عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هه‌ڵبژاردنی به‌رناباس و شاول 
1
له‌ كڵێسای ئه‌نتاكیادا چه‌ند پێغه‌مبه‌ر و مامۆستایه‌ك هه‌بوون: به‌رناباس، شیمۆنی ناسراو به‌ ڕه‌ش، لوكیوسی كورێنی، مه‌ناینی شیربرای هێرۆدسی ئه‌نتیپاس پاشا، له‌گه‌ڵ شاول.
2
كاتێك عیسای خاوه‌ن شكۆیان ده‌په‌رست و به‌ڕۆژوو بوون، ڕۆحی پیرۆز فه‌رمووی: «به‌رناباس و شاولم بۆ ته‌رخان بكه‌ن، بۆ ئه‌و كاره‌ی بانگم كردوون بۆی.»
3
ئینجا به‌ڕۆژوو بوون و نوێژیان كرد، ده‌ستیان له‌سه‌ر دانان و به‌ڕێیانكردن.
شاول و به‌رناباس له‌ قوبرس 
4
ئه‌وانیش كه‌ به‌ ڕۆحی پیرۆز نێردران، به‌ره‌و سولوكیا دابه‌زین و له‌وێشه‌وه‌ به‌ ده‌ریادا بۆ قوبرس.
5
كاتێك گه‌یشتنه‌ سه‌لامیس، په‌یامی خودایان له‌ كه‌نیشته‌كانی جوله‌كه‌ ڕاگه‌یاند، یۆحه‌ناش وه‌ك یاریده‌ده‌ر له‌گه‌ڵیان بوو.
6
به‌ هه‌موو دوورگه‌كه‌دا گه‌ڕان هه‌تا گه‌یشتنه‌ پافۆس. له‌وێ تووشی جادووگه‌رێكی جوله‌كه‌ بوون پێغه‌مبه‌رێكی درۆزن بوو، ناوی بارئیسا بوو،
7
له‌گه‌ڵ سرگیۆس پۆڵسی فه‌رمانڕه‌وا[a] بوو، كه‌ پیاوێكی تێگه‌یشتوو بوو. به‌رناباس و شاولی بانگكرد، داوای كرد گوێی له‌ په‌یامی خودا بێت.
8
به‌ڵام ئه‌لیماسی جادووگه‌ر، ئه‌مه‌ واتای ناوه‌كه‌ی بوو، به‌ربه‌ره‌كانێی كردن و هه‌وڵی دا فه‌رمانڕه‌وا له‌ باوه‌ڕ لابدات.
9
كه‌چی شاول كه‌ پۆڵسی پێ ده‌گوترا، پڕبوو له‌ ڕۆحی پیرۆز و تێیڕووانی،
10
گوتی: «ئه‌ی پڕ له‌ هه‌موو جۆره‌ فرتوفێڵێك! كوڕی شه‌یتان! دوژمنی هه‌موو ڕاستودروستییه‌ك! له‌ خواركردنی ڕێگای ڕاستی یه‌زدان ناوه‌ستی؟
11
ئه‌وه‌تا ده‌ستی یه‌زدان له‌ دژی تۆیه‌ و كوێر ده‌بیت، بۆ ماوه‌یه‌ك خۆر نابینی.»
ده‌ستبه‌جێ ته‌م و تاریكی دایپۆشی و به‌دوای یه‌كێكدا گه‌ڕا تاكو ده‌ستی بگرێت.
12
كاتێك فه‌رمانڕه‌واكه‌ بینی چ ڕوویدا، باوه‌ڕی هێنا، له‌ فێركردنه‌كه‌ی مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ سه‌رسام بوو.
له‌ ئه‌نتاكیای پیسیدیا 
13
پۆڵس و هاوڕێیانی به‌ ده‌ریادا له‌ پافۆسه‌وه‌ چوونه‌ په‌رگه‌ له‌ پامفیلیا[b] . به‌ڵام یۆحه‌نا لێیان جیا بووه‌وه‌ و گه‌ڕایه‌وه‌ ئۆرشه‌لیم.
