عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاشایه‌تی حه‌زقیا 
1
له‌ ساڵی سێیه‌می پاشایه‌تی هۆشێیه‌عی كوڕی ئێله‌ی پاشای ئیسرائیل، حه‌زقیای كوڕی ئاحاز بوو به‌ پاشای یه‌هودا.
2
گه‌نجێكی بیست و پێنج ساڵان بوو كه‌ بوو به‌ پاشا، بیست و نۆ ساڵ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد، ناوی دایكی ئه‌بیای كچی زه‌كه‌ریا بوو.
3
به‌ هه‌مان شێوه‌ی داودی باپیره‌ گه‌وره‌ی ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوی یه‌زدان ڕاست بوو كردی.
4
ئه‌و نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی تێكدا، به‌رده‌ ته‌رخانكراوه‌كانی شكاند و ستوونه‌ ئه‌شێراكانی بڕییه‌وه‌. ماره‌ بڕۆنزییه‌كه‌ی وردوخاش كرد، ئه‌وه‌ی موسا دروستی كرد، چونكه‌ هه‌تا ئه‌و ڕۆژانه‌ش نه‌وه‌ی ئیسرائیل بخووریان بۆ ده‌سووتاند و ناویان لێ نابوو نه‌حوشتان.
5
حه‌زقیا پشتی به‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل به‌ست، له‌نێو هه‌موو پاشاكانی یه‌هودا كه‌س وه‌ك ئه‌و نه‌بوو، چ ئه‌وانه‌ی پێش خۆی و چ ئه‌وانه‌ی دوای خۆی.
6
ده‌ستی به‌ یه‌زدانه‌وه‌ گرت و لێی لانه‌دا. فه‌رمانه‌كانی پاراست، كه‌ یه‌زدان فه‌رمانی به‌ موسا كردبوو.
7
یه‌زدان له‌گه‌ڵی بوو، له‌ هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی ده‌یكرد سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستده‌هێنا، هه‌روه‌ها له‌ پاشای ئاشور یاخی بوو، ملكه‌چی نه‌بوو.
8
فه‌له‌ستییه‌كانیشی هه‌تا غه‌زه‌ و سنووره‌كانی به‌زاند، له‌ قولله‌ی چاودێره‌كانه‌وه‌ هه‌تا شاری قه‌ڵابه‌ند.
9
له‌ ساڵی چواره‌می حه‌زقیا پاشا، كه‌ ده‌كاته‌ ساڵی حه‌وته‌می هۆشێیه‌عی كوڕی ئێله‌ی پاشای ئیسرائیل، شه‌لمه‌نئه‌سه‌ری پاشای ئاشور له‌ دژی سامیره‌ له‌شكری جوڵاند و گه‌مارۆی دا.
10
ئاشورییه‌كان له‌دوای سێ ساڵ سامیره‌یان گرت. له‌ ساڵی شه‌شه‌می حه‌زقیا كه‌ ده‌كاته‌ ساڵی نۆیه‌می هۆشێیه‌عی پاشای ئیسرائیل، سامیره‌ داگیر كرا.
11
ئینجا پاشای ئاشور ئیسرائیلی ڕاپێچی ئاشور كرد و له‌ حه‌له‌ح و گۆزانی كه‌ناری ڕووباری خابوور و شارۆچكه‌كانی مادی داینان.
12
ئه‌مه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕوویدا چونكه‌ گوێڕایه‌ڵی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆیان نه‌بوون، به‌ڵكو په‌یمانه‌كه‌یان شكاند و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ موسای به‌نده‌ی یه‌زدان فه‌رمانی پێ كرد، نه‌ گوێیان لێ گرت و نه‌ كاریشیان پێ كرد.
13
له‌ ساڵی چوارده‌یه‌می حه‌زقیا پاشا، سه‌نحێریبی پاشای ئاشور هێرشی كرده‌ سه‌ر هه‌موو شاره‌ قه‌ڵابه‌نده‌كانی یه‌هودا و داگیری كردن.
14
له‌به‌ر ئه‌وه‌ حه‌زقیا پاشای یه‌هودا په‌یامی بۆ پاشای ئاشور نارد له‌ لاخیش، گوتی: «من هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌م كرد. له‌لای من بكشێوه‌، ئه‌وه‌ی له‌سه‌رم ده‌یسه‌پێنی ده‌یده‌م.» پاشای ئاشور سێ سه‌د تالنت[a] زیو و سی تالنت[b] زێڕی له‌سه‌ر حه‌زقیای پاشای یه‌هودا سه‌پاند.
