عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌لیاس بۆ ئاسمان 
1
كاتێك یه‌زدان ویستی ئه‌لیاس له‌ گه‌رده‌لوولێكدا بۆ ئاسمان به‌رز بكاته‌وه‌، ئه‌لیاس و ئه‌لیشه‌ع له‌ گلگاله‌وه‌ به‌ڕێكه‌وتن.
2
ئه‌لیاس به‌ ئه‌لیشه‌عی گوت: «لێره‌ بمێنه‌ره‌وه‌، چونكه‌ یه‌زدان منی ناردووه‌ته‌ بێت‌ئێل.»
ئه‌لیشه‌عیش گوتی: «به‌ یه‌زدانی زیندوو و به‌ گیانی خۆت، به‌جێت ناهێڵم.» ئینجا به‌ره‌و بێت‌ئێل چوون.
3
ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی پێغه‌مبه‌رانی بێت‌ئێل هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ لای ئه‌لیشه‌ع و لێیان پرسی: «ده‌زانیت ئه‌مڕۆ یه‌زدان گه‌وره‌كه‌ت له‌ تۆ ده‌ستێنێ؟»
ئه‌ویش گوتی: «به‌ڵێ ده‌زانم، بێده‌نگ بن.»
4
ئینجا ئه‌لیاس پێی گوت: «ئه‌لیشه‌ع، لێره‌ بمێنه‌ره‌وه‌، چونكه‌ یه‌زدان منی ناردووه‌ته‌ ئه‌ریحا.»
ئه‌ویش گوتی: «به‌ یه‌زدانی زیندوو و به‌ گیانی تۆ، به‌جێت ناهێڵم.» ئینجا چوونه‌ ئه‌ریحا.
5
ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی پێغه‌مبه‌رانی ئه‌ریحاش له‌ ئه‌لیشه‌ع هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و لێیان پرسی: «ده‌زانیت ئه‌مڕۆ یه‌زدان گه‌وره‌كه‌ت لێ ده‌ستێنێت؟»
ئه‌ویش گوتی: «به‌ڵێ ده‌زانم، بێده‌نگ بن.»
6
پاشان ئه‌لیاس پێی گوت: «لێره‌ بمێنه‌ره‌وه‌، چونكه‌ یه‌زدان منی ناردووه‌ته‌ ڕووباری ئوردون.»
ئه‌ویش گوتی: «به‌ یه‌زدانی زیندوو و به‌ گیانی تۆ، به‌جێت ناهێڵم.» ئینجا هه‌ردووكیان ڕۆیشتن.
7
په‌نجا ئه‌ندامی كۆمه‌ڵی پێغه‌مبه‌ران ڕۆیشتن و له‌ دووره‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌لیاس و ئه‌لیشه‌ع ڕاوه‌ستان، ئه‌وانیش هه‌ردووكیان له‌سه‌ر ڕووباری ئوردون ڕاوه‌ستان.
8
ئه‌لیاس كه‌واكه‌ی گرت و پێچایه‌وه‌ و له‌ ئاوه‌كه‌ی دا. جا ئاوه‌كه‌ شه‌ق بوو، هه‌ردووكیان به‌ وشكانیدا په‌ڕینه‌وه‌.
9
كاتێك په‌ڕینه‌وه‌، ئه‌لیاس به‌ ئه‌لیشه‌عی گوت: «داوای چی ده‌كه‌یت هه‌تا بۆت بكه‌م، به‌ر له‌وه‌ی لێت جیا ببمه‌وه‌؟»
ئه‌لیشه‌ع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «با ڕۆحی تۆ به‌ میرات وه‌ربگرم.»
10
ئه‌لیاس گوتی: «داوای شتێكی گرانت كرد. ئه‌گه‌ر منت بینی كاتێك لێت جیا ده‌بمه‌وه‌، ئه‌وا بۆ تۆ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر نا بۆت نابێت.»
11
ئه‌وه‌ بوو كاتێك ده‌ڕۆیشتن و قسه‌یان ده‌كرد، له‌ناكاو گالیسكه‌یه‌كی ئاگرین و چه‌ند ئه‌سپێكی ئاگرین هه‌ردووكیانی لێك جیا كرده‌وه‌، ئه‌لیاس له‌ گه‌رده‌لوولێكدا بۆ ئاسمان سه‌ركه‌وت.
12
ئه‌لیشه‌ع ئه‌مه‌ی بینی و هاواری كرد: «باوكه‌! باوكه‌! گالیسكه‌كه‌ی ئیسرائیل و سواره‌كانی!» ئیتر ئه‌لیاسی نه‌بینییه‌وه‌. جله‌كه‌ی به‌ر خۆی دڕاند و كردییه‌ دوو پارچه‌.
