عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئەحیتۆفەل بە ئەبشالۆمی گوت: «پێم باشە دوازدە هەزار پیاو هەڵبژێریت و هەستیت و هەر ئەمشەو بەدوای داود بکەویت.
2
کە هێشتا ماندووە و دەستی شلە بەسەریدا بدە، ئینجا بیتۆقێنە، ئیتر هەموو ئەو گەلەی لەگەڵیدان هەڵدێن. بە تەنها لە پاشا بدە،
3
هەموو گەلت بۆ دەگەڕێتەوە. مەرگی ئەو پیاوەی داوای دەکەیت، واتای گەڕانەوەی هەمووانە، جا هەموو گەل لە ئاشتیدا دەبن.»
4
ئەم تەگبیرەی لەلایەن ئەبشالۆم و هەموو پیرانی ئیسرائیلەوە پەسەند کرا.
5
بەڵام ئەبشالۆم گوتی: «حوشەی ئەرکیش بانگ بکەن، با بزانین ئەویش چی دەڵێت.»
6
ئیتر حوشەی هاتە لای، ئەبشالۆم پێی گوت: «ئەحیتۆفەل ئەم قسەیەی کردووە، ئایا بە قسەی بکەین؟ ئەگەر نا، تۆ چی دەڵێت؟»
7
حوشەیش بە ئەبشالۆمی گوت: «ڕاوێژەکەی ئەم جارەی ئەحیتۆفەل باش نییە.
8
تۆ باوکت و پیاوەکانی دەناسیت، پاڵەوانن، وەک دەڵەورچێک کە لە دەشتودەرە بەچکەکانی ڕاوکرابێت تووڕەن. جگە لەوەش باوکت پیاوی جەنگە و لەگەڵ لەشکر شەو بەسەرنابات.
9
ئێستا ئەو لە ئەشکەوتێک یان لە شوێنێکدا خۆی شاردووەتەوە. ئەگەر لە سەرەتادا هەندێکتان لێ بکوژرێت و خەڵکی بیبیستنەوە و بڵێن، ”ئەو لەشکرەی لەگەڵ ئەبشالۆم بوو، تێکشکاوە،“
10
ئەوا تەنانەت ئەو پاڵەوانەی دڵی وەک شێر وایە دڵی دەتوێتەوە، چونکە هەموو ئیسرائیل دەزانن کە باوکت پاڵەوانە و ئەوانەی لەگەڵیدان قارەمانن.
11
«لەبەر ئەوە من ئامۆژگاریت دەکەم کە هەموو ئیسرائیل لە دانەوە هەتا بیری شابەع، وەک لمی سەر دەریا لێت کۆببنەوە لە زۆریدا، بەڕێزیشت سەرکردایەتی جەنگەکە بکە.
12
ئینجا بۆی دەچینە یەکێک لەو شوێنانەی کە ئەوی لێیە، وەک شەونمی سەر زەوی بەسەریدا دادەبارین. هیچ کەسیان لێ ناهێڵینەوە، نە خۆی و نە هەموو ئەو پیاوانەی لەگەڵیدان.
13
ئەگەر بۆ شارێک پاشەکشەی کرد، با هەموو ئیسرائیل گوریس بۆ ئەو شارە ببەن و دیوارەکانی شارەکە بۆ ناو دۆڵەکە ڕادەکێشین بۆ ئەوەی تەنانەت بەردێکیشی لەوێ نەبینرێتەوە.»
14
ئینجا ئەبشالۆم و هەموو پیاوانی ئیسرائیل گوتیان: «ئامۆژگارییەکەی حوشەی ئەرکی لە ڕاوێژەکەی ئەحیتۆفەل باشترە.» ئیتر پووچەڵکردنەوەی ڕاوێژە باشەکەی ئەحیتۆفەل بە فەرمانی یەزدان بوو، بۆ ئەوەی یەزدان بەڵا بەسەر ئەبشالۆمدا بهێنێت.
15
حوشەی بە سادۆق و بە ئەبیاتاری گوت، هەردوو کاهینەکە: «ئەحیتۆفەل بەو شێوەیە ئامۆژگاری بۆ ئەبشالۆم و پیرانی ئیسرائیل کردووە، منیش بەم شێوەیە ڕاوێژم کردووە.
