عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هۆشێیه‌عی دواهه‌مین پاشای ئیسرائیل 
1
له‌ ساڵی دوازده‌یه‌می ئاحازی پاشای یه‌هودا، هۆشێیه‌عی كوڕی ئێله‌ له‌ سامیره‌ بوو به‌ پاشا، ماوه‌ی نۆ ساڵ پاشایه‌تی ئیسرائیلی كرد.
2
له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كاری كرد، به‌ڵام نه‌ك وه‌كو پاشاكانی ئیسرائیل، ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌پێش خۆی بوون.
3
شه‌لمه‌نئه‌سه‌ری پاشای ئاشور هێرشی كرده‌ سه‌ری. پێشتر هۆشێیه‌ع ملكه‌چی بوو و سه‌رانه‌ی ده‌دایێ،
4
به‌ڵام پاشای ئاشور ناپاكی له‌ هۆشێیه‌ع بینی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند نێردراوێكی بۆ سۆئای[a] پاشای میسر ناردبوو، هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌رانه‌ی كه‌ ساڵانه‌ ده‌یدایه‌ پاشای ئاشوری ڕایگرتبوو. ئیتر شه‌لمه‌نئه‌سه‌ر گرتی و زیندانی كرد.
5
پاشای ئاشور هێرشی كرده‌ سه‌ر هه‌موو خاكه‌كه‌ و سه‌ر سامیره‌، سێ ساڵ گه‌مارۆی دا.
6
له‌ ساڵی نۆی پاشایه‌تی هۆشێیه‌ع، پاشای ئاشور سامیره‌ی داگیر كرد و خه‌ڵكی ئیسرائیلی ڕاپێچی ئاشور كرد، له‌ حه‌له‌ح و گۆزانی كه‌ناری ڕووباری خابوور و شارۆچكه‌كانی مادی نیشته‌جێی كردن.
به‌ دیل گرتنی ئیسرائیل به‌هۆی گوناهه‌وه‌ 
7
هه‌موو ئه‌مانه‌ ڕوویدا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئیسرائیل گوناهیان كردبوو به‌رامبه‌ر به‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاریان، ئه‌وه‌ی له‌ خاكی میسره‌وه‌ له‌ژێر ده‌ستی فیرعه‌ونی پاشای میسر ده‌ریهێنان. به‌ڵام خودای دیكه‌یان[b] په‌رست و
8
به‌دوای به‌جێهێنانی نه‌ریتی ئه‌و گه‌لانه‌ كه‌وتن كه‌ یه‌زدان له‌به‌رده‌م نه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌ریكردبوون، په‌یڕه‌ویان له‌ كار و كرده‌وه‌ی پاشاكانی ئیسرائیل كرد.
9
نه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌ نهێنی چه‌ند كارێكیان له‌ دژی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاریان كرد كه‌ ڕاست نه‌بوون. له‌ قولله‌كانی چاودێرییه‌وه‌ هه‌تا شاره‌ قه‌ڵابه‌نده‌كان له‌ هه‌موو شارۆچكه‌كان نزرگه‌ی سه‌ر به‌رزاییان بنیاد نا.
10
له‌سه‌ر هه‌موو گردێكی به‌رز و له‌ژێر هه‌موو دارێكی سه‌وز به‌ردی ته‌رخانكراو و ستوونه‌ ئه‌شێراكانیان بۆ خۆیان دامه‌زراند.
11
له‌وێ له‌سه‌ر هه‌موو نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی بخووریان سووتاند، وه‌ك ئه‌و گه‌لانه‌ی یه‌زدان له‌پێشیان ڕایماڵین، به‌ كاره‌ خراپه‌كانیان یه‌زدانیان په‌ست كرد.
12
ئه‌و بتانه‌یان په‌رست كه‌ یه‌زدان پێی فه‌رمووبوون، «ئه‌م شته‌ نه‌كه‌ن.»
13
یه‌زدانیش له‌ ڕێگه‌ی هه‌موو پێغه‌مبه‌ران و ڕاگه‌یه‌نه‌رانی په‌یامی خودا ئیسرائیل و یه‌هودای ئاگادار كرده‌وه‌، فه‌رمووی: «له‌ ڕێگا خراپه‌كانتان بگه‌ڕێنه‌وه‌ و فه‌رمان و فه‌رزه‌كانم به‌جێبهێنن، به‌گوێره‌ی ته‌واوی ئه‌و ته‌وراته‌ی كه‌ باوباپیرانی ئێوه‌م پێی ڕاسپارد، ئه‌وه‌ی له‌ ڕێگه‌ی به‌نده‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانمه‌وه‌ بۆم ناردن.»
14
به‌ڵام گوێیان نه‌گرت و وه‌ك باوباپیرانیان كه‌لله‌ڕه‌قییان كرد، ئه‌وانه‌ی بڕوایان به‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاریان نه‌كرد.
