عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بەڵێنی خودا بۆ داود 
1
پاش ئەوەی پاشا لە کۆشکەکەیدا نیشتەجێ بوو، هەروەها یەزدانیش لە هەموو دوژمنەکانی چواردەوری حەواندییەوە،
2
پاشا بە ناتانی پێغەمبەری گوت: «من لێرە لە کۆشکێکی دروستکراو بە داری ئورز نیشتەجێم و سندوقی خوداش لەناو چادرێکدا نیشتەجێیە.»
3
ناتانیش بە پاشای گوت: «بڕۆ هەموو ئەوەی لە دڵتدایە بیکە، چونکە یەزدانت لەگەڵە.»
4
بەڵام هەر لەو شەوەدا فەرمایشتی یەزدان بۆ ناتان هات:
5
«بڕۆ بە داودی بەندەم بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئایا تۆ ئەو کەسەی کە ماڵێک بۆ نیشتەجێبوونم بنیاد دەنێت؟
6
لەو ڕۆژەوەی کە نەوەی ئیسرائیلم لە میسر دەرهێناوە هەتا ئەمڕۆ لە ماڵدا نیشتەجێ نەبووم، بەڵکو هاتوچۆم لەناو چادر و نشینگەدا بووە.
7
لە هەموو هاتوچۆکردنەکانم لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیل، ئایا هیچ قسەیەکم کرد لەگەڵ یەکێک لە ڕابەرەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی فەرمانم پێکردن بۆ ئەوەی شوانایەتی گەلی ئیسرائیلم بکەن، ’بۆچی ماڵێکتان لە داری ئورز بۆ دروستنەکردووم؟‘ “
8
«ئێستاش ئاوا بە داودی بەندەم بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: من تۆم لە شوانایەتی مەڕەوە برد و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەی خۆم.
9
لەگەڵتدا بووم بۆ هەر شوێنێک چووبیت و هەموو دوژمنەکانی تۆم لەبەردەمت بڕیوەتەوە. ئێستا ناوێکی گەورەت بۆ دروستدەکەم وەک ناوی گەورەکان کە لەسەر زەوین.
10
شوێنێکیش بۆ ئیسرائیلی گەلەکەم دیاری دەکەم و دەیچێنم و لە جێی خۆی نیشتەجێی دەکەم، ئیتر وەک پێشوو بێزار ناکرێن و خەڵکانی ناڕەوا نایانچەوسێننەوە،
11
وەک ئەو سەردەمانەی ڕابەرم لەسەر ئیسرائیلی گەلەکەم دادەنا. منیش تۆ لە دەستی هەموو دوژمنەکانت دەحەوێنمەوە.
«”یەزدان پێت ڕادەگەیەنێت کە یەزدان خۆی ماڵەکەت جێگیر دەکات.
12
کاتێک ژیانت تەواو دەبێت و دەچیتە پاڵ باوباپیرانت، من وەچەکەت دادەمەزرێنم، ئەوەی لەدوای خۆت لە پشتی تۆوە دێت، پاشایەتییەکەی جێگیر دەکەم.
13
ئەو ماڵێک بۆ ناوی من بنیاد دەنێت و منیش بۆ هەتاهەتایە تەختی پاشایەتییەکەی جێگیر دەکەم.
14
من دەبمە باوکی ئەو و ئەویش دەبێتە کوڕی من. ئەگەر ستەم بکات، ئەوا بە گۆچانی خەڵک و لێدانی نەوەی ئادەم تەمبێی دەکەم.[a]
15
بەڵام خۆشەویستییە نەگۆڕەکەم بۆ ئەو داناماڵرێت وەک چۆن بۆ شاول داماڵرا، ئەوەی لەپێش تۆ ڕامماڵی.
16
بۆ هەتاهەتایەش ماڵەکەت و پاشایەتییەکەت لەبەردەممدا ئاسوودە دەبن، هەتاهەتایە تەختەکەت جێگیر دەبێت.“»
17
ئینجا ناتان بەپێی وشەکانی ئەم سروشە[b] قسەی لەگەڵ داود کرد.
