عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - دەستنیشانکردنی یێهو وەک پاشای ئیسرائیل
 - 1
 - ئەلیشەع پێغەمبەر ئەندامێکی لە کۆمەڵی پێغەمبەرەکان بانگکرد و پێی گوت: «کەواکەت لە ناوقەدت ببەستە و گۆزەیەک زەیت لەگەڵ دەستت هەڵبگرە و بڕۆ ڕامۆتی گلعاد.
 - 2
 - کە گەیشتییە ئەوێ بەدوای یێهوی کوڕی یەهۆشافاتی کوڕی نیمشیدا بگەڕێ، لەنێو براکانی هەڵیبستێنە و بە تەنها لە ژوورەکەوە بیبە بۆ ژوورێکی دیکە.
 - 3
 - پاشان گۆزە زەیتەکە بگرە و بەسەر سەریدا بکە و بڵێ، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”وەک پاشای ئیسرائیل دەستنیشانم کردیت.“ ئینجا دەرگاکە بکەرەوە و هەڵبێ و چاوەڕێ مەکە!»
 - 4
 - ئیتر گەنجە خزمەتکارەکەی پێغەمبەرەکە چوو بۆ ڕامۆتی گلعاد.
 - 5
 - کاتێک گەیشت، بینی وا ئەفسەرەکانی سوپا پێکەوە دانیشتوون. گوتی: «ئەی سەرکردە، قسەیەکم بۆ تۆ پێیە.»
یێهو لێی پرسی: «بۆ کامەمان؟»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «بۆ تۆ، ئەی سەرکردە.» - 6
 - یێهو هەستا و چووە ماڵەکە. پێغەمبەرەکە زەیتەکەی کرد بە سەری یێهودا و پێی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وای فەرمووە: ”وەک پاشا دەستنیشانم کردوویت بۆ گەلی یەزدان، بۆ ئیسرائیل.
 - 7
 - لە بنەماڵەی ئەحاڤی گەورەشت دەدەیت، تۆڵەی خوێنی بەندە پێغەمبەرەکانم و خوێنی هەموو بەندەکانی یەزدان لە ئیزابێل دەکەمەوە.
 - 8
 - هەموو بنەماڵەی ئەحاڤ لەناودەبردرێت. هەموو نێرینەیەک لە ئەحاڤ، کۆیلە و ئازاد، لە ئیسرائیل ڕیشەکێش دەکەم.
 - 9
 - بنەماڵەی ئەحاڤیش وەک بنەماڵەی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات و بنەماڵەی بەعشای کوڕی ئاحییا لێ دەکەم.
 - 10
 - ئیزابێلیش لەو پارچە زەوییەی کە لە یەزرەعیلە سەگ دەیخوات و کەسیش نابێت بینێژێت.“» ئینجا دەرگاکەی کردەوە و هەڵات.
 - 11
 - کاتێک یێهو چووە دەرەوە بۆ لای برا ئەفسەرەکانی، لێیان پرسی: «خێرە، ئەو شێتە بۆ چی هاتە لات؟»
یێهو وەڵامی دایەوە: «ئێوە پیاوەکە دەناسن و دەشزانن چ قسەیەک دەکات.» - 12
 - ئەوانیش گوتیان: «ئەوە ڕاست نییە! ئینجا پێمان بڵێ.»
یێهو گوتی: «ئەوەی پێ گوتم: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: دەستنیشانم کردوویت بە پاشای ئیسرائیل.“» - 13
 - هەریەکە و بە پەلە کەواکەی داکەند و لەژێر پێی یێهو لەسەر پلەکانی پێپلیکانەکە ڕایانخست. فوویان بە کەڕەنادا کرد و هاواریان کرد، «یێهو پاشایە!»
 - کوشتنی یۆرام و ئەحەزیا
 - 14
 - ئیتر یێهوی کوڕی یەهۆشافاتی کوڕی نیمشی پیلانی لە دژی یۆرام گێڕا. یۆرام خۆی و هەموو ئیسرائیل بەرگرییان لە ڕامۆتی گلعاد دەکرد لە دژی حەزائێل پاشای ئارام.