15
فه‌رزه‌كانی ئه‌ویان ڕه‌تكرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و په‌یمانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ باوباپیرانیان به‌ستبووی و ئه‌و ئاگاداركردنه‌وانه‌ی كه‌ پێیدان ڕه‌تیان كرده‌وه‌. دوای بتی پووچ كه‌وتن و پووچ بوون. به‌دوای ئه‌و گه‌لانه‌ی ده‌وروبه‌ریان كه‌وتن، كه‌ یه‌زدان فه‌رمانی پێ كردبوون، «وه‌ك ئه‌وان نه‌كه‌ن.»
16
وازیان له‌ هه‌موو فه‌رمانه‌كانی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاریان هێنا و بۆ خۆیان دوو گوێره‌كه‌ی له‌قاڵبدراویان دروستكرد و ستوونه‌ ئه‌شێرایه‌كیان دروستكرد، كڕنۆشیان بۆ هه‌موو ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان برد و به‌علیان په‌رست.
17
كوڕ و كچه‌كانیان وه‌ك قوربانی سووتاند. فاڵیان گرته‌وه‌ و جادووگه‌رییان كرد، خۆیان فرۆشت بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپ بوو، ئیتر په‌ستیان كرد.
18
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدان زۆر له‌ ئیسرائیل تووڕه‌ بوو و له‌به‌رده‌می خۆی دووری خستنه‌وه‌. ته‌نها هۆزی یه‌هودای هێشته‌وه‌،
19
هه‌روه‌ها یه‌هوداش فه‌رمانه‌كانی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاریان به‌جێنه‌گه‌یاند. نه‌ریته‌كانی ئیسرائیلیان په‌یڕه‌و كرد كه‌ دایانهێنابوو.
20
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدان هه‌موو وه‌چه‌ی ئیسرائیلی ڕه‌تكرده‌وه‌، زه‌لیلی كردن و ڕاده‌ستی تاڵانكه‌رانی كردن، هه‌تا ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م خۆی دووری خستنه‌وه‌.
21
كاتێك خودا ئیسرائیلی له‌ بنه‌ماڵه‌ی داود جیا كرده‌وه‌، یارۆڤعامی كوڕی نه‌ڤاتیان كرده‌ پاشای خۆیان. یارۆڤعام ئیسرائیلی له‌ شوێنكه‌وتنی یه‌زدان دوورخسته‌وه‌ و بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان گوناهێكی گه‌وره‌ بكه‌ن.
22
نه‌وه‌ی ئیسرائیلیش هه‌موو ئه‌و گوناهانه‌ی یارۆڤعامیان په‌یڕه‌و كرد كه‌ كردنی و خۆیان لێی لانه‌دا،
23
هه‌تا ئه‌وه‌ی یه‌زدان ئیسرائیلی له‌به‌رده‌م خۆی دوورخسته‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن له‌ ڕێگه‌ی هه‌موو به‌نده‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانییه‌وه‌ فه‌رمووبووی. ئیتر ئیسرائیل له‌ خاكه‌كه‌ی خۆیانه‌وه‌ ڕاپێچی ئاشور كران، هه‌تا ئه‌مڕۆش هه‌ر له‌وێن.
نیشته‌جێكردنی خه‌ڵكی بێگانه‌ له‌ سامیره‌ 
24
ئینجا پاشای ئاشور خه‌ڵكی له‌ بابل و كووتا و عه‌ڤا و حه‌مات و سفه‌رڤه‌یمه‌وه‌ هێنا و له‌ شارۆچكه‌كانی سامیره‌ له‌ جێی نه‌وه‌ی ئیسرائیل نیشته‌جێی كردن. سامیره‌ بووه‌ موڵكیان و له‌ شارۆچكه‌كانی نیشته‌جێ بوون.
25
له‌ سه‌ره‌تای حه‌وانه‌وه‌یان له‌وێ، له‌ یه‌زدان نه‌ترسان، ئیتر یه‌زدان شێری نارده‌ سه‌ریان و لێی ده‌كوشتن.
26
هه‌واڵیان گه‌یانده‌ پاشای ئاشور و گوتیان: «ئه‌و گه‌لانه‌ی ڕاپێچت كردوون و له‌ شارۆچكه‌كانی سامیره‌ نیشته‌جێت كردوون، داواكارییه‌كانی خوداوه‌ندی خاكه‌كه‌ نازانن، ئه‌ویش شێری ناردووه‌ته‌ سه‌ریان و لێیان ده‌كوژێت، چونكه‌ نازانن داواكارییه‌كانی خوداوه‌ندی خاكه‌كه‌ چییه‌.»
27
پاشای ئاشور فه‌رمانی دا و گوتی: «یه‌كێك له‌و كاهینانه‌ی كه‌ له‌وێوه‌ ڕاپێچتان كردوون بینێرنه‌ ئه‌وێ، با بچێت و له‌وێ نیشته‌جێ بێت، یاساكانی خوداوه‌ندی خاكه‌كه‌یان فێر بكات.»