نزای داود 
18
ئەوسا داودی پاشا چوو و لەبەردەم یەزدان دانیشت و گوتی:
«ئەی یەزدانی باڵادەست، من کێم و بنەماڵەکەی من کێیە کە تۆ بەم پایەیەت گەیاندووم؟
19
ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ هێشتا ئەمەت بە کەم زانی، هەر لەبەر ئەوە هاتیت بۆ ئەوەی سەبارەت بە ئاییندەی ماڵی ئەم بەندەیەت بەڵێنی گەورەتر بدەیت؟ ئەی یەزدانی باڵادەست، ئایا بە گشتی لەگەڵ مرۆڤ بەم شێوەیە هەڵسوکەوت دەکەیت؟
20
«ئیتر داود چی زیاتر بە تۆ بڵێت؟ ئەی یەزدانی باڵادەست، چونکە تۆ بەندەکەی خۆت دەناسیت.
21
تۆ لە پێناوی بەڵێنەکەت و بە خواستی دڵی خۆت ئەم کارە گەورەیەت کردووە بۆ ئەوەی لەلای بەندەکەت بزانرێت.
22
«ئەی یەزدانی باڵادەست، لەبەر ئەمە، چەند مەزنیت! کوا هاوتای تۆ؟ بێجگە لە تۆ خودایەک نییە لە هەموو ئەوەی بە گوێی خۆمان گوێمان لێبووە.
23
هەروەها کێ وەک ئیسرائیلی گەلەکەی تۆیە؟ ئەم گەلە تاکە نەتەوەیەکە لە زەویدا کە خودا هات بۆ ئەوەی گەلێک بۆ خۆی بکڕێتەوە، بۆ ئەوەی ناوێک بۆ خۆی دابنێت و کاری مەزن و سامناک بکات، بە دەرکردنی نەتەوەکان و خوداوەندەکانیان لەبەردەم گەلەکەت، ئەوەی لە میسر بۆ خۆت کڕیتەوە.
24
ئەی یەزدان، تۆ گەلی ئیسرائیلت جێگیر کردووە کە بۆ هەتاهەتایە ببنە گەلی خۆت و تۆش بوویتە خودایان.
25
«ئەی یەزدانی پەروەردگار، ئێستاش ئەو بەڵێنەی سەبارەت بە بەندەکەت و بە ماڵەکەی فەرمووت، بۆ هەتاهەتایە بیهێنە دی. هەروەک فەرمووت ئاوا بکە.
26
با ناوت هەتاهەتایە مەزن بێت و بگوترێت: ”یەزدانی سوپاسالار خودای ئیسرائیلە!“ با ماڵی داودی بەندەشت لەبەردەمتدا جێگیر بێت.
27
«ئەی یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، بۆ بەندەکەی خۆتت ئاشکرا کرد و فەرمووت: ”ماڵێکت بۆ بنیاد دەنێم.“ لەبەر ئەمە بەندەکەت ئازایەتی لە خۆیدا بینی ئەم نزایەت بۆ بکات.
28
ئەی یەزدانی باڵادەست، تۆ خودایت و بەڵێنەکانت متمانەپێکراون، بەڵێنی ئەم چاکەیەت بە بەندەکەت داوە.
29
ئێستاش ڕەزامەندی بفەرموو بۆ ئەوەی ماڵی بەندەکەت بەرەکەتدار بکەیت، تاوەکو بۆ هەتاهەتایە لەبەردەمت بێت، ئەی یەزدانی باڵادەست چونکە تۆ فەرمووت، ئینجا با لە بەرەکەتی تۆوە بۆ هەتاهەتایە بنەماڵەی بەندەکەت بەرەکەتدار بێت.»
  1. a. 7‏:14 مەبەستی لەوەیە کە نەتەوەی دیکە بەسەریدا زاڵ دەکات و لەلایەن ئەوانەوە دەچەوسێنرێتەوە.‏
  2. b. 7‏:17 ‏فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.‏