 - 15
 - بەڵام یۆرام پاشا گەڕابووەوە یەزرەعیل، هەتا لەو برینانە چاک بێتەوە کە لەلایەن ئارامییەکانەوە بریندار کرا، لە کاتی جەنگ لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام. ئینجا یێهو گوتی: «ئەگەر حەز دەکەن بمکەنە پاشا، مەهێڵن کەس لە شارەکە دەربازبێت و بچێت لە یەزرەعیل ڕایبگەیەنێت.»
 - 16
 - ئینجا یێهو سواری گالیسکە بوو و چوو بۆ یەزرەعیل، چونکە یۆرام لەوێ لەناو جێگا کەوتبوو، هەروەها ئەحەزیای پاشای یەهودا بۆ سەردانی یۆرام چووبوو.
 - 17
 - ئێشکگرێک لەسەر قوللەکەی یەزرەعیل ڕاوەستابوو چاوی بە سەربازەکانی یێهو کەوت کاتێک بەرەو پێش دەهاتن، گوتی: «من کۆمەڵێک سەرباز دەبینم.»
یۆرامیش گوتی: «سوارێک ببە و بینێرە بۆ بینینیان، با لێیان بپرسێ: ”ئایا بۆ ئاشتی هاتوون؟“» - 18
 - ئیتر ئەسپ سوارەکە چوو بۆ بینینی و گوتی: «پاشا دەڵێت: ”ئایا بۆ ئاشتی هاتوون؟“»
یێهو گوتی: «بۆچی باسی ئاشتی دەکەی؟ بەدوام بکەوە.»
ئینجا ئێشکگرەکە بە پاشای ڕاگەیاند: «نێردراوەکە گەیشتە لایان، بەڵام نەگەڕایەوە.» - 19
 - پاشان ئەسپ سوارێکی دیکەی نارد و هات بۆ لایان و گوتی: «پاشا دەڵێت: ”ئایا بۆ ئاشتی هاتوون؟“»
یێهو گوتی: «بۆچی باسی ئاشتی دەکەی؟ بەدوام بکەوە.» - 20
 - دیسان ئێشکگرەکە ڕایگەیاند: «گەیشتە لایان، بەڵام نەگەڕایەوە. لێخوڕینەکە وەک لێخوڕینی یێهوی کوڕی نیمشی وایە، چونکە شێتانە لێدەخوڕێت.»
 - 21
 - یۆرام فەرمانی دا: «گالیسکەکەم بۆ ببەستن.» گالیسکەکەی بەسترا. یۆرامی پاشای ئیسرائیل و ئەحەزیای پاشای یەهودا هەریەکە بە گالیسکەکەی خۆیان چوونە دەرەوە بەرەوپیری یێهو. لەناو ئەو زەوییەی کە هی ناڤۆتی یەزرەعیلی بوو تووشی بوون.
 - 22
 - کاتێک یۆرام یێهوی بینی، لێی پرسی: «یێهو، ئایا بۆ ئاشتی هاتوویت؟»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «هەتا بتپەرستی و جادووگەری ئیزابێلی دایکت بەردەوام بێت، چۆن ئاشتی فەراهەم دەبێت؟» - 23
 - یۆرام ڕووی وەرگێڕا و هەڵات، هاواری بۆ ئەحەزیا کرد: «ئەحەزیا، ناپاکییە!»
 - 24
 - یێهوش کەوانەکەی ڕاکێشا و تیرێکی لەنێو شانەکانی یۆرام دا. تیرەکە لە دڵییەوە هاتە دەرەوە، لەناو گالیسکەکەی کەوت.
