عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سروودی داود بۆ ستایشی خودا 
1
داود ئەم سروودەی بۆ یەزدان گوت، دوای ئەوەی یەزدان لە دەستی هەموو دوژمنەکانی و لە دەستی شاول ڕزگاری کرد.
2
گوتی:
«یەزدان تاشەبەردی منە، قەڵا و دەربازکەرمە،
3
خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم،
قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە،
پەناگا و حەشارگەمە، ڕزگارکەری منە،
لە ستەم ڕزگارم دەکات.
4
«لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە،
لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم،
5
چونکە شەپۆلی مەرگ منی پێچایەوە،
لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم،
6
پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە،
داوی مردن لەبەردەمم دانراوە.
7
«لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە،
هاوارم بردە بەر خودام،
لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو،
گوێی لە هاوارم بوو.
8
ئینجا زەوی لەرزی و هەژا،
بناغەکانی ئاسمان ڕاژەنین،
لە تووڕەیی ئەو لەرزین.
9
دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە،
ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە،
وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو.
10
ئاسمانی شەقکرد و دابەزییە خوارەوە،
هەوری تاریک لەژێر پێی بوو.
11
سواری کەڕوب[a] بوو و فڕی،
بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە.
12
تاریکی کردە ڕەشماڵ لە دەوری خۆی،
هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمان.
13
لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو
پشکۆ ئاگرەکان داگیرسان.
14
یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی،
ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە.
15
تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد،
بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن.
16
بنی دەریا دەرکەوت،
بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون،
لە سەرزەنشتی یەزدان،
لە گەرمی هەناسەی لووتی.
17
«لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت،
لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام.
18
لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم،
لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون.
19
لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم،
بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو.
20
منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین،
ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم.
21
«یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم،
22
چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر،
لە خودای خۆم یاخی نەبووم.
23
هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان،
لە فەرزەکانی لام نەداوە.
24
لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و
خۆم لە گوناه پاراستووە.
25
یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی.
26
«لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت،
لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت،
27
لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت،
بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت.
28
تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت،
بەڵام چاوەکانت لەسەر لووتبەرزانە، دەیانشکێنیت.
29
ئەی یەزدان، تۆ چرای منیت،
یەزدان تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە.
30
بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم،
لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم.
31
«ڕێبازی خودا تەواوە،
بەڵێنی یەزدان بێگەردە،
ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
32
لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟
لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟
33
خودایە ئەوەی بە هێز پاڵپشتیم دەکات،
بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە.
34
پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات،
لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت.
35
مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ،
تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە.
36
تۆ قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم،
هاوکاریت گەورەم دەکات.
37
جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت،
تاکو پێم نەخلیسکێت.
38
«دوژمنەکانم ڕاونا و وردوخاشم کردن،
هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە.
39
لەناوم بردن و وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە،
لەژێر پێم کەوتن.
40
کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ،
وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن.
41
دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد،
من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد.
42
هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو،
هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو.
43
وەک تۆزی زەوی ئەوانم هاڕی،
وەک قوڕی سەر ڕێگا پێم خستە سەریان و پێشێلم کردن.
44
«لە هێرشی گەلان ڕزگارت کردم،
تۆ منت بە سەرۆکی نەتەوەکان هێشتەوە.
گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن،
45
بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن،
هەرکە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن.
46
بێگانەکان ورە بەر دەدەن و
بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە.
47
«یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم!
خودای ڕزگارکەرم تاشەبەردەکەیە، پایەبەرزە!
48
خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە،
گەلان ملکەچی من دەکات،
49
لە چنگی دوژمنەکانم دەرمدەهێنێت.
پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم،
لە دەست پیاوێکی توندوتیژ ڕزگارت کردم.
50
لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم،
گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.
51
«سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت،
خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت،
بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.»
  1. a. 22‏:11 کەڕوب: بوونەوەرێکی ئاسمانی باڵدارە. بڕوانە حزقیێل 10‏:5‏‏.‏