عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
تۆڵەسەندنەوەی داود بۆ گبعۆنییەکان 
1
لە سەردەمی پاشایەتی داود سێ ساڵ لەدوای یەک قاتوقڕی هەبوو، داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد و یەزدانیش فەرمووی: «بەهۆی شاول و ماڵە خوێنڕێژەکەیەتی، لەبەر ئەوەی گبعۆنییەکانی کوشت.»
2
پاشا گبعۆنییەکانی بانگکرد و لەگەڵیاندا دوا. گبعۆنییەکان لە نەوەی ئیسرائیل نەبوون، بەڵکو لە پاشماوەی ئەمۆرییەکان بوون و نەوەی ئیسرائیل سوێندیان بۆ پەیمانی ئاشتی خواردبوو، بەڵام شاول بەهۆی دڵگەرمی بۆ ئیسرائیل و یەهودا هەوڵی لەناوبردنی دان.
3
جا داود بە گبعۆنییەکانی گوت: «چیتان بۆ بکەم و بە چی کەفارەت بکەم تاوەکو داوای بەرەکەت بۆ میراتی یەزدان بکەن؟»
4
گبعۆنییەکانیش وەڵامیان دایەوە: «بۆمان نییە داوای زێڕ و زیو لە شاول و ماڵەکەی بکەین، هەروەها بۆشمان نییە کەس لە ئیسرائیلدا بکوژین.»
داودیش گوتی: «هەرچی بڵێن بۆتان دەکەم.»
5
ئەوانیش بە پاشایان گوت: «ئەو پیاوەی کە قڕی کردین و پیلانی لە دژمان گێڕا بۆ ئەوەی لەناومان ببات و لە هەموو سنوورەکانی ئیسرائیلدا نەمێنینەوە،
6
با حەوت پیاومان لە کوڕەکانی پێبدرێت، تاوەکو بۆ یەزدان هەڵیانواسین، لە گیڤعای شاولی هەڵبژێردراوی یەزدان.»
پاشاش گوتی: «من پێتان دەدەم.»
7
پاشا دەستی لە مەفیبۆشەتی کوڕی یۆناتانی کوڕی شاول پاراست، لەبەر ئەو سوێندەی یەزدان کە لەنێوان داود و یۆناتانی کوڕی شاول هەبوو.
8
بەڵام پاشا ئەمانەی برد: ئەرمۆنی و مەفیبۆشەت، هەردوو کوڕەکەی ڕیچپای کچی ئەییا کە لە شاول ببووی، لەگەڵ هەر پێنج کوڕەکەی مێرەڤی کچی شاول کە لە عەدرئێلی کوڕی بەرزیلەیی مەحۆلاتی ببووی.
9
کوڕەکانی دایە دەست گبعۆنییەکان، ئەوانیش لەسەر چیا لەبەردەم یەزداندا بە کوژراوی هەڵیانواسین، هەر حەوتیان پێکەوە کەوتن، لە ڕۆژانی دروێنە لە سەرەتای دەستپێکردنی دروێنەی جۆ کوژران.
10
ڕیچپای کچی ئەییا گوشێکی[a] برد و لەسەر بەردێک بۆ خۆی ڕایخست. هەر لە سەرەتای دروێنەدا هەتا ئەو کاتەی باران لە ئاسمان باری نەیهێشت نە باڵندەی ئاسمان لە ڕۆژ و نە ئاژەڵی کێوی لە شەو دابەزنە سەر تەرمەکانیان.
11
ئیتر ئەوەی ڕیچپای کچی ئەییا کەنیزەکەی شاول کردی بە داود ڕاگەیەنرا،
12
داودیش چوو و ئێسکەکانی شاول و ئێسکەکانی یۆناتانی کوڕی لەلای دانیشتووانی یاڤێش گلعاد هێنا، ئەوانەی لە گۆڕەپانی بێت‌شانەوە دزیبوویان، لەو شوێنەدا کە فەلەستییەکان ئەو ڕۆژەی کە لە شاولیان دا لە گلبۆع هەڵیانواسیبوون.
13
داود لەوێوە ئێسکەکانی شاول و یۆناتانی کوڕی هێنا و ئێسکی هەڵواسراوەکانیشی کۆکردەوە.
14
ئینجا ئێسکەکانی شاول و یۆناتانی کوڕیان لە زەوی بنیامین لە چێلاع لەناو گۆڕەکەی قیشی باوکی ناشت و هەموو ئەو شتانەی پاشا فەرمانی پێدابوو کردیان. پاش ئەوە خودا وەڵامی ئەو پاڕانەوەی دایەوە کە لە پێناوی زەوییەکە کرا.
جەنگی دیکە لەگەڵ فەلەستییەکان 
15
جارێکی دیکە جەنگ لەنێوان فەلەستییەکان و ئیسرائیلدا بەرپابوو، داود لەگەڵ خزمەتکارەکانی دابەزین و لە دژی فەلەستییەکان جەنگان، داود شەکەت بوو.
16
جا یەشبی بەنۆڤ کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕافا و کێشی ڕمەکەی سێ سەد شاقل بڕۆنز[b] بوو، شمشێرێکی نوێی لە کەمەری بەستبوو، گوتی کە داود دەکوژێت.
17
بەڵام ئەبیشەی کوڕی چەرویا بە هانایەوە هات و لە فەلەستییەکەی دا و کوشتی. ئینجا پیاوەکانی داود سوێندیان بۆ خوارد و گوتیان: «نابێت جارێکی دیکە بۆ جەنگ لەگەڵمان بێیتە دەرەوە، نەوەک چرای ئیسرائیل بکوژێنرێتەوە.»
18
پاش ئەمانە جەنگێکی دیکە لەگەڵ فەلەستییەکان لە گۆڤ هەڵگیرسا، لەو کاتەدا سیبەخەیی حوشاتی سەفی کوشت کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕافا.
19
جارێکی دیکەش لەگەڵ فەلەستییەکان لە گۆڤ جەنگ هەڵگیرسایەوە، ئێلحانانی کوڕی یاعیری بێت‌لەحمی برای گۆلیاتی گەتی[c] کوشت، دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان بوو.
20
دیسان لە گەت جەنگ هەڵگیرسایەوە، پیاوێکی زەبەلاح هەبوو هەر پەلێکی شەش پەنجەی هەبوو، واتا بیست و چوار پەنجەی هەبوو. ئەویش هەر لە نەوەی ڕافا بوو.
21
کاتێک سووکایەتی بە ئیسرائیل کرد، یۆناتانی کوڕی شیمەعای برای داود کوشتی.
22
ئەو چوارە لە نەوەی ڕافا بوون لە گەت، بە دەستی داود و خزمەتکارەکانی کوژران.
  1. a. 21‏:10 ڕیشاڵێکی ڕووەکییە کە لەو سەردەمەدا بەرگی ماتەمی لێ دروستدەکرا.‏
  2. b. 21‏:16 سێ سەد شاقل بڕۆنز: نزیکەی 3,5 کیلۆگرام.‏
  3. c. 21‏:19 هەرچەندە لە 1 پوختەی مێژوو 20‏:5 نووسراوە کە ئێلحانان (لەحمی)ی برای گۆلیاتی کوشت، بەڵام دەشێت چەند جەنگاوەرێکی فەلەستی هەبێت کە ناویان گۆلیات بووبێت.‏