13
كه‌واكه‌ی ئه‌لیاسی هه‌ڵگرته‌وه‌ كه‌ لێی كه‌وتبووه‌ خواره‌وه‌، گه‌ڕایه‌وه‌ و له‌سه‌ر كه‌ناری ڕووباری ئوردون ڕاوه‌ستا.
14
ئینجا كه‌واكه‌ی ئه‌لیاسی هه‌ڵگرت، ئه‌وه‌ی لێی كه‌وتبووه‌ خواره‌وه‌، به‌ كه‌وایه‌كه‌ كێشای به‌ ئاوه‌كه‌دا و گوتی: «یه‌زدانی خودای ئه‌لیاس له‌كوێیه‌؟» كاتێك به‌ ئاوه‌كه‌یدا كێشا، ئاوه‌كه‌ شه‌قبوو، ئه‌لیشه‌ع په‌ڕییه‌وه‌.
15
كاتێك ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی پێغه‌مبه‌رانی ئه‌ریحا، ئه‌وانه‌ی له‌ به‌رامبه‌ری بوون بینییان، گوتیان: «ڕۆحی ئه‌لیاس له‌سه‌ر ئه‌لیشه‌ع جێگیر بووه‌.» ئینجا به‌ره‌وپیری چوون و كڕنۆشیان بۆ برد.
16
پێیان گوت: «ئه‌وه‌تا خزمه‌تكاره‌كانت په‌نجا پیاوی تواناداریان هه‌یه‌. لێیانگه‌ڕێ با بچن به‌دوای گه‌وره‌كه‌تدا بگه‌ڕێن. له‌وانه‌یه‌ ڕۆحی یه‌زدان هه‌ڵیگرتبێت و له‌سه‌ر كێوێك یاخود له‌ناو یه‌كێك له‌ دۆڵه‌كان داینابێت.»
ئه‌لیشه‌ع گوتی: «مه‌یاننێرن.»
17
به‌ڵام زۆریان لێكرد هه‌تا شه‌رم دایگرت و گوتی: «بیاننێرن.» ئه‌وانیش په‌نجا پیاویان نارد، سێ ڕۆژ به‌دوایدا گه‌ڕان و نه‌یاندۆزییه‌وه‌.
18
كاتێك گه‌ڕانه‌وه‌ لای ئه‌لیشه‌ع كه‌ هێشتا له‌ ئه‌ریحا مابووه‌وه‌، پێی گوتن: «پێم نه‌گوتن مه‌چن؟»
سازگاركردنی ئاو 
19
پیاوانی شاره‌كه‌ به‌ ئه‌لیشه‌عیان گوت: «ئه‌وه‌تا هه‌روه‌ك گه‌وره‌م ده‌بینێت شوێنی شاره‌كه‌ باشه‌، به‌ڵام ئاوه‌كه‌ خراپه‌ و خاكه‌كه‌شی بێ به‌روبوومه‌.»
20
ئه‌ویش گوتی: «قاپێكی نوێم بۆ بهێنن و خوێی تێ بكه‌ن.» ئه‌وانیش بۆیان هێنا.
21
ئینجا چووه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كه‌ و خوێیه‌كه‌ی فڕێدا ناوی و گوتی: «یه‌زدان ده‌فه‌رموێت: ”ئه‌م ئاوه‌م سازگار كرد و جارێكی دیكه‌ نابێته‌ هۆكاری مردن و بێ به‌روبوومی خاك.“»
22
به‌گوێره‌ی ئه‌و قسه‌یه‌یه‌ كه‌ ئه‌لیشه‌ع كردی هه‌تا ئه‌مڕۆش ئاوه‌كه‌ سازگاره‌.
گاڵته‌كردن به‌ ئه‌لیشه‌ع 
23
ئینجا ئه‌لیشه‌ع له‌وێوه‌ چوو بۆ بێت‌ئێل، كاتێك به‌ ڕێگاكه‌دا سه‌رده‌كه‌وت، كۆمه‌ڵێك مێردمنداڵ له‌ شاره‌كه‌وه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و گاڵته‌یان پێكرد، پێیان گوت: «كه‌چه‌ڵ لێره‌ بڕۆ! كه‌چه‌ڵ لێره‌ بڕۆ!»
24
ئه‌ویش ئاوڕی له‌دوای خۆی دایه‌وه‌ و ته‌ماشای كردن، به‌ ناوی یه‌زدانه‌وه‌ نه‌فره‌تی لێكردن. ئیتر دوو ورچ له‌ دارستانه‌كه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و چل و دوو كوڕیان پارچه‌پارچه‌ كرد.
25
له‌وێوه‌ چوو بۆ كێوی كارمه‌ل، ئینجا له‌وێشه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ سامیره‌.