عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
جه‌نگ له‌نێوان بنه‌ماڵه‌ی شاول و ماڵی داود درێژه‌ی كێشا، هه‌تا ده‌هات داود به‌هێزتر ده‌بوو، بنه‌ماڵه‌ی شاولیش هه‌تا ده‌هات لاوازتر ده‌بوون.
2
داود له‌ حه‌برۆن چه‌ند كوڕێكی بوو:
كوڕه‌ نۆبه‌ره‌كه‌ی ئه‌منۆن بوو كه‌ له‌ ئه‌حینۆعه‌می یه‌زره‌عیلی بوو؛
3
دووه‌میان كیلئیاڤ له‌ ئه‌بیگایل بوو كه‌ بێوه‌ژنه‌كه‌ی نابالی كه‌رمه‌لی بوو؛
سێیه‌میان ئه‌بشالۆمی[a] كوڕی مه‌عكای كچی ته‌لمه‌ی پاشای گه‌شوور بوو؛
4
چواره‌میان ئه‌دۆنیای كوڕی حه‌گیس بوو؛
پێنجه‌میان شه‌فه‌تیای كوڕی ئه‌بیته‌ل بوو؛
5
شه‌شه‌میان یه‌ترعام له‌ عه‌گلای ژنی داود بوو.
ئه‌مانه‌ له‌ حه‌برۆن بۆ داود له‌دایك بوون.
ئه‌بنێر ده‌چێته‌ پاڵ داود 
6
ئه‌وه‌ بوو كاتێك جه‌نگ له‌نێوان بنه‌ماڵه‌ی شاول و ماڵی داود به‌رپا بوو، ئه‌بنێر پێگه‌ی خۆی له‌ناو بنه‌ماڵه‌ی شاول به‌هێز ده‌كرد،
7
شاول كه‌نیزه‌یه‌كی هه‌بوو ناوی ڕیچپای كچی ئه‌ییا بوو، ئیشبۆشه‌تیش به‌ ئه‌بنێری گوت: «بۆچی له‌گه‌ڵ كه‌نیزه‌كه‌ی باوكم جووتبوویت؟»
8
ئه‌بنێر به‌ قسه‌كه‌ی ئیشبۆشه‌ت زۆر تووڕه‌ بوو و گوتی: «ئایا من سه‌ری سه‌گم، ده‌ستی یه‌هودام؟ هه‌تا ئه‌مڕۆ من دڵسۆز بووم له‌گه‌ڵ ماڵی شاولی باوكت و له‌گه‌ڵ براكانی و هاوڕێیه‌كانی، هه‌روه‌ها تۆم نه‌داوه‌ته‌ ده‌ست داوده‌وه‌. تۆش به‌هۆی په‌یوه‌ندیم به‌و ژنه‌وه‌ گومانم لێده‌كه‌یت؟
9
با خودا توندترین سزای ئه‌بنێر بدات، ئه‌گه‌ر من پاڵپشتی داود نه‌كه‌م و سوێنده‌كه‌ی یه‌زدان نه‌هێنمه‌ دی،
10
بۆ گواستنه‌وه‌ی پاشایه‌تییه‌كه‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی شاوله‌وه‌، هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی ته‌ختی داود له‌ ئیسرائیل و یه‌هودا، له‌ دانه‌وه‌ هه‌تا بیری شابه‌ع[b]
11
ئیتر ئیشبۆشه‌تیش نه‌یتوانی به‌ یه‌ك وشه‌ وه‌ڵامی ئه‌بنێر بداته‌وه‌، چونكه‌ لێی ده‌ترسا.
12
ئینجا ئه‌بنێر نێردراوی بۆ لای داود نارد بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی ئه‌وه‌وه‌ بڵێن: «ئه‌م خاكه‌ هی كێیه‌؟» هه‌روه‌ها بڵێن: «په‌یمانی خۆتم له‌گه‌ڵدا ببه‌سته‌، ئه‌وه‌تا منیش ده‌ستم له‌گه‌ڵتدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئیسرائیل بۆ خۆت بگه‌ڕێنیته‌وه‌.»
13
داودیش گوتی: «باشه‌، من په‌یمانی خۆمت له‌گه‌ڵدا ده‌به‌ستم، به‌ڵام یه‌ك شتت لێ داوا ده‌كه‌م، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، ڕووی من نابینیت، ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م جار میخه‌لی كچی شاول له‌گه‌ڵ خۆتدا نه‌هێنیت، كاتێك دێیت بۆ ئه‌وه‌ی بمبینیت.»
14
ئینجا داود نێردراوی بۆ لای ئیشبۆشه‌تی كوڕی شاول نارد و گوتی: «میخه‌لی ژنم بده‌وه‌ كه‌ به‌ سه‌د پێستی سه‌ری ئه‌ندامی نێرینه‌ی فه‌له‌ستییه‌كان له‌ خۆمم ماره‌ كردووه‌.»