14
ئه‌وانیش به‌ په‌رگه‌دا هاتنه‌ ئه‌نتاكیای پیسیدیا، شه‌ممه‌ش چوونه‌ كه‌نیشت و دانیشتن.
15
پاش خوێندنه‌وه‌ی ته‌ورات و په‌ڕتووكی پێغه‌مبه‌ران، پێشه‌وایانی كه‌نیشته‌كه‌ بۆیان ناردن و پێیان گوتن: «برایان، ئه‌گه‌ر شتێكتان هه‌یه‌ گه‌لی پێ هانبده‌ن، بیڵێن.»
16
پۆڵس هه‌ستا و به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی كرد، گوتی: «پیاوانی ئیسرائیل و ئه‌و ناجوله‌كانه‌ی كه‌ له‌ خودا ده‌ترسن، گوێ بگرن:
17
خودای ئه‌م گه‌له‌ی ئیسرائیل باوباپیرانی ئێمه‌ی هه‌ڵبژارد و له‌ كاتی ئاواره‌بوونیان له‌ خاكی میسردا كردنی به‌ گه‌لێكی مه‌زن، ئینجا به‌ بازووێكی به‌هێز له‌وێ ده‌ریهێنان.
18
نزیكه‌ی چل ساڵیش له‌ چۆڵه‌وانی به‌رگه‌ی ڕه‌فتاری ئه‌وانی گرت،
19
ئینجا حه‌وت نه‌ته‌وه‌ی له‌ خاكی كه‌نعان له‌ناوبرد و خاكه‌كه‌یانی به‌ میرات پێدان.
20
ئه‌مه‌ هه‌مووی نزیكه‌ی چوار سه‌د و په‌نجا ساڵی خایاند.
«له‌دوای ئه‌مه‌ خودا دادوه‌ری بۆ دانان هه‌تا سه‌رده‌می ساموئێل پێغه‌مبه‌ر.
21
ئینجا داوای پاشایان كرد، خوداش شاولی كوڕی قیشی پێدان، پیاوێكه‌ له‌ تیره‌ی بنیامین، بۆ ماوه‌ی چل ساڵ پاشایه‌تی كردن.
22
پاشان لایبرد و داودی كرده‌ پاشایان، ئه‌وه‌ی شایه‌تی بۆ دا و فه‌رمووی: {داودی كوڕی یه‌سام دۆزییه‌وه‌، پیاوێكه‌ به‌ دڵی خۆم، ئه‌وه‌ی هه‌موو خواستی من جێبه‌جێ ده‌كات.}[c]
23
«له‌ نه‌وه‌ی ئه‌وه‌وه‌، خودا به‌گوێره‌ی به‌ڵێنه‌كه‌ی عیسای ڕزگاركه‌ری بۆ ئیسرائیل هێنا.
24
پێش هاتنی عیسا، یه‌حیا له‌ئاوهه‌ڵكێشانی تۆبه‌ی بۆ هه‌موو گه‌لی ئیسرائیل ڕاگه‌یاند.
25
كاتێك یه‌حیا خه‌ریك بوو ئه‌ركه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كرد، گوتی: ”واده‌زانن من كێم؟ ئه‌و نیم. ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی له‌دوای من دێت، ئه‌وه‌ی من شایانی ئه‌وه‌ نیم كه‌ قه‌یتانی پێڵاوه‌كانی بكه‌مه‌وه‌.“
26
«خه‌ڵكینه‌، برایان، كوڕانی پشتی ئیبراهیم و ئه‌و ناجوله‌كانه‌ی له‌نێوتاندا له‌ خودا ده‌ترسن، په‌یامی ئه‌م ڕزگارییه‌ بۆ ئێمه‌ نێردراوه‌.