15
حه‌زقیاش هه‌موو زیوه‌كانی ناو په‌رستگای یه‌زدان و ناو گه‌نجینه‌كانی كۆشكی پاشای دایێ.
16
له‌و كاته‌ حه‌زقیا پاشای یه‌هودا ئه‌و زێڕه‌ی داڕنی كه‌ په‌رستگای یه‌زدان و چوارچێوه‌ی ده‌رگاكانی پێ ڕووپۆش كردبوو، دایه‌ پاشای ئاشور.
هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌نحێریب له‌ ئۆرشه‌لیم 
17
پاشای ئاشور فه‌رمانده‌ی گشتی و سه‌رۆكی دیوان و فه‌رمانده‌ی ناوچه‌كه‌ی به‌ سوپایه‌كی گه‌وره‌وه‌ له‌ لاخیشه‌وه‌ نارده‌ سه‌ر حه‌زقیای پاشا له‌ ئۆرشه‌لیم. كاتێك سه‌ركه‌وتن و هاتن له‌لای ئاوباری گۆمه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستان، كه‌ له‌سه‌ر ڕێگای شوێنی جلشۆرینه‌كه‌یه‌،
18
بانگی پاشایان كرد، ئه‌لیاقیمی كوڕی حیلقیا سه‌رپه‌رشتیاری كۆشك و شه‌ڤنای خامه‌ی نهێنی[c] و یۆئاحی تۆماركار كوڕی ئاساف چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ لایان.
19
فه‌رمانده‌ی ناوچه‌كه‌ پێی گوتن: «به‌ حه‌زقیا بڵێن:
«”پاشای گه‌وره‌، پاشای ئاشور ده‌ڵێت: تۆ پشتت به‌ چی به‌ستووه‌؟
20
تۆ ده‌ڵێیت كه‌ پلان و هێزت هه‌یه‌ بۆ جه‌نگ، به‌ڵام ئه‌وه‌ قسه‌ی پووچه‌. ئێستاش پشتت به‌ كێ به‌ستووه‌ تاكو لێم یاخی بیت؟
21
وا پشتت به‌ پاڵپشتی ئه‌و قامیشه‌ شكاوه‌ی میسر به‌ستووه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ركه‌سێك خۆی به‌سه‌ردا بچه‌مێنێته‌وه‌ له‌پی ده‌ستی بریندار ده‌بێت و كونی ده‌كات! فیرعه‌ونی پاشای میسر ئاوایه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی پشتی پێ ده‌به‌ستن.
22
ئه‌گه‌ر پێشم بڵێن: ’پشتمان به‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان به‌ستووه‌.‘ ئایا ئه‌وه‌ ئه‌و نه‌بوو كه‌ حه‌زقیا نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی و قوربانگاكانی تێكدا و به‌ یه‌هودا و ئۆرشه‌لیمی گوت: ’ده‌بێت له‌به‌رده‌م ئه‌م قوربانگایه‌ كڕنۆش ببه‌ن كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیمه‌‘؟
23
«”ئێستاش گره‌و له‌گه‌ڵ پاشای ئاشوری گه‌وره‌م بكه‌، من دوو هه‌زار ئه‌سپت ده‌ده‌مێ، ئه‌گه‌ر تۆ بتوانیت بۆ خۆت سوار له‌سه‌ریان دابنێیت!
24
ئیتر چۆن ده‌توانیت تاكه‌ ئه‌فسه‌رێك له‌ خزمه‌تكاره‌ بچووكه‌كانی گه‌وره‌كه‌م بگه‌ڕێنیته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پشت به‌ میسریش ببه‌ستیت بۆ گالیسكه‌ و سوار؟
25
له‌ كۆتاییدا ئایا من به‌بێ فه‌رمانی یه‌زدان هاتووم بۆ سه‌ر ئه‌م شوێنه‌ هه‌تا وێرانی بكه‌م؟ یه‌زدان خۆی پێی فه‌رمووم: به‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌دا بده‌ و وێرانی بكه‌.“»
26
ئینجا ئه‌لیاقیمی كوڕی حیلقیا و شه‌ڤنا و یۆئاح به‌ فه‌رمانده‌ی ناوچه‌كه‌یان گوت: «تكایه‌ له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كانت به‌ زمانی ئارامی قسه‌ بكه‌، چونكه‌ لێی تێده‌گه‌ین، له‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌كه‌ی سه‌ر شووراكه‌ به‌ عیبری قسه‌مان له‌گه‌ڵ مه‌كه‌.»
