عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
مامۆستا درۆزنه‌كان 
1
به‌ڵام له‌نێو گه‌له‌كه‌دا پێغه‌مبه‌ری درۆزن هه‌بوون، وه‌ك له‌نێوان ئێوه‌شدا مامۆستای درۆزن ده‌بێت، ئه‌وانه‌ی به‌ نهێنی فێركردنی چه‌وتی له‌ناوبه‌ر ده‌هێننه‌ ناوه‌وه‌، ته‌نانه‌ت نكۆڵی له‌ مه‌سیحی باڵاده‌ست ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وانی كڕییه‌وه‌، له‌ناوچوونێكی خێرا به‌سه‌ر خۆیاندا ده‌هێنن.
2
زۆر كه‌سیش به‌دوای به‌ڕه‌ڵاییه‌كانیان ده‌كه‌ون، له‌به‌ر ئه‌وان كفر به‌ ڕێبازی ڕاستی ده‌كرێت.
3
ئه‌و مامۆستایانه‌ی به‌هۆی چاوبرسیێتیانه‌وه‌، له‌ ڕێگه‌ی چه‌ند چیرۆكێكی هه‌ڵبه‌ستراوه‌وه‌ بۆ سوودی خۆیان به‌كارتانده‌هێنن، تاوانباركردنیان نزیك بووه‌ته‌وه‌ و له‌ناوچوونیان به‌لاوه‌ نه‌نراوه‌.
4
خودا به‌زه‌یی به‌و فریشتانه‌دا نه‌هاته‌وه‌ كه‌ گوناهیان كرد، به‌ڵكو فڕێیدانه‌ دۆزه‌خ و له‌نێو تاریكیدا به‌ندی كردن و بۆ ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌ هه‌ڵیگرتن.
5
هه‌روه‌ها كه‌ به‌زه‌یی به‌ جیهانی كۆندا نه‌هاته‌وه‌ كاتێك لافاوی هێنایه‌ سه‌ر جیهانی خراپه‌كاران، به‌ڵكو نوحی ڕاگه‌یه‌نه‌ری ڕاستودروستی له‌گه‌ڵ حه‌وت كه‌سی دیكه‌ پاراست.
6
كاتێك شاره‌كانی سه‌دۆم و عه‌مۆرای تاوانبار كرد به‌ تێكدانی ته‌واو و ئه‌وانی كرده‌ خۆڵه‌مێش، كردنییه‌ په‌ند بۆ داهاتووی خراپه‌كاران.
7
كاتێك ڵوتی پیاوچاكی ده‌رباز كرد كه‌ له‌ به‌ڕه‌ڵایی به‌دكاران بێزار بوو،
8
چونكه‌ ئه‌و پیاوچاكه‌ كه‌ له‌نێویاندا ده‌ژیا، كرده‌وه‌ خراپه‌كانیانی ده‌بینی و ده‌بیست، ڕۆژ به‌ ڕۆژ گیانی ڕاستودروستی ئازار ده‌درا.
9
ئه‌گه‌ر وابێت، یه‌زدان ده‌زانێت چۆن له‌خواترسان له‌ تاقیكردنه‌وه‌ ده‌رباز بكات و خراپه‌كاران هه‌تا ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌ له‌ژێر سزاداندا بهێڵێته‌وه‌،
10
به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ دوای هه‌وه‌سی گڵاوی سروشتی دنیایی، سووكایه‌تی به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن.
چاونه‌ترس و كه‌لله‌ڕه‌قن، ناترسن له‌وه‌ی بوختان به‌ فریشته‌كان[a] بكه‌ن،
11
هه‌رچه‌نده‌ فریشته‌كان له‌وان به‌ تواناتر و به‌هێزترن، به‌ڵام له‌به‌رده‌م یه‌زداندا حوكمی بوختانكردنیان به‌سه‌ردا ناده‌ن.
