عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ئه‌حیتۆفه‌ل به‌ ئه‌بشالۆمی گوت: «پێم باشه‌ دوازده‌ هه‌زار پیاو هه‌ڵبژێریت و هه‌ستیت و هه‌ر ئه‌مشه‌و به‌دوای داود بكه‌ویت.
2
كه‌ هێشتا ماندووه‌ و ده‌ستی شله‌ به‌سه‌ریدا بده‌، ئینجا بیتۆقێنه‌، ئیتر هه‌موو ئه‌و گه‌له‌ی له‌گه‌ڵیدان هه‌ڵدێن. به‌ ته‌نها له‌ پاشا بده‌،
3
هه‌موو گه‌لت بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. مه‌رگی ئه‌و پیاوه‌ی داوای ده‌كه‌یت، واتای گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌مووانه‌، جا هه‌موو گه‌ل له‌ ئاشتیدا ده‌بن.»
4
ئه‌م ته‌گبیره‌ی له‌لایه‌ن ئه‌بشالۆم و هه‌موو پیرانی ئیسرائیله‌وه‌ په‌سه‌ند كرا.
5
به‌ڵام ئه‌بشالۆم گوتی: «حوشه‌ی ئه‌ركیش بانگ بكه‌ن، با بزانین ئه‌ویش چی ده‌ڵێت.»
6
ئیتر حوشه‌ی هاته‌ لای، ئه‌بشالۆم پێی گوت: «ئه‌حیتۆفه‌ل ئه‌م قسه‌یه‌ی كردووه‌، ئایا به‌ قسه‌ی بكه‌ین؟ ئه‌گه‌ر نا، تۆ چی ده‌ڵێت؟»
7
حوشه‌یش به‌ ئه‌بشالۆمی گوت: «ڕاوێژه‌كه‌ی ئه‌م جاره‌ی ئه‌حیتۆفه‌ل باش نییه‌.
8
تۆ باوكت و پیاوه‌كانی ده‌ناسیت، پاڵه‌وانن، وه‌ك ده‌ڵه‌ورچێك كه‌ له‌ ده‌شتوده‌ره‌ به‌چكه‌كانی ڕاوكرابێت تووڕه‌ن. جگه‌ له‌وه‌ش باوكت پیاوی جه‌نگه‌ و له‌گه‌ڵ له‌شكر شه‌و به‌سه‌رنابات.
9
ئێستا ئه‌و له‌ ئه‌شكه‌وتێك یان له‌ شوێنێكدا خۆی شاردووه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا هه‌ندێكتان لێ بكوژرێت و خه‌ڵكی بیبیستنه‌وه‌ و بڵێن، ”ئه‌و له‌شكره‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌بشالۆم بوو، تێكشكاوه‌،“
10
ئه‌وا ته‌نانه‌ت ئه‌و پاڵه‌وانه‌ی دڵی وه‌ك شێر وایه‌ دڵی ده‌توێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو ئیسرائیل ده‌زانن كه‌ باوكت پاڵه‌وانه‌ و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدان قاره‌مانن.
11
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ من ئامۆژگاریت ده‌كه‌م كه‌ هه‌موو ئیسرائیل له‌ دانه‌وه‌ هه‌تا بیری شابه‌ع، وه‌ك لمی سه‌ر ده‌ریا لێت كۆببنه‌وه‌ له‌ زۆریدا، به‌ڕێزیشت سه‌ركردایه‌تی جه‌نگه‌كه‌ بكه‌.
12
ئینجا بۆی ده‌چینه‌ یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ی كه‌ ئه‌وی لێیه‌، وه‌ك شه‌ونمی سه‌ر زه‌وی به‌سه‌ریدا داده‌بارین. هیچ كه‌سیان لێ ناهێڵینه‌وه‌، نه‌ خۆی و نه‌ هه‌موو ئه‌و پیاوانه‌ی له‌گه‌ڵیدان.
13
ئه‌گه‌ر بۆ شارێك پاشه‌كشه‌ی كرد، با هه‌موو ئیسرائیل گوریس بۆ ئه‌و شاره‌ ببه‌ن و دیواره‌كانی شاره‌كه‌ بۆ ناو دۆڵه‌كه‌ ڕاده‌كێشین بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت به‌ردێكیشی له‌وێ نه‌بینرێته‌وه‌.»
14
ئینجا ئه‌بشالۆم و هه‌موو پیاوانی ئیسرائیل گوتیان: «ئامۆژگارییه‌كه‌ی حوشه‌ی ئه‌ركی له‌ ڕاوێژه‌كه‌ی ئه‌حیتۆفه‌ل باشتره‌.» ئیتر پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ڕاوێژه‌ باشه‌كه‌ی ئه‌حیتۆفه‌ل به‌ فه‌رمانی یه‌زدان بوو، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌زدان به‌ڵا به‌سه‌ر ئه‌بشالۆمدا بهێنێت.
15
حوشه‌ی به‌ سادۆق و به‌ ئه‌بیاتاری گوت، هه‌ردوو كاهینه‌كه‌: «ئه‌حیتۆفه‌ل به‌و شێوه‌یه‌ ئامۆژگاری بۆ ئه‌بشالۆم و پیرانی ئیسرائیل كردووه‌، منیش به‌م شێوه‌یه‌ ڕاوێژم كردووه‌.
