عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نیشانەکانی ڕۆژانی دوایی 
1
ئەوە بزانە کە لە ڕۆژانی کۆتاییدا کاتێکی تەنگانە دادێت،
2
چونکە خەڵکی خۆیان خۆشدەوێ، پارەیان خۆشدەوێ، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، زمانپیسن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نابن، سوپاسگوزار نین، گڵاون،
3
بێ خۆشەویستین، گەردن ئازاد ناکەن، بوختانکەرن، بەسەرخۆدا زاڵنەبوون، دڕندەن، حەز لە چاکە ناکەن،
4
ناپاکن، سەرەڕۆ و لەخۆبایین، زیاتر حەزیان لە چێژە نەک خۆشەویستی خودا،
5
ڕواڵەتی خواترسییان هەیە، بەڵام نکۆڵی لە هێزەکەی دەکەن. جا لەوانە دوور بکەونەوە.
6
ئەوانە لەو جۆرە کەسانەن کە بە ماڵاندا دەگەڕێن، ژنە لاوازەکان دەستەمۆ دەکەن، کە بە بارگرانی گوناهەوە شوێنی هەموو جۆرە هەوەسێک کەوتوون،
7
هەردەم فێر دەبن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ڕاستی بناسن.
8
وەک چۆن یەنیس و یەمبریس[a] بەربەرەکانێی موسایان کرد، ئەوانەش بەربەرەکانێی ڕاستی دەکەن. ئەو پیاوانە مێشکیان گەندەڵ بووە و لەلایەن باوەڕەکەوە ڕەتکراونەتەوە.
9
بەڵام زیاتر پێش ناکەون، چونکە گێلایەتییان بۆ هەمووان دەردەکەوێت، وەک گێلایەتی ئەوانی لێهات.
لەسەر باوەڕت بمێنەوە 
10
بەڵام تۆ، فێرکردن و شێوازی ژیان، ئامانج و باوەڕ، ئارامگرتن و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن،
11
چەوسانەوە و ئازاری منت زانی، ئەوەی لە ئەنتاکیا و کۆنیا و لیسترا بەسەرم هات و بەرگەی چ چەوسانەوەیەکم گرت، بەڵام مەسیحی باڵادەست لە هەموویان دەربازی کردم.
12
هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بە لەخواترسییەوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح بژین، دەچەوسێنرێنەوە،
13
بەڵام خراپەکار و فێڵبازان بەرەو خراپتر دەڕۆن کە چەواشەکار و چەواشەکراون.
14
بەڵام تۆ، لەسەر ئەوە بمێنەوە کە فێری بوویت و دڵنیابوویت، چونکە زانیت لە کێ فێربوویت،
15
هەروەها لە منداڵییەوە لە نووسراوە پیرۆزەکانەوە دەزانیت کە دەتوانن لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح بتکەنە دانا بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری.
16
هەموو نووسراوە پیرۆزەکان لە سروشی خودان[b] ، سوودبەخشن بۆ فێرکردن و سەرزەنشت و ڕاستەڕێکردن و لێڕاهێنان لە ڕاستودروستی،
17
تاکو پیاوی خودا تەواو ئامادە بێت بۆ هەموو کارێکی باش.
  1. a. 3‏:8 دوو جادووگەری میسری بوون کە لە کۆشکی فیرعەون بەربەرەکانێی موسایان کرد، بڕوانە دەرچوون 7‏:11‏‏.‏
  2. b. 3‏:16 یۆنانی: فووی خودا.‏