عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
له‌ شیمۆن په‌ترۆسی به‌نده‌ و نێردراوی عیسای مه‌سیحه‌وه‌،
بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ ڕێگه‌ی ڕاستودروستی خودا و ڕزگاركه‌رمان عیسای مه‌سیح باوه‌ڕێكی به‌هاداری وه‌ك باوه‌ڕی ئێمه‌یان ده‌ستكه‌وتووه‌.
2
با نیعمه‌ت[a] و ئاشتیتان بۆ زیاد بێت، به‌ ناسینی خودا و عیسای گه‌وره‌مان.
هه‌ڵبژاردن و بانگه‌وازی بۆ گه‌شه‌كردن 
3
هێزه‌ خوداییه‌كه‌ی مه‌سیح هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێ به‌خشیوین كه‌ بۆ ژیان و له‌خواترسی پێویسته‌، ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و ناسینه‌ی كه‌ هه‌مانه‌ بۆ ئه‌و خودایه‌ی كه‌ بانگی كردین بۆ شكۆ و چاكییه‌كه‌ی.
4
خودا به‌هۆی هه‌موو ئه‌مانه‌وه‌ به‌ڵێنه‌ به‌هادار و گه‌وره‌كانی پێداین، تاكو ئێوه‌ به‌هۆی ئه‌م به‌ڵێنانه‌وه‌ بتوانن له‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی جیهان ده‌رباز بن كه‌ له‌ ئاره‌زووی خراپدایه‌ و به‌شدار بن له‌ سروشتی خودایی.
5
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش، تێبكۆشن تاكو له‌ باوه‌ڕتان چاكه‌ بكه‌وێته‌وه‌، له‌ چاكه‌ش، زانیاری،
6
له‌ زانیاریش به‌سه‌رخۆدا زاڵبوون، له‌ به‌سه‌رخۆدا زاڵبوونیش دانبه‌خۆداگرتن، له‌ دانبه‌خۆداگرتنیش له‌خواترسی،
7
له‌ له‌خواترسیش هه‌ست و سۆزی هاوبه‌ش، له‌ هه‌ست و سۆزی هاوبه‌شیش خۆشه‌ویستی،
8
چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌تان تێدابێت و زیاد بكات، واتان لێده‌كات بۆ ناسینی عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌مان ته‌مبه‌ڵ و بێ به‌رهه‌م نه‌بن.
9
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ی نه‌بێت، ئه‌وا كوێر و كه‌مبینه‌، له‌ یادی چووه‌ كه‌ گوناهه‌ كۆنه‌كانی پاك بووه‌ته‌وه‌.
10
خوشكان، برایان، هه‌ر بۆیه‌ زیاتریش تێبكۆشن بۆ چه‌سپاندنی هه‌ڵبژاردن و بانگه‌وازییه‌كه‌تان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌تان كرد ئه‌وا هه‌رگیز ناكه‌ون،
11
هه‌روه‌ها پێشوازییه‌كی گه‌رمتان لێ ده‌كرێت بۆ چوونه‌ ناو شانشینی هه‌تاهه‌تایی عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌ و ڕزگاركه‌رمان.
12
له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌مه‌وێ ئه‌م شتانه‌تان به‌بیر بهێنمه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌و ڕاستییه‌ی ئێستادا ده‌زانن و دامه‌زراون.
13
باوه‌ڕم وایه‌ هه‌تا له‌م جه‌سته‌یه‌دا بم، ئه‌ركی خۆمه‌ به‌بیرتان بهێنمه‌وه‌،
14
چونكه‌ ده‌زانم به‌ زوویی ئه‌م جیهانه‌ به‌جێده‌هێڵم، هه‌روه‌ك چۆن عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌مان بۆی ده‌رخستم.
15
هه‌روه‌ها تێده‌كۆشم تاكو دوای ده‌رچوونم هه‌رده‌م ئه‌م شتانه‌تان وه‌بیربێته‌وه‌.[b]
شایه‌تی نه‌گۆڕی نێردراوان 
16
كاتێك هاتنی عیسای مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆمان و هێزه‌كه‌یمان پێ ناساندن، ئێمه‌ به‌دوای كۆمه‌ڵه‌ ئه‌فسانه‌یه‌كی زیره‌كانه‌ی هه‌ڵبه‌ستراو نه‌كه‌وتبووین، به‌ڵكو شایه‌تحاڵی پایه‌به‌رزییه‌تی ئه‌و بووین.
17
ڕێز و شكۆی له‌ خودای باوك وه‌رگرت كاتێك ئه‌م ده‌نگه‌ی له‌ شكۆداری پایه‌به‌رزه‌وه‌ بۆ هات: «ئه‌مه‌یه‌ كوڕی خۆشه‌ویستم، ئه‌وه‌ی زۆر پێی دڵشادم.»[c]
18
ئێمه‌ش گوێمان له‌م ده‌نگه‌ بوو كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ هات، كاتێك له‌ شاخی پیرۆز له‌گه‌ڵی بووین.
19
هه‌روه‌ها په‌یامی پێغه‌مبه‌رانمان هه‌یه‌ كه‌ به‌ ته‌واوی پشتی پێ ده‌به‌سترێت، چاك ده‌كه‌ن كه‌ گرنگی پێ بده‌ن، هه‌روه‌ك چۆن گرنگی به‌و چرایه‌ ده‌ده‌ن كه‌ له‌ شوێنێكی تاریكدا ده‌دره‌وشێته‌وه‌ هه‌تا ئه‌و كاته‌ی ڕۆژ ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌ستێره‌ی به‌یان له‌ دڵتاندا هه‌ڵدێت.
20
له‌ سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌ ئه‌مه‌ بزانن، كه‌ هیچ پێشبینییه‌ك له‌ نووسراوه‌ پیرۆزه‌كاندا به‌ لێكدانه‌وه‌ی خودی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ نه‌نووسراوه‌،
21
چونكه‌ هه‌رگیز پێشبینی به‌ خواستی مرۆڤ نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو ڕۆحی پیرۆز ڕابه‌رایه‌تی مرۆڤه‌كانی كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامی خودا ڕابگه‌یه‌نن.
  1. a. 1‏:2 خودا نیعمه‌ت به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت، به‌ واتای به‌خشینێكی خودایه‌ كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی شایسته‌ی بین خودا پێمان ده‌به‌خشێت.
  2. b. 1‏:15 مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ر له‌ كۆچكردنی نووسراو به‌جێده‌هێڵێت، هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی ده‌قه‌كان مزگێنی به‌پێی نووسینی مه‌رقۆس به‌ سه‌رپه‌رشتی په‌ترۆس نووسراوه‌.
  3. c. 1‏:17 \+xt مه‌تا 17‏:5 و مه‌رقۆس 9‏:7 و لۆقا 9‏:3‏5.‏\+xt*‏