15
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئیشبۆشه‌ت ناردی و له‌ مێرده‌كه‌ی وه‌ریگرته‌وه‌، له‌ په‌لتیێلی كوڕی لایش.
16
مێرده‌كه‌ی له‌گه‌ڵی ده‌ڕۆیشت و به‌دوایدا ده‌گریا هه‌تا گه‌یشته‌ به‌حوریم. ئینجا ئه‌بنێر پێی گوت: «بڕۆ، بگه‌ڕێوه‌!» ئه‌ویش گه‌ڕایه‌وه‌.
17
پاشان ئه‌بنێر له‌گه‌ڵ پیرانی ئیسرائیل قسه‌ی كرد و گوتی: «ئێوه‌ له‌مێژه‌ داوای داودتان ده‌كرد ببێته‌ پاشاتان،
18
كه‌واته‌ ئێستا ئه‌وه‌ بكه‌ن! چونكه‌ یه‌زدان به‌ داودی فه‌رمووه‌: ”من به‌ ده‌ستی داودی به‌نده‌م ئیسرائیلی گه‌لم له‌ ده‌ست فه‌له‌ستییه‌كان و سه‌رجه‌م دوژمنه‌كانیان ڕزگار ده‌كه‌م.“»
19
هه‌روه‌ها ئه‌بنێر له‌گه‌ڵ بنیامینییه‌كان قسه‌ی كرد. پاشان ئه‌بنێر چوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌ حه‌برۆن له‌گه‌ڵ داود قسه‌ بكات ده‌رباره‌ی هه‌موو ئه‌وه‌ی ئیسرائیل و هه‌موو بنه‌ماڵه‌ی بنیامین په‌سه‌ندیان كردووه‌.
20
كاتێك ئه‌بنێر له‌گه‌ڵ بیست پیاو هاته‌ حه‌برۆن بۆ لای داود، داود خوانێكی ساز كرد بۆ ئه‌بنێر و ئه‌و پیاوانه‌ی له‌گه‌ڵیدا بوون.
21
ئه‌بنێر به‌ داودی گوت: «هه‌ڵده‌ستم و ده‌ڕۆم، هه‌تاوه‌كو هه‌موو ئیسرائیل بۆ پاشای گه‌وره‌م كۆبكه‌مه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یمانت له‌گه‌ڵدا ببه‌ستن و تۆش به‌پێی هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ دڵت ئاره‌زووی ده‌كات فه‌رمانڕه‌وایی بكه‌یت.» داودیش ئه‌بنێری به‌ڕێكرد و ئه‌ویش به‌ سه‌لامه‌تی ڕۆیشت.
كوشتنی ئه‌بنێر له‌لایه‌ن یۆئابه‌وه‌ 
22
له‌و كاته‌دا یۆئاب و پیاوانی داود له‌ په‌لامارێك ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ و ده‌ستكه‌وتێكی زۆریان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنابوو. به‌ڵام ئه‌بنێر له‌ حه‌برۆن له‌گه‌ڵ داود نه‌بوو، چونكه‌ به‌ڕێی كردبوو و به‌ سه‌لامه‌تی ڕۆیشتبوو.
23
كاتێك یۆئاب و هه‌موو ئه‌و له‌شكره‌ی له‌گه‌ڵی بوو هاتن، به‌ یۆئابیان ڕاگه‌یاند و گوتیان: «ئه‌بنێری كوڕی نێر هات بۆ لای پاشا و ئه‌ویش به‌ڕێی كرد و به‌ سه‌لامه‌تی ڕۆیشت.»
24
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یۆئاب بۆ لای پاشا چووه‌ ژووره‌وه‌ و گوتی: «چیت كرد؟ ئه‌بنێر هات بۆ لات، بۆچی به‌ڕێت كرد بڕوات؟ ئێستا ڕۆیشتووه‌!
25
تۆ ده‌زانیت كه‌ ئه‌بنێری كوڕی نێر ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ هاتووه‌ فریوت بدات، به‌ هاتوچۆكردنت بزانێت، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ بزانێت كه‌ ده‌یكه‌یت.»
26
كاتێك یۆئاب داودی به‌جێهێشت، چه‌ند نێردراوێكی به‌دوای ئه‌بنێردا نارد و له‌ ئه‌مباراوی سیرادا گه‌ڕاندیانه‌وه‌، به‌ڵام داود ئاگای له‌مه‌ نه‌بوو.
27
كاتێك ئه‌بنێر گه‌ڕایه‌وه‌ حه‌برۆن، یۆئاب بۆ ئه‌وه‌ی به‌ نهێنی قسه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات بردییه‌ كه‌ناری ده‌روازه‌كه‌وه‌ و له‌وێدا له‌ تۆڵه‌ی خوێنی عه‌ساهێلی برای سكی هه‌ڵدڕی و كوشتی.