 - 25
 - یێهو بە بیدقەری ئەفسەری گالیسکەکانی گوت: «هەڵیبگرە و فڕێیبدە ناو کێڵگەکەی ناڤۆتی یەزرەعیلی. لەبیرت بێت کاتێک من و تۆ پێکەوە بەدوای ئەحاڤی باوکیدا سواری گالیسکە بووین، یەزدان ئەم سروشەی[a] سەبارەت بەو ڕاگەیاند:
 - 26
 - ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: دوێنێ خوێنی ناڤۆتی یەزرەعیلی و کوڕەکانیم بینی، لەم زەوییەدا تۆڵەت لێ دەکەمەوە، ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“[b]  ئێستاش بەپێی فەرمایشتی یەزدان هەڵیبگرە و فڕێیبدە ناو کێڵگەکە.»
 - 27
 - کاتێک ئەحەزیای پاشای یەهودا ئەمەی بینی، بە ڕێگای بێتهەگان هەڵات. یێهو ڕاوی نا و گوتی: «ئەویش بکوژن!» ئەوانیش لە هەورازەکەی گور ئەوەی لەلای یەڤلەعامە لەناو گالیسکەکەی لێیاندا. بەڵام بۆ مەگیدۆ هەڵات و لەوێ مرد.
 - 28
 - خزمەتکارەکانیشی بەرەو ئۆرشەلیم تەرمەکەیان سواری گالیسکەیەک کرد و لەوێ لە گۆڕەکەیدا لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داود ناشتیان.
 - 29
 - لە ساڵی یازدەیەمینی پاشایەتی یۆرامی کوڕی ئەحاڤ، ئەحەزیا ببوو بە پاشای یەهودا.
 - کوشتنی ئیزابێل
 - 30
 - ئینجا یێهو هاتە یەزرەعیل، ئیزابێلیش ئەمەی بیستەوە و کلی لە چاوەکانی کرد، پرچی ڕێکخست و لە پەنجەرەکەوە تەماشای خوارەوەی کرد.
 - 31
 - کە یێهو لە دەروازەکەوە هاتە ژوورەوە، لێی پرسی: «ئەی زیمری، بکوژی گەورەکەت، ئایا بۆ ئاشتی هاتوویت؟»
 - 32
 - ئەویش چاوی بۆ لای پەنجەرەکە هەڵبڕی و گوتی: «کێ لەگەڵ منە، کێ؟» دوو سێ کاربەدەستیش تەماشای ئەویان کرد لە خوارەوە.
 - 33
 - یێهو گوتی: «فڕێیبدەنە خوارەوە!» ئەوانیش فڕێیان دایە خوارەوە، ئەویش بە ئەسپەکانی پێشێلی کرد و هەندێک لە خوێنەکەی بە دیوارەکە و ئەسپەکانی پرژا.
 - 34
 - پاشان یێهو هاتە ژوورەوە و خواردی و خواردیەوە، ئینجا گوتی: «ئاگاداری ئەو ژنە نەفرەت لێکراوە بن و بینێژن، چونکە کچی پاشایە.»
 - 35
 - بەڵام کاتێک چوون بینێژن، جگە لە کەللەسەری و پێیەکانی و لەپی دەستی هیچی دیکەیان نەدۆزییەوە.
 - 36
 - گەڕانەوە و بە یێهویان ڕاگەیاند. ئەویش گوتی: «ئەمە فەرمایشتی یەزدانە کە لە ڕێگەی ئەلیاسی تیشبی خزمەتکاریەوە فەرمووی، لە پارچە زەوییەکەی یەزرەعیل سەگ گۆشتی ئیزابێل دەخۆن.[c]
 - 37
 - لاشەکەی ئیزابێلیش وەک زبڵ دەبێت لەسەر کێڵگەی زەوییەکەی یەزرەعیل، هەتا نەڵێن ”ئەمە ئیزابێلە.“»
 
- a. 9:25 فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.
 - b. 9:26 بڕوانە یەکەم پاشایان 21:19.
 - c. 9:36 سەگ گۆشتی ئیزابێل دەخۆن: بڕوانە یەکەم پاشایان 21:23.
 

