عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - تۆڵەسەندنەوەی داود بۆ گبعۆنییەکان
 - 1
 - لە سەردەمی پاشایەتی داود سێ ساڵ لەدوای یەک قاتوقڕی هەبوو، داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد و یەزدانیش فەرمووی: «بەهۆی شاول و ماڵە خوێنڕێژەکەیەتی، لەبەر ئەوەی گبعۆنییەکانی کوشت.»
 - 2
 - پاشا گبعۆنییەکانی بانگکرد و لەگەڵیاندا دوا. گبعۆنییەکان لە نەوەی ئیسرائیل نەبوون، بەڵکو لە پاشماوەی ئەمۆرییەکان بوون و نەوەی ئیسرائیل سوێندیان بۆ پەیمانی ئاشتی خواردبوو، بەڵام شاول بەهۆی دڵگەرمی بۆ ئیسرائیل و یەهودا هەوڵی لەناوبردنی دان.
 - 3
 - جا داود بە گبعۆنییەکانی گوت: «چیتان بۆ بکەم و بە چی کەفارەت بکەم تاوەکو داوای بەرەکەت بۆ میراتی یەزدان بکەن؟»
 - 4
 - گبعۆنییەکانیش وەڵامیان دایەوە: «بۆمان نییە داوای زێڕ و زیو لە شاول و ماڵەکەی بکەین، هەروەها بۆشمان نییە کەس لە ئیسرائیلدا بکوژین.»
داودیش گوتی: «هەرچی بڵێن بۆتان دەکەم.» - 5
 - ئەوانیش بە پاشایان گوت: «ئەو پیاوەی کە قڕی کردین و پیلانی لە دژمان گێڕا بۆ ئەوەی لەناومان ببات و لە هەموو سنوورەکانی ئیسرائیلدا نەمێنینەوە،
 - 6
 - با حەوت پیاومان لە کوڕەکانی پێبدرێت، تاوەکو بۆ یەزدان هەڵیانواسین، لە گیڤعای شاولی هەڵبژێردراوی یەزدان.»
پاشاش گوتی: «من پێتان دەدەم.» - 7
 - پاشا دەستی لە مەفیبۆشەتی کوڕی یۆناتانی کوڕی شاول پاراست، لەبەر ئەو سوێندەی یەزدان کە لەنێوان داود و یۆناتانی کوڕی شاول هەبوو.
 - 8
 - بەڵام پاشا ئەمانەی برد: ئەرمۆنی و مەفیبۆشەت، هەردوو کوڕەکەی ڕیچپای کچی ئەییا کە لە شاول ببووی، لەگەڵ هەر پێنج کوڕەکەی مێرەڤی کچی شاول کە لە عەدرئێلی کوڕی بەرزیلەیی مەحۆلاتی ببووی.
 - 9
 - کوڕەکانی دایە دەست گبعۆنییەکان، ئەوانیش لەسەر چیا لەبەردەم یەزداندا بە کوژراوی هەڵیانواسین، هەر حەوتیان پێکەوە کەوتن، لە ڕۆژانی دروێنە لە سەرەتای دەستپێکردنی دروێنەی جۆ کوژران.
 - 10
 - ڕیچپای کچی ئەییا گوشێکی[a] برد و لەسەر بەردێک بۆ خۆی ڕایخست. هەر لە سەرەتای دروێنەدا هەتا ئەو کاتەی باران لە ئاسمان باری نەیهێشت نە باڵندەی ئاسمان لە ڕۆژ و نە ئاژەڵی کێوی لە شەو دابەزنە سەر تەرمەکانیان.
 - 11
 - ئیتر ئەوەی ڕیچپای کچی ئەییا کەنیزەکەی شاول کردی بە داود ڕاگەیەنرا،
 - 12
 - داودیش چوو و ئێسکەکانی شاول و ئێسکەکانی یۆناتانی کوڕی لەلای دانیشتووانی یاڤێش گلعاد هێنا، ئەوانەی لە گۆڕەپانی بێتشانەوە دزیبوویان، لەو شوێنەدا کە فەلەستییەکان ئەو ڕۆژەی کە لە شاولیان دا لە گلبۆع هەڵیانواسیبوون.
 - 13
 - داود لەوێوە ئێسکەکانی شاول و یۆناتانی کوڕی هێنا و ئێسکی هەڵواسراوەکانیشی کۆکردەوە.
 - 14
 - ئینجا ئێسکەکانی شاول و یۆناتانی کوڕیان لە زەوی بنیامین لە چێلاع لەناو گۆڕەکەی قیشی باوکی ناشت و هەموو ئەو شتانەی پاشا فەرمانی پێدابوو کردیان. پاش ئەوە خودا وەڵامی ئەو پاڕانەوەی دایەوە کە لە پێناوی زەوییەکە کرا.
 - جەنگی دیکە لەگەڵ فەلەستییەکان
 - 15
 - جارێکی دیکە جەنگ لەنێوان فەلەستییەکان و ئیسرائیلدا بەرپابوو، داود لەگەڵ خزمەتکارەکانی دابەزین و لە دژی فەلەستییەکان جەنگان، داود شەکەت بوو.
 - 16
 - جا یەشبی بەنۆڤ کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕافا و کێشی ڕمەکەی سێ سەد شاقل بڕۆنز[b] بوو، شمشێرێکی نوێی لە کەمەری بەستبوو، گوتی کە داود دەکوژێت.
 - 17
 - بەڵام ئەبیشەی کوڕی چەرویا بە هانایەوە هات و لە فەلەستییەکەی دا و کوشتی. ئینجا پیاوەکانی داود سوێندیان بۆ خوارد و گوتیان: «نابێت جارێکی دیکە بۆ جەنگ لەگەڵمان بێیتە دەرەوە، نەوەک چرای ئیسرائیل بکوژێنرێتەوە.»
 - 18
 - پاش ئەمانە جەنگێکی دیکە لەگەڵ فەلەستییەکان لە گۆڤ هەڵگیرسا، لەو کاتەدا سیبەخەیی حوشاتی سەفی کوشت کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕافا.
 - 19
 - جارێکی دیکەش لەگەڵ فەلەستییەکان لە گۆڤ جەنگ هەڵگیرسایەوە، ئێلحانانی کوڕی یاعیری بێتلەحمی برای گۆلیاتی گەتی[c]  کوشت، دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان بوو.
 - 20
 - دیسان لە گەت جەنگ هەڵگیرسایەوە، پیاوێکی زەبەلاح هەبوو هەر پەلێکی شەش پەنجەی هەبوو، واتا بیست و چوار پەنجەی هەبوو. ئەویش هەر لە نەوەی ڕافا بوو.
 - 21
 - کاتێک سووکایەتی بە ئیسرائیل کرد، یۆناتانی کوڕی شیمەعای برای داود کوشتی.
 - 22
 - ئەو چوارە لە نەوەی ڕافا بوون لە گەت، بە دەستی داود و خزمەتکارەکانی کوژران.
 
- a. 21:10 ڕیشاڵێکی ڕووەکییە کە لەو سەردەمەدا بەرگی ماتەمی لێ دروستدەکرا.
 - b. 21:16 سێ سەد شاقل بڕۆنز: نزیکەی 3,5 کیلۆگرام.
 - c. 21:19 هەرچەندە لە 1 پوختەی مێژوو 20:5 نووسراوە کە ئێلحانان (لەحمی)ی برای گۆلیاتی کوشت، بەڵام دەشێت چەند جەنگاوەرێکی فەلەستی هەبێت کە ناویان گۆلیات بووبێت.
 