16
ئێستاش بە پەلە بنێرن و بە داود ڕابگەیەنن و بڵێن: ”ئەمشەو لەسەر تەنکاوەکەی بەرەو چۆڵەوانی بەسەرمەبە، لە ڕووبارەکە بپەڕەوە، نەوەک پاشا و ئەو گەلەی لەگەڵیدان هەڵبلووشرێن.“»
17
یۆناتان و ئەحیمەعەچ نەیاندەویست بچنە ناو شارەکە و ببینرێن، لەلای کانی ڕۆگێل چاوەڕێی کارەکەرێک بوون پەیامێکیان پێ ڕابگەیەنێت، ئەوانیش بچن و بە داودی پاشای ڕابگەیەنن.
18
بەڵام گەنجێک هەردووکیانی بینی و بە ئەبشالۆمی ڕاگەیاند، لەبەر ئەوە هەردووکیان بە پەلە ڕۆیشتن و چوونە ناو ماڵی پیاوێک لە بەحوریم، بیرێک لەناو حەوشەکەیدا هەبوو، هەردووکیان شۆڕ بوونەوە ناوی.
19
ژنەکەی دەمی بیرەکەی بە ڕووپۆشێک داپۆشی و دانەوێڵەی بەسەردا بڵاوکردەوە، کەس پێی نەزانی.
20
ئیتر خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم هاتن بۆ لای ژنەکە بۆ ماڵەکە و گوتیان: «ئەحیمەعەچ و یۆناتان لەکوێن؟»
ژنەکەش وەڵامی دانەوە: «لە جۆگەی ئاوەکە پەڕینەوە.» جا پاش ئەوەی بەدوایاندا گەڕان و نەیاندۆزینەوە، گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
21
پاش ئەوەی خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم ڕۆیشتن، ئەحیمەعەچ و یۆناتان لە بیرەکە هاتنە دەرەوە و ڕۆیشتن و بە داود پاشایان ڕاگەیاند و بە داودیان گوت: «هەستن و بە پەلە لە تەنکاوەکە بپەڕنەوە، چونکە ئەحیتۆفەل ئاوا ئامۆژگاری کردوون.»
22
لەبەر ئەوە داود و هەموو ئەو گەلەی لەگەڵیدا بوون هەستان و لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و لە بەرەبەیاندا کەس نەمابوو لە ڕووباری ئوردون نەپەڕیبێتەوە.
23
بەڵام کاتێک ئەحیتۆفەل بینی کار بە ڕاوێژەکەی نەکراوە، گوێدرێژەکەی کورتان کرد و هەستا، بەرەو ماڵەکەی لە شارەکەی خۆیدا بەڕێکەوت و وەسیەتی بۆ ماڵەکەی کرد و خۆی خنکاند و مرد، جا لە گۆڕەکەی باوکی ناشتیان.
24
ئینجا داود هات بۆ مەحەنەیم و ئەبشالۆمیش خۆی و هەموو ئەو پیاوانەی ئیسرائیل کە لەگەڵیدا بوون لە ڕووباری ئوردونەوە پەڕینەوە.
25
ئەبشالۆم لە جیاتی یۆئاب عەماسای کردبوو بە سوپاسالار و عەماساش کوڕی پیاوێک بوو ناوی یەتەری ئیسرائیلی بوو، کە ئەبیگایلی کچی ناحاش، خوشکی چەرویا، دایکی یۆئاب خێزانی بوو.
26
ئیسرائیل و ئەبشالۆم لە خاکی گلعاددا چادریان هەڵدا.
27
کاتێک داود گەیشتە مەحەنەیم، شۆڤیی کوڕی ناحاش لە شاری ڕەبەی عەمۆنییەکان و ماکیری کوڕی عەمیێل لە لۆدەڤار و بەرزیلەیی گلعادی لە ڕۆگەلیمەوە
28
ڕاخەر و تەشت و قاپوقاچاغی گڵین، گەنم و جۆ و ئارد، دانەوێڵەی برژاو و پاقلە و نیسک و نۆکی برژاو،
29
هەنگوین و دەڵەمە[a] و مەڕ و پەنیری مانگایان پێشکەشی داود و ئەو گەلەی لەگەڵیدا بوون کرد هەتا بیخۆن، چونکە گوتیان: «گەل لە چۆڵەوانیدا برسی و ماندوو و تینوون.»
  1. a. 17‏:29 یان دەرەمە، قۆناغی پێش دروستبوونی پەنیر.‏