27
دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم و ڕابه‌ره‌كانیان مه‌سیحیان نه‌ناسی، كه‌چی كاتێك تاوانباریان كرد وته‌ی پێغه‌مبه‌رانیان هێنایه‌ دی كه‌ هه‌موو شه‌ممه‌یه‌ك ده‌خوێنرێته‌وه‌.
28
جا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیچ هۆیه‌كیان بۆ مردن نه‌دۆزییه‌وه‌، داوایان له‌ پیلاتۆس كرد بیكوژێت.
29
دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان ته‌واو كرد كه‌ له‌سه‌ری نووسراوه‌، له‌ دار هێنایانه‌ خواره‌وه‌ و خستیانه‌ گۆڕ.
30
به‌ڵام خودا له‌نێو مردووان هه‌ڵیستانده‌وه‌،
31
ماوه‌یه‌كی درێژیش بۆ ئه‌وانه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ له‌ جه‌لیله‌وه‌ تاكو ئۆرشه‌لیم له‌گه‌ڵیدا هاتبوون. ئێستا ئه‌وان له‌به‌رده‌م گه‌ل شایه‌تی ئه‌مه‌ ده‌ده‌ن.
32
«ئێمه‌ش مزگێنیی ئه‌و به‌ڵێنه‌تان پێده‌ده‌ین كه‌ بۆ باوباپیرانمان هات،
33
ئه‌وه‌ی خودا بۆ ئێمه‌ی وه‌چه‌ی ئه‌وان هێنایه‌ دی، به‌ هه‌ستانه‌وه‌ی عیسا، وه‌ك له‌ زه‌بووری دووه‌مدا نووسراوه‌:
«{تۆ كوڕی منی،
من ئه‌مڕۆ بوومه‌ باوكت.}[d]
34
خودا ئاوا ده‌فه‌رموێت سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له‌نێو مردووان هه‌ڵیستانده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز نه‌ڕزێت:
{ئه‌و به‌ڵێنه‌ پیرۆز و مسۆگه‌ره‌تان ده‌ده‌مێ كه‌ به‌ داودم دابوو.}[e]
35
بۆیه‌ له‌ زه‌بوورێكی دیكه‌ ده‌فه‌رموێ:
{ناهێڵیت پیرۆزه‌كه‌ی خۆت[f] له‌ناو گۆڕ بۆگه‌ن بێت.}[g]
36
«چونكه‌ داود دوای ئه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی مه‌به‌ستی خودا خزمه‌تی نه‌وه‌ی خۆی كرد، نوست و چووه‌ پاڵ باوباپیرانی و ته‌رمه‌كه‌ی بۆگه‌ن بوو.
37
به‌ڵام ئه‌وه‌ی خودا هه‌ڵیستانده‌وه‌ بۆگه‌نی نه‌بینی.
38
«بۆیه‌ برایان، با له‌لاتان زانراو بێت، له‌ ڕێگه‌ی عیساوه‌ به‌خشینی گوناه به‌ ئێوه‌ ڕاگه‌یه‌نرا و
39
به‌ باوه‌ڕهێنان به‌م بێتاوان ده‌كرێن له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی نه‌تانتوانی به‌ ته‌وراتی موسا لێی بێتاوان بكرێن.
40
جا ئاگاداربن، ئه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ران گوتوویانه‌ به‌سه‌رتاندا نه‌یه‌ت:
41
«{ئه‌ی گاڵته‌جاڕه‌كان سه‌یر بكه‌ن،
سه‌رسام بن و بمرن،
چونكه‌ له‌ سه‌رده‌می ئێوه‌دا كارێك ده‌كه‌م،
كارێك كه‌ هه‌رگیز باوه‌ڕ ناكه‌ن ئه‌گه‌ر بۆتان باس بكرێت.}[h] »
42
كاتێك پۆڵس و به‌رناباس له‌ كه‌نیشت ده‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، داوایان لێ كرا شه‌ممه‌ی داهاتووش ئه‌م قسانه‌یان بۆ بكه‌ن.
