عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
وشه‌ی خودا ڕابگه‌یه‌نه‌ 
1
له‌به‌رده‌م خودا و عیسای مه‌سیح، ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا زیندووان و مردووان حوكم ده‌دات، له‌به‌ر ده‌ركه‌وتنی خۆی و شانشینه‌كه‌ی ڕاتده‌سپێرم:
2
وشه‌ی خودا ڕابگه‌یه‌نه‌، ئاماده‌ به‌ له‌ كاتی گونجاو و نه‌گونجاو، سه‌رزه‌نشت بكه‌، ڕابخوڕه‌، وره‌ به‌رز بكه‌وه‌، به‌وپه‌ڕی پشوودرێژی و فێركردنه‌وه‌،
3
چونكه‌ كاتێك دێت خه‌ڵك به‌رگه‌ی فێركردنی دروست ناگرن، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی ئاره‌زووی تایبه‌تی خۆیان مامۆستا كۆده‌كه‌نه‌وه‌ قدیلكه‌ی[a] گوێیان بكاته‌وه‌.
4
بۆ ڕاستی گوێیان داده‌خه‌ن، بۆ ئه‌فسانه‌ لاده‌ده‌ن.
5
به‌ڵام تۆ، له‌ هه‌موو شتێكدا وریابه‌، له‌ ئازاردا دان به‌ خۆتدا بگره‌، به‌ كاری مزگێنیده‌ری هه‌سته‌، خزمه‌تی خۆت ته‌واو بكه‌.
6
سه‌باره‌ت به‌ من، وا وه‌ك شه‌رابی پێشكه‌شكراو ده‌ڕژێم[b] و كاتی كۆچكردنم هاتووه‌.
7
تێكۆشانێكی باش تێكۆشاوم، پێشبڕكێكه‌م ته‌واو كرد، باوه‌ڕم پاراست.
8
ئێستا تاجی ڕاستودروستیم بۆ دانراوه‌، ئه‌وه‌ی مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ كه‌ دادوه‌ری ڕاستودروسته‌ له‌و ڕۆژه‌دا ده‌مداتێ، ته‌نها بۆ من نییه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌ كه‌ په‌رۆشی ده‌ركه‌وتنین.
دوا ڕاسپارده‌ 
9
كۆشش بكه‌ زوو بێیته‌ لام،
10
چونكه‌ دیماس به‌جێی هێشتم، ئه‌م جیهانه‌ی خۆشویست و چوو بۆ سالۆنیكی، كریسكینیش بۆ گه‌لاتیا و تیتۆس بۆ ده‌لماتیا.
11
به‌ ته‌نها لۆقام له‌لایه‌. مه‌رقۆس له‌گه‌ڵ خۆت بهێنه‌، چونكه‌ بۆ من سوودبه‌خشه‌ بۆ خزمه‌تكردن.
12
تیخیكۆسم ناردووه‌ بۆ ئه‌فه‌سۆس.
13
كاتێك هاتیت، ئه‌و كه‌وایه‌ی له‌ ترۆیاس له‌لای كارپۆس به‌جێم هێشت، له‌گه‌ڵ خۆتی بهێنه‌، تۆماره‌كانیش[c] به‌ تایبه‌ت ده‌ستنووسه‌كان.
14
ئه‌سكه‌نده‌ری مسگه‌ر زۆر خراپه‌ی له‌گه‌ڵ كردم، مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ تۆڵه‌ی لێده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر كرداره‌كانی.
15
خۆتی لێ بپارێزه‌، چونكه‌ زۆر به‌رهه‌ڵستی په‌یامه‌كه‌مانی كرد.
16
له‌ به‌رگری یه‌كه‌مم كه‌س له‌گه‌ڵم نه‌هات، به‌ڵكو هه‌موو به‌جێیان هێشتم. له‌سه‌ریان هه‌ژمارد نه‌كرێت.
17
به‌ڵام مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ له‌گه‌ڵم وه‌ستا و به‌هێزی كردم، تاكو به‌ منه‌وه‌ جاڕدانه‌كه‌ به‌ ته‌واوی بدرێت، تاكو هه‌موو گه‌لان ببیستن. ئیتر له‌ ده‌می شێر ده‌رباز بووم.
18
مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ له‌ هه‌موو خراپه‌یه‌كی دادێت ده‌ربازم ده‌كات و ڕزگارم ده‌كات بۆ شانشینه‌ ئاسمانییه‌كه‌ی. با هه‌تاهه‌تایه‌ مه‌سیح شكۆدار بێت! ئامین.
19
سڵاو له‌ پریسكیلا و ئه‌كیلا و خێزانی ئۆنیسیفۆرۆس بكه‌.
20
ئه‌راستۆس له‌ كۆرنسۆس مایه‌وه‌، به‌ڵام تروفیمۆس به‌ نه‌خۆشی له‌ میلیتۆس به‌جێم هێشت.
21
كۆشش بكه‌ پێش زستان بێی. یۆبۆلۆس و پودیس و لینۆس و كڵاودیا و هه‌موو خوشكان و برایان سڵاوت لێده‌كه‌ن.
22
مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ له‌گه‌ڵ ڕۆحت بێت. با نیعمه‌تتان له‌گه‌ڵ بێت.
  1. a. 4‏:3 ختووكه‌، قدیلانێ.
  2. b. 4‏:6 مه‌به‌ستی نووسه‌ر لێره‌دا واته‌ من وا ده‌مرم، نه‌ریت و باو بووه‌ كه‌ خواردنه‌وه‌ی گرنگ وه‌ك قوربانی ڕژێنراوه‌، \+xt لێڤییه‌كان 23‏:18‏\+xt*‏.
  3. c. 4‏:13 په‌ڕتووكی نووسراو له‌سه‌ر پێست یان كاغه‌ز و پێچراوه‌ته‌وه‌.