عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - بەرزکردنەوەی عیسا بۆ ئاسمان
 - 1
 - بەڕێز ساوفیلۆس، لە پەڕتووکی یەکەممدا دەربارەی هەموو ئەوەی کە عیسا دەستی کرد بە ئەنجامدان و فێرکردنی نووسیومە،
 - 2
 - هەتا ئەو ڕۆژەی تێیدا بەرزکرایەوە، دوای ئەوەی لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە ئەو نێردراوانەی ڕاسپارد کە هەڵیبژاردن.
 - 3
 - دوای ئازارچێژتنی بە چەندین بەڵگە بە زیندوویی خۆی پیشاندان، لە ماوەی چل ڕۆژدا بۆیان دەرکەوت و سەبارەت بە شانشینی خودا بۆیان دوا.
 - 4
 - کاتێک پێکەوە نانیان دەخوارد، ڕایسپاردن: «ئۆرشەلیم بەجێمەهێڵن، بەڵکو چاوەڕێی بەڵێنەکەی باوک بکەن کە لە منەوە بیستتان.
 - 5
 - یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، بەڵام ئێوە پاش چەند ڕۆژێکی کەم لە ڕۆحی پیرۆز هەڵدەکێشرێن[a] .»
 - 6
 - ئەوانەی پێکەوە کۆببوونەوە لێیان پرسی: «ئەی خاوەن شکۆ، لەم کاتەدا پاشایەتی بۆ ئیسرائیل دەگەڕێنیتەوە؟»
 - 7
 - وەڵامی دانەوە: «بۆتان نییە ئەو کات و سەردەمانە بزانن کە باوک بە دەسەڵاتی خۆی دایناون.
 - 8
 - بەڵام کاتێک ڕۆحی پیرۆزتان دێتە سەر، هێز وەردەگرن و بۆ من دەبنە شایەت، لە ئۆرشەلیم و هەموو یەهودیا و سامیرە، تاکو ئەوپەڕی زەوی.»
 - 9
 - ئەمەی فەرموو و ئەوانیش تەماشایان دەکرد، بەرزکرایەوە، هەورێک لەبەرچاویان شاردییەوە.
 - 10
 - کاتێک ئەو دەڕۆیشت، ئەوان سەرنجیان لە ئاسماندا بوو، ئەوە بوو دوو پیاو بە جلی سپییەوە لەلایانەوە ڕاوەستاون.
 - 11
 - پێیان گوتن: «ئەی جەلیلییەکان، بۆچی ڕاوەستاون سەیری ئاسمان دەکەن؟ ئەم عیسایە، کە لەنێوتاندا بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە، چۆن بینیتان دەچووە ئاسمان، ئاواش دێتەوە.»
 - هەڵبژاردنی یەکێک لە جێی یەهوزا
 - 12
 - ئینجا لەو کێوەی پێی دەگوترا زەیتوون گەڕانەوە ئۆرشەلیم کە بەقەد ڕۆیشتنێکی شەممە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو.[b]
 - 13
 - کاتێک گەیشتن، چوونە ژوورێک لە نهۆمی سەرەوە، ئەوەی کە تێیدا دەمانەوە، ئەوانیش ئەمانە بوون:
پەترۆس و یۆحەنا و یاقوب،
ئەندراوس و فیلیپۆس و تۆماس،
بەرتۆلماوس و مەتا و یاقوبی کوڕی حەلفی،
شیمۆنی دڵگەرم[c] و یەهوزای برای یاقوب. - 14
 - هەموو بە یەک دڵ بەردەوام بوون لەسەر نوێژکردن، لەگەڵ ژنەکان و مریەمی دایکی عیسا و براکانی.
 - 15
 - ڕۆژێکیان پەترۆس کە لەنێوان نزیکەی سەد و بیست باوەڕداردا بوو، هەستا و گوتی:
 - 16
 - «خوشک و برایان، دەبووایە نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی، پێشتر لەبارەی یەهوزاوە ڕۆحی پیرۆز لەسەر زمانی داود فەرموویەتی، کە بوو بە ڕێبەر بۆ ئەوانەی عیسایان گرت.
 - 17
 - بە یەکێک لە ئێمە دەژمێردرا و لەم خزمەتەدا بەشی هەبوو.»
 - 18
 - (یەهوزا بە پاداشتی ناپاکی کێڵگەیەکی دەستکەوت، بەڵام بەدەمدا کەوت و لە ناوەڕاستەوە شەق بوو، هەموو هەناوی هاتە دەرەوە.
 - 19
 - هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم بەمەیان زانی، لەبەر ئەوە لە زمانی خۆیان ئەو کێڵگەیان ناو نا حەقل دەمخ، کە بە واتای کێڵگەی خوێن دێت.)
 - 20
 - پەترۆس درێژەی پێدا و گوتی: «لە پەڕتووکی زەبووردا نووسراوە:
«﴿با ماڵەکەی چۆڵ بێت،
کەس نەبێت تێیدا نیشتەجێ بێت!﴾[d]
هەروەها:
﴿با یەکێکی دیکە ئەرکەکەی ئەو وەربگرێت.﴾[e] - 21
 - کەواتە با یەکێک لەو پیاوانەی کە یاوەرمان بوون بە درێژایی ئەو ماوەیەی عیسای مەسیح لەنێوماندا دەژیا،
 - 22
 - هەر لە لەئاوهەڵکێشانەکەیەوە لەلایەن یەحیا هەتا ئەو ڕۆژەی بەرزکرایەوە، لەگەڵماندا ببێتە شایەتی هەستانەوەکەی.»
 - 23
 - جا دووانیان هێنایە پێشەوە، یوسف کە بە بارساباس ناودەبردرا و نازناوی یوستۆس بوو، لەگەڵ مەتیاس.
 - 24
 - نوێژیان کرد و گوتیان: «ئەی یەزدان، تۆ بە دڵی هەمووان دەزانیت، بۆمان دەربخە لەم دووانە کامەیانت هەڵبژاردووە،
 - 25
 - تاکو شوێنی ئەو خزمەت و نێردراویێتییە بگرێتەوە، کە یەهوزا لێی لادا، بۆ ئەوەی بچێتە شوێنی خۆی.»
 - 26
 - ئینجا تیروپشکیان بۆ کردن و تیروپشکەکە مەتیاسی گرتەوە، لەگەڵ یازدە نێردراوەکە ژمێردرا.
 
- a. 1:5 یۆنانی: \+tl باپتیزۆ\+tl*، بە واتای شوشتن دێت بۆ پاکبوونەوە لە گوناه، وەک (بسمیلکردن).
 - b. 1:12 ئەو دووریەیە کە جولەکەیەک بۆی هەیە لە ڕۆژی شەممەدا بیبڕێت. ئەویش تەنها (1100 مەترە)، چونکە وەک نەریتێکی ئایینی ڕۆژی شەممە بۆ پشوودانە.
 - c. 1:13 یۆنانی: \+tl زێلۆتێس\+tl*، پارتێکی ڕادیکالی جولەکە بوو، مەتا 10:4.
 - d. 1:20 زەبوورەکان 69:25.
 - e. 1:20 زەبوورەکان 109:8.
 