16
ئێستاش به‌ په‌له‌ بنێرن و به‌ داود ڕابگه‌یه‌نن و بڵێن: ”ئه‌مشه‌و له‌سه‌ر ته‌نكاوه‌كه‌ی به‌ره‌و چۆڵه‌وانی به‌سه‌رمه‌به‌، له‌ ڕووباره‌كه‌ بپه‌ڕه‌وه‌، نه‌وه‌ك پاشا و ئه‌و گه‌له‌ی له‌گه‌ڵیدان هه‌ڵبلووشرێن.“»
17
یۆناتان و ئه‌حیمه‌عه‌چ نه‌یانده‌ویست بچنه‌ ناو شاره‌كه‌ و ببینرێن، له‌لای كانی ڕۆگێل چاوه‌ڕێی كاره‌كه‌رێك بوون په‌یامێكیان پێ ڕابگه‌یه‌نێت، ئه‌وانیش بچن و به‌ داودی پاشای ڕابگه‌یه‌نن.
18
به‌ڵام گه‌نجێك هه‌ردووكیانی بینی و به‌ ئه‌بشالۆمی ڕاگه‌یاند، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌ردووكیان به‌ په‌له‌ ڕۆیشتن و چوونه‌ ناو ماڵی پیاوێك له‌ به‌حوریم، بیرێك له‌ناو حه‌وشه‌كه‌یدا هه‌بوو، هه‌ردووكیان شۆڕ بوونه‌وه‌ ناوی.
19
ژنه‌كه‌ی ده‌می بیره‌كه‌ی به‌ ڕووپۆشێك داپۆشی و دانه‌وێڵه‌ی به‌سه‌ردا بڵاوكرده‌وه‌، كه‌س پێی نه‌زانی.
20
ئیتر خزمه‌تكاره‌كانی ئه‌بشالۆم هاتن بۆ لای ژنه‌كه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ و گوتیان: «ئه‌حیمه‌عه‌چ و یۆناتان له‌كوێن؟»
ژنه‌كه‌ش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: «له‌ جۆگه‌ی ئاوه‌كه‌ په‌ڕینه‌وه‌.» جا پاش ئه‌وه‌ی به‌دوایاندا گه‌ڕان و نه‌یاندۆزینه‌وه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ ئۆرشه‌لیم.
21
پاش ئه‌وه‌ی خزمه‌تكاره‌كانی ئه‌بشالۆم ڕۆیشتن، ئه‌حیمه‌عه‌چ و یۆناتان له‌ بیره‌كه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و ڕۆیشتن و به‌ داود پاشایان ڕاگه‌یاند و به‌ داودیان گوت: «هه‌ستن و به‌ په‌له‌ له‌ ته‌نكاوه‌كه‌ بپه‌ڕنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌حیتۆفه‌ل ئاوا ئامۆژگاری كردوون.»
22
له‌به‌ر ئه‌وه‌ داود و هه‌موو ئه‌و گه‌له‌ی له‌گه‌ڵیدا بوون هه‌ستان و له‌ ڕووباری ئوردون په‌ڕینه‌وه‌ و له‌ به‌ره‌به‌یاندا كه‌س نه‌مابوو له‌ ڕووباری ئوردون نه‌په‌ڕیبێته‌وه‌.
23
به‌ڵام كاتێك ئه‌حیتۆفه‌ل بینی كار به‌ ڕاوێژه‌كه‌ی نه‌كراوه‌، گوێدرێژه‌كه‌ی كورتان كرد و هه‌ستا، به‌ره‌و ماڵه‌كه‌ی له‌ شاره‌كه‌ی خۆیدا به‌ڕێكه‌وت و وه‌سیه‌تی بۆ ماڵه‌كه‌ی كرد و خۆی خنكاند و مرد، جا له‌ گۆڕه‌كه‌ی باوكی ناشتیان.
24
ئینجا داود هات بۆ مه‌حه‌نه‌یم و ئه‌بشالۆمیش خۆی و هه‌موو ئه‌و پیاوانه‌ی ئیسرائیل كه‌ له‌گه‌ڵیدا بوون له‌ ڕووباری ئوردونه‌وه‌ په‌ڕینه‌وه‌.
25
ئه‌بشالۆم له‌ جیاتی یۆئاب عه‌ماسای كردبوو به‌ سوپاسالار و عه‌ماساش كوڕی پیاوێك بوو ناوی یه‌ته‌ری ئیسرائیلی بوو، كه‌ ئه‌بیگایلی كچی ناحاش، خوشكی چه‌رویا، دایكی یۆئاب خێزانی بوو.
26
ئیسرائیل و ئه‌بشالۆم له‌ خاكی گلعاددا چادریان هه‌ڵدا.
27
كاتێك داود گه‌یشته‌ مه‌حه‌نه‌یم، شۆڤیی كوڕی ناحاش له‌ شاری ڕه‌به‌ی عه‌مۆنییه‌كان و ماكیری كوڕی عه‌میێل له‌ لۆده‌ڤار و به‌رزیله‌یی گلعادی له‌ ڕۆگه‌لیمه‌وه‌
28
ڕاخه‌ر و ته‌شت و قاپوقاچاغی گڵین و گه‌نم و جۆ و ئارد و دانه‌وێڵه‌ی برژاو و پاقله‌ و نیسك و نۆكی برژاو و
29
هه‌نگوین و ده‌ڵه‌مه‌[a] و مه‌ڕ و په‌نیری مانگایان پێشكه‌شی داود و ئه‌و گه‌له‌ی له‌گه‌ڵیدا بوون كرد هه‌تا بیخۆن، چونكه‌ گوتیان: «گه‌ل له‌ چۆڵه‌وانیدا برسی و ماندوو و تینوون.»
  1. a. 17‏:29 یان ده‌ره‌مه‌، قۆناغی پێش دروستبوونی په‌نیر.