27
به‌ڵام فه‌رمانده‌كه‌ وه‌ڵامی دانه‌وه‌: «ئایا گه‌وره‌م ته‌نها بۆ لای گه‌وره‌كه‌ت و تۆی ناردووم هه‌تا ئه‌م قسانه‌ بكه‌م؟ ئایا بۆ لای ئه‌و پیاوانه‌ی سه‌ر شووراكه‌ی نه‌ناردووم، هه‌تا له‌گه‌ڵ ئێوه‌ پیسایی خۆیان بخۆن و میزی خۆیان بخۆنه‌وه‌؟»
28
ئینجا فه‌رمانده‌كه‌ وه‌ستا و به‌ ده‌نگێكی به‌رز به‌ زمانی عیبری هاواری كرد و گوتی: «گوێ له‌ قسه‌ی پاشای گه‌وره‌ بگرن، پاشای ئاشور!
29
پاشا ئاوا ده‌ڵێت: مه‌هێڵن حه‌زقیا فریوتان بدات، چونكه‌ ناتوانێت له‌ ده‌ستم ڕزگارتان بكات.
30
مه‌هێڵن حه‌زقیا واتان لێ بكات پشت به‌ یه‌زدان ببه‌ستن و بڵێت: ”بێگومان یه‌زدان فریامان ده‌كه‌وێت و ئه‌م شاره‌ ناداته‌ ده‌ست پاشای ئاشور.“
31
«گوێ له‌ حه‌زقیا مه‌گرن، چونكه‌ پاشای ئاشور ده‌ڵێت، ڕازی بن به‌ ملكه‌چبوون بۆ من، وه‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ لام. با هه‌ركه‌سه‌ له‌ مێوه‌كه‌ی خۆی و له‌ دار هه‌نجیره‌كه‌ی خۆی بخوات و ئاو له‌ ئه‌مباراوه‌كه‌ی خۆی بخواته‌وه‌،
32
هه‌تا ئه‌و كاته‌ی دێم و ده‌تانبه‌مه‌ خاكێكی وه‌ك خاكه‌كه‌ی خۆتان، خاكی دانه‌وێڵه‌ و شه‌رابی نوێ، خاكی نان و ڕه‌زه‌مێو، خاكی دار زه‌یتوون و هه‌نگوین. ژیان هه‌ڵبژێرن نه‌ك مردن!
«گوێ له‌ حه‌زقیا مه‌گرن، چونكه‌ فریوتان ده‌دات كه‌ ده‌ڵێت: ”یه‌زدان ڕزگارمان ده‌كات.“
33
ئایا خوداوه‌ندی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك توانی خاكه‌كه‌ی خۆی له‌ ده‌ست پاشای ئاشور ڕزگار بكات؟
34
كوان خوداوه‌نده‌كانی حه‌مات و ئه‌رپاد؟ كوان خوداوه‌نده‌كانی سفه‌رڤه‌یم و هێنه‌ع و عیڤا؟ ئایا فریای سامیره‌ كه‌وتن له‌ ده‌ستم؟
35
كام له‌ هه‌موو خوداوه‌نده‌كانی ئه‌و خاكانه‌ توانی خاكه‌كه‌ی خۆی له‌ ده‌ستی من ڕزگار بكات؟ ئیتر چۆن یه‌زدان فریای ئۆرشه‌لیم ده‌كه‌وێت له‌ ده‌ستی من؟»
36
به‌ڵام گه‌ل بێده‌نگ بوون و به‌ یه‌ك وشه‌ش وه‌ڵامیان نه‌دایه‌وه‌، چونكه‌ پاشا فه‌رمانی كردبوو: «وه‌ڵامی نه‌ده‌نه‌وه‌.»
37
ئینجا ئه‌لیاقیمی كوڕی حیلقیای سه‌رپه‌رشتیاری كۆشك و شه‌ڤنای خامه‌ی نهێنی و یۆئاحی كوڕی ئاسافی تۆماركار هاتنه‌ لای حه‌زقیا و جله‌كانیان دادڕی بوو، قسه‌كانی فه‌رمانده‌ی ناوچه‌كه‌یان پێی ڕاگه‌یاند.
  1. a. 18‏:14 سێ سه‌د تالنت: نزیكه‌ی 10 ته‌ن.
  2. b. 18‏:14 سی تالنت: نزیكه‌ی یه‌ك ته‌ن.
  3. c. 18‏:18 ڕازپۆش.