عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ڕۆژی یه‌زدان 
1
خۆشه‌ویستان، ئه‌مه‌ دووه‌مین نامه‌یه‌ بۆتان ده‌نووسم، تێیاندا به‌ یادتان ده‌هێنمه‌وه‌ تاكو بیری پاكتان بوروژێنم،
2
هه‌روه‌ها تاكو وته‌كانی پێغه‌مبه‌ره‌ پیرۆزه‌كان بێنه‌وه‌ یادتان، هه‌روه‌ها ڕاسپارده‌ی مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ و ڕزگاركه‌رمان كه‌ له‌ ڕێگه‌ی نێردراوانتان دراون.
3
پێش هه‌موو شتێك پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانن كه‌ له‌ كۆتایی زه‌مانه‌دا خه‌ڵكی گاڵته‌جاڕ دێن و گاڵته‌ ده‌كه‌ن، دوای ئاره‌زووه‌ خراپه‌كانیان ده‌كه‌ون،
4
ده‌ڵێن: «كوانێ به‌ڵێنی هاتنه‌وه‌ی؟ له‌و كاته‌وه‌ی باوباپیرانمان مردوون، له‌ سه‌ره‌تای به‌دیهێنانه‌وه‌ هه‌موو شتێك وه‌ك خۆیه‌تی.»
5
به‌ ئه‌نقه‌ست ئه‌وه‌ پشتگوێ ده‌خه‌ن كه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ به‌ فه‌رمایشتی خودا ئاسمان دروست بووه‌ و زه‌ویش له‌ ئاو و به‌ ئاوه‌وه‌ په‌یدابوو‌ه‌.
6
هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌م ئاوه‌شه‌وه‌ بوو كه‌ جیهانی ئه‌و كات ژێر ئاو كه‌وت و له‌ناوچوو.
7
به‌ڵام زه‌وی و ئاسمانی ئێستا به‌ هه‌مان فه‌رمایشت بۆ ئاگر هه‌ڵگیراون، بۆ ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌ و له‌ناوچوونی خراپه‌كاران پارێزراون.
8
به‌ڵام خۆشه‌ویستان ته‌نها ئه‌م شته‌تان له‌یاد نه‌چێت، ڕۆژێك له‌لای یه‌زدان وه‌ك هه‌زار ساڵه‌ و هه‌زار ساڵیش وه‌ك ڕۆژێكه‌.
9
یه‌زدان سه‌باره‌ت به‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی خاو نییه‌، وه‌ك هه‌ندێك به‌ خاوی ده‌زانن، به‌ڵام له‌گه‌ڵمان پشوو درێژه‌، نایه‌وێت كه‌س له‌ناوبچێت، به‌ڵكو هه‌موو بۆ تۆبه‌كردن بێن.
10
به‌ڵام هاتنی ڕۆژی یه‌زدان وه‌ك هاتنی دز وایه‌، تێیدا به‌ ده‌نگێكی به‌رز ئاسمان نامێنێت، به‌ سووتان توخمه‌كان له‌ناوده‌چن، زه‌وی و ئه‌و كارانه‌ی تێیدایه‌ نامێنێت.
11
كه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ له‌ناوبچن، ئیتر پێویسته‌ ئێوه‌ چ جۆره‌ كه‌سانێك بن؟ ده‌بێت به‌ پیرۆزی و له‌خواترسی بژین،
12
چاوه‌ڕوانی ڕۆژی خودا ده‌كه‌ن و په‌له‌ له‌ هاتنی ده‌كه‌ن، چونكه‌ تێیدا ئاسمان به‌ ئاگر له‌ناوده‌چێت، توخمه‌كانیش به‌ سووتان ده‌توێنه‌وه‌.
13
به‌ڵام به‌گوێره‌ی به‌ڵێنه‌كه‌ی ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی ئاسمانی نوێ و زه‌وی نوێین، ڕاستودروستیش تێیدا نیشته‌جێیه‌.
14
خۆشه‌ویستان، كه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌و شته‌ ده‌كه‌ن، تێبكۆشن بۆ ئه‌وه‌ی بێ له‌كه‌یی و بێ گله‌یی له‌ ئاشتیدا له‌لای ئه‌و بدۆزنه‌وه‌.
15
بزانن كه‌ پشوودرێژی په‌روه‌ردگارمان هه‌لێكه‌ بۆ ڕزگاری، وه‌ك پۆڵسی برای خۆشه‌ویستمان به‌گوێره‌ی ئه‌و داناییه‌ی خودا پێیداوه‌ بۆی نووسین،
16
وه‌ك له‌ هه‌موو نامه‌كانیدا له‌باره‌ی ئه‌م شتانه‌وه‌ دواوه‌، ئه‌وه‌ی هه‌ندێك شتی تێدایه‌ گرانه‌ بۆ تێگه‌یشتن، نه‌زان و نه‌چه‌سپاوه‌كان وه‌ك نووسراوه‌ پیرۆزه‌كانی دیكه‌[a] ده‌یشێوێنن، بۆ له‌ناوچوونی خۆیان.
17
بۆیه‌ خۆشه‌ویستان، چونكه‌ ئێوه‌ له‌پێشدا ده‌زانن، ئاگاداری خۆتان بن، نه‌وه‌ك به‌ خراپه‌ی سه‌رپێچیكاران چه‌واشه‌ بن و له‌ چه‌سپاوی خۆتان بكه‌ون.
18
به‌ڵكو له‌ نیعمه‌ت و ناسینی عیسای مه‌سیحی ڕزگاركه‌ر و گه‌وره‌ماندا گه‌شه‌ بكه‌ن. شكۆی ئێستا و هه‌تاهه‌تایه‌ بۆ ئه‌وه‌. ئامین.
  1. a. 3‏:16 مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نامه‌كانی پۆڵس وه‌ك ته‌ورات و زه‌بووره‌.