43
دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، زۆر له‌ جوله‌كه‌ و خواپه‌رسته‌كان كه‌ ببوونه‌ جوله‌كه‌، به‌دوای پۆڵس و به‌رناباس كه‌وتن، ئه‌مانیش قسه‌یان بۆ ده‌كردن و هانیان ده‌دان له‌ نیعمه‌تی خودا بمێنن.
44
له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ی داهاتوودا نزیكه‌ی هه‌موو دانیشتووانی شاره‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌، تاكو گوێ له‌ په‌یامی مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ بگرن.
45
كاتێك جوله‌كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌یان بینی، ئیره‌یی دایگرتن و به‌ربه‌ره‌كانێی قسه‌كانی پۆڵسیان ده‌كرد و جنێویان پێده‌دا.
46
پۆڵس و به‌رناباسیش به‌ چاونه‌ترسییه‌وه‌ وه‌ڵامیان دانه‌وه‌: «پێویست بوو یه‌كه‌م جار په‌یامی خودا بۆ ئێوه‌ باس بكه‌ین. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌تتان كرده‌وه‌ و خۆتان به‌ شیاوی ژیانی هه‌تاهه‌تایی نه‌زانی، ئه‌وه‌تا ده‌چینه‌ لای ناجوله‌كه‌كان،
47
چونكه‌ مه‌سیحی باڵاده‌ست به‌م جۆره‌ ڕایسپاردین:
«{من تۆم كردووه‌ته‌ ڕووناكی بۆ نه‌ته‌وه‌كان،
تاكو ڕزگاری به‌وپه‌ڕی زه‌وی بگه‌یه‌نیت.}[i] »
48
كاتێك ناجوله‌كه‌كان گوێیان له‌مه‌ بوو، زۆر دڵشاد بوون و په‌یامی مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆیان شكۆدار كرد، هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه‌ بۆ ژیانی هه‌تاهه‌تایی ده‌ستنیشان كرابوون، باوه‌ڕیان هێنا.
49
په‌یامی مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ له‌ هه‌موو ناوچه‌كه‌دا بڵاو بووه‌وه‌.
50
به‌ڵام ڕابه‌رانی جوله‌كه خانمه‌ ڕێزداره‌ له‌خواترسه‌كان و پیاوماقوڵانی شاریان جۆشدا، چه‌وساندنه‌وه‌یان له‌ دژی پۆڵس و به‌رناباس به‌رپا كرد و له‌ سنووره‌كانی خۆیان ده‌ریانكردن.
51
ئه‌وانیش تۆزی پێیان ته‌كاند و به‌ره‌و شاری كۆنیا ڕۆیشتن.
52
قوتابییه‌كانیش پڕده‌بوون له‌ خۆشی و له‌ ڕۆحی پیرۆز.
  1. a. 13‏:7 فه‌رمانڕه‌وای قوبرس.
  2. b. 13‏:13 شوێنێكه‌ له‌ باشووری توركیای ئێستا.
  3. c. 13‏:22 \+xt یه‌كه‌م ساموئێل 13‏:14 و زه‌بووره‌كان 89‏:20.‏\+xt*‏
  4. d. 13‏:33 \+xt زه‌بووره‌كان 2‏:7‏\+xt*‏
  5. e. 13‏:34 \+xt ئیشایا 55‏:3‏\+xt*‏
  6. f. 13‏:35 مه‌به‌ستی له‌ مه‌سیحه‌.
  7. g. 13‏:35 \+xt زه‌بووره‌كان 16‏:10‏\+xt*‏
  8. h. 13‏:41 \+xt حه‌به‌قوق 1‏:5‏\+xt*
  9. i. 13‏:47 \+xt ئیشایا 49‏:6.‏\+xt*‏