12
به‌ڵام ئه‌و خراپه‌كارانه‌ كفر له‌ شتێك ده‌كه‌ن كه‌ لێی تێناگه‌ن، ئه‌وانه‌ وه‌ك ئاژه‌ڵی به‌سته‌زمانن كه‌ له‌دایك بوون بۆ ئه‌وه‌ی ڕاوبكرێن و بكوژرێن، به‌ گه‌نده‌ڵی خۆیان له‌ناوده‌چن.
13
كرێی خراپه‌كارییه‌كانیان وه‌رده‌گرن. وا داده‌نێن چێژوه‌رگرتن له‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ درێژایی ڕۆژ سه‌ڵته‌نه‌ت لێبده‌ن، ئه‌وانه‌ له‌كه‌ و كه‌موكوڕی ئێوه‌ن، كاتێك به‌شداری له‌ خوانه‌كانتان ده‌كه‌ن چێژ له‌ فێڵه‌كانیان وه‌رده‌گرن.
14
چاویان پڕه‌ له‌ داوێنپیسی و له‌ گوناه ناوه‌ستن، ده‌روونه‌ له‌رزۆكه‌كان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن، دڵیان به‌ چاوبرسی ڕاهێنراوه‌، ئه‌وانه‌ ڕۆڵه‌ی نه‌فره‌تن.
15
له‌ ڕێگای ڕاستی لایانداوه‌ و چه‌واشه‌ كراون، دوای ڕێبازی به‌لعامی كوڕی به‌عۆر[b] كه‌وتن، ئه‌وه‌ی حه‌زی له‌ كرێی خراپه‌كاری بوو،
16
به‌ڵام سه‌رزه‌نشتی سه‌رپێچییه‌كه‌ی وه‌رگرت، گوێدرێژی بێزمان به‌ ده‌نگی مرۆڤانه‌ هاته‌ دوان و سه‌رشێتی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ی ڕاگرت.
17
ئه‌وانه‌ كانی بێ ئاون، هه‌ورن به‌ گه‌رده‌لوول ده‌بردرێن، تاریكی ڕه‌شی هه‌میشه‌ییان بۆ دانراوه‌،
18
چونكه‌ كه‌ به‌ قسه‌ی گه‌وره‌ و پووچ ده‌دوێن، به‌ ئاره‌زووه‌كانی سروشتی دنیایی و به‌ به‌ڕه‌ڵایی، ئه‌وانه‌ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن كه‌ تازه‌ هه‌ڵاتوون له‌ ده‌ست ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ گومڕاییدا ده‌ژین.
19
به‌ڵێنی ئازادییان پێده‌ده‌ن، كه‌چی خۆیان كۆیله‌ی گه‌نده‌ڵین، چونكه‌ مرۆڤ كۆیله‌ی هه‌ر شتێكه‌ به‌سه‌ریدا زاڵ بێت.
20
ئه‌گه‌ر به‌هۆی ناسینی ڕزگاركه‌رمان عیسای مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆوه‌ له‌ گڵاوی جیهان هه‌ڵاتبن، به‌ڵام دیسان له‌و گڵاوییه‌ بئاڵێنه‌وه‌ و به‌سه‌ریاندا زاڵ بێت، ئه‌و كاته‌ كۆتاییان له‌ سه‌ره‌تایان خراپتر ده‌بێت،
21
چونكه‌ باشتر بوو ڕێگای ڕاستودروستییان نه‌ناسی بووایه‌، له‌وه‌ی ناسییان و دوایی له‌و ڕاسپارده‌ پیرۆزه‌ی پێیان درا هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌.
22
ئه‌و په‌نده‌ ڕاسته‌یان له‌سه‌ر ده‌چه‌سپێت: {سه‌گ گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر ڕشانه‌وه‌كه‌ی،}[c] هه‌روه‌ها: «به‌رازی شوشتراو گه‌ڕایه‌وه‌ ناو چڵپاو.»
  1. a. 2‏:10 یۆنانی: شكۆداران.
  2. b. 2‏:15 \+xt بڕوانه‌ سه‌رژمێری 22‏:5‏–24‏:25.‏\+xt*‏
  3. c. 2‏:22 \+xt په‌نده‌كان 26‏:11.‏\+xt*‏