس و سیلا چۆکی دادا.
30
ئەوسا بردنییە دەرەوە و گوتی: «گەورەکانم، پێویستە چی بکەم تاکو ڕزگارم بێت؟»
31
گوتیان: «باوەڕ بە عیسای خاوەن شکۆ بهێنە، خۆت و خێزانەکەت ڕزگارتان دەبێت.»
32
جا پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان بۆ خۆی و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەیدا بوون ڕاگەیاند.
33
ئیتر چاودێرەکە لەو کاتەی شەودا بردنی و برینەکانی ساڕێژ کردن و پاشان دەستبەجێ خۆی و خاووخێزانەکەی لە ئاو هەڵکێشران.
34
ئینجا بردنییە ماڵەوە و خواردنی بۆ دانان، خۆی و خاووخێزانەکەی زۆر دڵشاد بوون، کە باوەڕیان بە خودا هێنابوو.
35
کە ڕۆژبووەوە فەرمانڕەواکان چەند سەربازێکیان نارد و گوتیان: «پیاوەکان ئازاد بکەن.»
36
چاودێری بەندیخانە ئەم هەواڵەی دایە پۆڵس: «فەرمانڕەوایان ناردوویانە کە ئازاد بکرێن، بۆیە ئێستا وەرنە دەرەوە و بڕۆن بە سەلامەت.»
37
بەڵام پۆڵس پێی گوتن: «بە بێ دادگایی کردن و بە ئاشکرا دارکارییان کردین و فڕێیان داینە بەندیخانە، ئێمەش هاوڵاتی ڕۆمانین، ئایا ئێستا بە نهێنی دەرماندەکەن؟ نەخێر! بەڵکو با خۆیان بێن دەرمانبهێنن.»
38
پۆلیسەکان ئەم قسانەیان بە فەرمانڕەوایان ڕاگەیاند، ئەوانیش کاتێک زانییان پۆڵس و سیلا هاوڵاتی ڕۆمانین ترسان.
39
ئیتر هاتن و لێیان پاڕانەوە، بردیاننە دەرەوە و داوایان لێکردن شارەکە بەجێبهێڵن.
40
کاتێک پۆڵس و سیلا لە بەندیخانە هاتنە دەرەوە، چوون بۆ ماڵی لیدیا، لەوێ لەگەڵ خوشک و برایانی باوەڕدار کۆبوونەوە و هانیان دان، پاشان ڕۆیشتن.
  1. a. 16‏:10 بەڵگەیە بۆ ئامادەبوونی لۆقای پزیشک لەگەڵ پۆڵس.‏