28
پاشان داود ئه‌مه‌ی بیسته‌وه‌ و گوتی: «من خۆم و پاشایه‌تییه‌كه‌م هه‌تاهه‌تایه‌ لای یه‌زدان له‌ خوێنی ئه‌بنێری كوڕی نێر بێبه‌رین.
29
با له‌ ملی یۆئاب و هه‌موو ماڵی باوكی بێت! با له‌ ماڵی یۆئاب زامی درێژخایه‌ن و گه‌ڕوگولی[c] و دارشه‌قه‌ به‌ده‌ست و به‌ شمشێر كوژراو و برسی نان نه‌بڕێته‌وه‌.»
30
یۆئاب و ئه‌بیشه‌ی برای ئه‌بنێریان كوشت، چونكه‌ ئه‌و عه‌ساهێلی برایانی له‌ گبعۆن له‌ جه‌نگدا كوشت.
31
ئینجا داود به‌ یۆئاب و هه‌موو گه‌ل و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدا بوون، پێی گوتن: «جله‌كانتان له‌به‌ر خۆتان دابدڕن و جلوبه‌رگی گوش[d] بپۆشن و له‌به‌رده‌م ئه‌بنێردا شیوه‌ن بگێڕن.» داودی پاشاش له‌دوای داره‌مه‌یته‌كه‌[e] ده‌ڕۆیشت.
32
ئه‌بنێریان له‌ حه‌برۆن ناشت. پاشا به‌ گریانه‌وه‌ له‌سه‌ر گۆڕی ئه‌بنێر ده‌نگی به‌رزكرده‌وه‌، هه‌موو گه‌ل گریان.
33
هه‌روه‌ها پاشا بۆ ئه‌بنێر لاواندییه‌وه‌ و گوتی:
«ئایا ده‌بێت وه‌ك مردنی گێلێك ئه‌بنێر بمرێت؟
34
ده‌سته‌كانت نه‌به‌سترابوونه‌وه‌ و
پێیه‌كانت به‌ زنجیر كۆت نه‌كرابوون.
كه‌وتی، هه‌روه‌ك یه‌كێك له‌به‌رده‌م به‌دكاران كه‌وتبێت.»
جا هه‌موو گه‌ل ده‌ستیان به‌ گریان كرده‌وه‌ بۆی.
35
ئیتر هه‌موو گه‌ل هاتن بۆ ئه‌وه‌ی نان بده‌نه‌ داود و بیخوات. هێشتا ڕۆژ بوو، به‌ڵام داود سوێندی خوارد: «با خودا توندترین سزام بدات، ئه‌گه‌ر پێش خۆرئاوابوون نان یان هه‌ر شتێكی دیكه‌ بخۆم.»
36
هه‌موو گه‌ل زانییان و له‌لایان په‌سه‌ند بوو، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ پاشا كردی له‌لایه‌ن هه‌موو گه‌له‌وه‌ په‌سه‌ند بوو.
37
ئینجا له‌و ڕۆژه‌دا هه‌موو گه‌ل و هه‌موو ئیسرائیل زانییان كه‌ كوشتنی ئه‌بنێری كوڕی نێر له‌لایه‌ن پاشاوه‌ نه‌بوو.
38
پاشا به‌ خزمه‌تكاره‌كانی گوت: «ئایا نازانن ئه‌مڕۆ له‌ ئیسرائیلدا میرێك و گه‌وره‌ پیاوێك كه‌وتووه‌؟
39
منیش ئه‌مڕۆ لاوازم، هه‌رچه‌نده‌ ده‌ستنیشانكراوم به‌ پاشا، ئه‌و پیاوانه‌ش، هه‌روه‌ها ئه‌م كوڕانه‌ی چه‌رویا له‌ من به‌هێزترن. یه‌زدان خراپه‌كار به‌پێی خراپه‌كه‌ی سزا ده‌دات!»
  1. a. 3‏:3 ئه‌بشالۆم: ناوێكی عیبرییه‌ به‌ واتای باوكی ئاشتی، به‌ڵام ناكۆكی له‌گه‌ڵ داودی باوكی هه‌بوو و سه‌ركردایه‌تی یاخیبوونێكی كرد له‌ دژی. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانه‌ به‌شه‌كانی 13‏–18 و زه‌بووره‌كان 3.
  2. b. 3‏:10 واته‌ له‌ باكووری ئیسرائیل هه‌تا باشوور.
  3. c. 3‏:29 گه‌ڕوگول: نه‌ك ته‌نها گولی، به‌ڵام ئه‌م وشه‌یه‌ بۆ چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی جیاوازی پێست به‌كارده‌هێنرا.
  4. d. 3‏:31 له‌ كاتی ماته‌مگێڕان و تۆبه‌كردندا جلوبه‌رگی له‌ گوش دروستكراویان له‌به‌ركردووه‌ كه‌ ئه‌زیه‌تی پێستیانی داوه‌.
  5. e. 3‏:31 یان داره‌بازه‌كه‌.