عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
كوشتنی ئیشبۆشه‌ت 
1
كاتێك ئیشبۆشه‌تی كوڕی شاول بیستییه‌وه‌ كه‌ ئه‌بنێر له‌ حه‌برۆن كوژراوه‌، ده‌ستی شل بوو و هه‌موو ئیسرائیل ترسیان لێ نیشت.
2
كوڕه‌كه‌ی شاول دوو پیاوی هه‌بوو كه‌ سه‌رده‌سته‌ی چه‌ته‌كان بوون، یه‌كێكیان ناوی به‌عه‌نا و ئه‌وی دیكه‌یان ناوی ڕێكاب بوو، هه‌ردووكیان كوڕی ڕیمۆنی بئێرۆتی بوون كه‌ له‌ نه‌وه‌ی بنیامین بوو. بئێرۆت له‌سه‌ر بنیامین داده‌نرێت،
3
چونكه‌ بئێرۆتییه‌كان بۆ گیته‌یم هه‌ڵاتبوون و ئاواره‌ی ئه‌وێ بوون، هه‌تا ئه‌مڕۆ له‌وێن.
4
یۆناتانی كوڕی شاولیش كوڕێكی هه‌بوو كه‌ هه‌ردوو قاچی شه‌ل بوون، كاتێك هه‌واڵی شاول و یۆناتان له‌ یه‌زره‌عیله‌وه‌ گه‌یشت ته‌مه‌نی پێنج ساڵان بوو، ئیتر دایه‌نه‌كه‌ی هه‌ڵیگرت و هه‌ڵات، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ په‌له‌ بوو بۆ هه‌ڵاتن، منداڵه‌كه‌ كه‌وت و شه‌ل بوو، ناویشی مه‌فیبۆشه‌ت بوو.
5
كوڕه‌كانی ڕیمۆنی بئێرۆتی ڕێكاب و به‌عه‌نا ڕۆیشتن و له‌ گه‌رمه‌ی ڕۆژدا خۆیان به‌ ماڵی ئیشبۆشه‌تدا كرد كه‌ سه‌رخه‌وی نیوه‌ڕۆی ده‌شكاند.
6
چوونه‌ ناو ماڵه‌كه‌وه‌ به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی باره‌ گه‌نم ببه‌ن، شمشێرێكیان له‌ سكی دا. پاشان ڕێكاب و به‌عه‌نای برای ده‌رباز بوون.
7
له‌ كاتی هاتنه‌ ژووره‌وه‌یان بۆ ناو ماڵه‌كه‌ ئه‌و له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی له‌ ژووری نوستنه‌كه‌ی پاڵكه‌وتبوو، جا لێیاندا و كوشتیان، سه‌ریان بڕی و سه‌ره‌كه‌یان برد، به‌ درێژایی ئه‌و شه‌وه‌ به‌ناو عه‌راڤادا ڕۆیشتن.
8
سه‌ری ئیشبۆشه‌تیان هێنایه‌ حه‌برۆن، بۆ لای داودی پاشا، پێیان گوت: «ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ سه‌ری ئیشبۆشه‌تی كوڕی شاولی دوژمنی تۆیه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یویست بتكوژێت. یه‌زدانیش ئه‌مڕۆ به‌ پاشای گه‌وره‌ی منی داوه‌ تۆڵه‌ له‌ شاول و له‌ نه‌وه‌كه‌ی بكاته‌وه‌.»
9
داودیش وه‌ڵامی ڕێكاب و به‌عه‌نای برای دایه‌وه‌ كه‌ كوڕه‌كانی ڕیمۆنی بئێرۆتین و پێی گوتن: «به‌ یه‌زدانی زیندوو، ئه‌وه‌ی ژیانی منی له‌ هه‌موو ته‌نگانه‌یه‌ك كڕییه‌وه‌،
10
كاتێك یه‌كێك هه‌واڵی پێدام و گوتی: ”شاول مردووه‌“ و خۆی به‌ مزگێنیده‌ر ده‌زانی، گرتم و له‌ چیقله‌گ كوشتم، به‌وه‌ موژدانه‌كه‌یم دایه‌وه‌.
11
ئه‌ی ده‌بێت ئه‌مه‌یان چه‌ند زۆرتر بێت ئه‌گه‌ر دوو پیاوی به‌دكار پیاوێكی ڕاستودروست له‌ناو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا و له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی بكوژن. ئێستاش ئایا داوای خوێنه‌كه‌ی ئه‌وتان لێ نه‌كه‌م و له‌سه‌ر زه‌وی نه‌تانسڕمه‌وه‌؟»
12
جا داود فه‌رمانی به‌ خزمه‌تكاره‌كان كرد و ئه‌وانیان كوشت، ده‌ست و پێیان بڕین، له‌لای گۆمه‌كه‌ی حه‌برۆن هه‌ڵیانواسین. به‌ڵام سه‌ری ئیشبۆشه‌تیان برده‌ حه‌برۆن و له‌ گۆڕه‌كه‌ی ئه‌بنێردا ناشتیان.