28
ئیتر یه‌كێك له‌و كاهینانه‌ی كه‌ له‌ سامیره‌وه‌ ڕاپێچیان كردبوون هات و له‌ بێت‌ئێل نیشته‌جێ بوو، فێری كردن كه‌ چۆن یه‌زدان بپه‌رستن.
29
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌ر گه‌له‌ له‌و شارۆچكه‌یه‌ی كه‌ تێیدا نیشته‌جێ ببوون بتیان بۆ خۆیان دروستكرد و له‌ نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی كه‌ سامیره‌ییه‌كان دروستیان كردبوون دایاننان.
30
جا خه‌ڵكی بابل سوكۆت به‌نۆتیان دروستكرد، خه‌ڵكی كووتا نێرگه‌لیان دروستكرد، خه‌ڵكی حه‌مات ئه‌شیمایان دروستكرد؛
31
عه‌ڤییه‌كان نیڤحه‌ز و ته‌رتاقیان دروستكرد، سفه‌رڤییه‌كانیش كوڕه‌كانی خۆیان ده‌سووتاند وه‌ك قوربانی بۆ ئه‌دره‌مه‌له‌خ و عه‌نه‌مه‌له‌خ، دوو خوداوه‌ندی شاری سفه‌رڤه‌یم بوون.
32
یه‌زدانیان ده‌په‌رست و له‌نێوان خۆشیاندا كاهینیان بۆ نزرگه‌ی به‌رزاییه‌كان ده‌ستنیشان ده‌كرد، هه‌تا له‌ نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی قوربانییه‌كانیان بكه‌ن.
33
یه‌زدانیان ده‌په‌رست، به‌ڵام خوداوه‌نده‌كانی خۆشیان ده‌په‌رست، وه‌ك نه‌ریتی ئه‌و گه‌لانه‌ی كه‌ لێیه‌وه‌ ڕاپێچ كرابوون.
34
هه‌تا ئه‌مڕۆش هه‌روه‌ك نه‌ریتی یه‌كه‌م جاریان ده‌كه‌ن. نه‌ یه‌زدان ده‌په‌رستن، نه‌ ئه‌و فه‌رز و حوكم و فێركردن و فه‌رمانانه‌ی به‌جێده‌هێنن كه‌ یه‌زدان دایه‌ نه‌وه‌ی یاقوب، كه‌ ناوی لێنا ئیسرائیل.
35
كاتێك یه‌زدان په‌یمانی له‌گه‌ڵ به‌ستن و فه‌رمانی پێ كردن و فه‌رمووی: «له‌ خودای دیكه‌ مه‌ترسن و كڕنۆشیان بۆ مه‌به‌ن و مه‌یانپه‌رستن و قوربانییان بۆ سه‌ر مه‌بڕن.
36
به‌ڵكو ده‌بێت یه‌زدان بپه‌رستن، ئه‌وه‌ی به‌ توانایه‌كی مه‌زن و ده‌ستێكی به‌هێزه‌وه‌ له‌ خاكی میسر ده‌ریهێنان، كڕنۆش بۆ ئه‌و ببه‌ن و قوربانی بۆ ئه‌و سه‌رببڕن.
37
به‌رده‌وام فه‌رز و حوكم و فێركردن و فه‌رمانه‌كان كه‌ بۆی نووسین به‌جێی بهێنن. خودای دیكه‌ مه‌په‌رستن.
38
ئه‌و په‌یمانه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵتان به‌ستم له‌ یادی مه‌كه‌ن، خودای دیكه‌ مه‌په‌رستن،
39
به‌ڵكو یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بپه‌رستن، ئه‌و له‌ ده‌ست هه‌موو دوژمنه‌كانتان فریاتان ده‌كه‌وێت.»
40
به‌ڵام گوێیان نه‌گرت، به‌ڵكو وه‌ك نه‌ریتی پێشوویان كرد.
41
ئه‌و گه‌لانه‌ یه‌زدانیان ده‌په‌رست، له‌ هه‌مان كاتیشدا خزمه‌تی بته‌كانی خۆیان ده‌كرد. هه‌روه‌ها كوڕه‌كانیان و كوڕی كوڕه‌كانیشیان وه‌ك باوباپیرانیان ده‌كه‌ن، هه‌تا ئه‌مڕۆش.
  1. a. 17‏:4 ده‌شێت (سۆئا) كورتكراوه‌ی ناوی پاشا ئۆسۆركۆنی چواره‌م بێت، كه‌ له‌ ساڵی 730 یه‌وه‌ هه‌تا 715 پ. ز. له‌ میسر پاشایه‌تی كرد.
  2. b. 17‏:7 بڕوانه‌ \+xt دواوتار 6‏:14‏\+xt*.