عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
به‌خشین به‌ دڵشادییه‌وه‌ 
1
سه‌باره‌ت به‌ خزمه‌تكردنی گه‌لی پیرۆزی خودا، پێویست نییه‌ بۆتان بنووسم،
2
چونكه‌ په‌رۆشیتان ده‌زانم و له‌لای مه‌كدۆنییه‌كان شانازیم پێوه‌ كردووه‌، كه‌وا ئێوه‌ له‌ ئه‌خایا له‌ پاره‌وه‌ ئاماده‌بوون و دڵگه‌رمیتان زۆربه‌یانی جۆشدا.
3
به‌ڵام برایان ده‌نێرم، نه‌وه‌ك شانازیكردنمان پێتانه‌وه‌ به‌فیڕۆ بڕوات، تاكو ئاماده‌بن هه‌روه‌ك گوتم،
4
چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێك له‌ مه‌كدۆنییه‌كان له‌گه‌ڵم بێن و بینین كه‌ ئێوه‌ هێشتا ئاماده‌ نین، ئه‌وا شه‌رمه‌زار ده‌بین به‌هۆی ئه‌و متمانه‌یه‌ی به‌ ئێوه‌مان هه‌بوو، ئێوه‌ش شه‌رمه‌زار ده‌بن. با باسی ئه‌وه‌ش نه‌كه‌م كه‌ ئێوه‌ چه‌نده‌ شه‌رمه‌زار ده‌بن.
5
بۆیه‌ به‌ پێویستم زانی له‌ برایان بپاڕێمه‌وه‌، تاكو پێشڕه‌وی بكه‌ن بۆ لاتان و زوو ئه‌و به‌خشینه‌تان ڕێكبخه‌ن كه‌ پێشتر به‌ڵێنتان دابوو، تاكو وه‌ك به‌خشینێكی له‌ دڵفراوانییه‌وه‌ بێت، نه‌ك له‌ ناچارییه‌وه‌ بێت.
6
ئه‌مه‌ش بزانن: «ئه‌وه‌ی كه‌م بچێنێت كه‌م ده‌دروێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌ دڵفراوانی بچێنێ به‌ دڵفراوانی ده‌دروێته‌وه‌.»
7
با هه‌ریه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر دڵیه‌تی بیدات، نه‌ك به‌ دڵته‌نگی و ناچاری، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ دڵخۆشییه‌وه‌ ببه‌خشێت خودا خۆشی ده‌وێت.
8
خوداش ده‌توانێت هه‌موو نیعمه‌تێكتان به‌سه‌ردا بڕژێنێت، تاوه‌كو ئێوه‌ هه‌میشه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌تان هه‌بێت كه‌ پێویستتانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو كارێكی باشدا سه‌رڕێژ بن.
9
وه‌ك نووسراوه‌:
{به‌ دڵفراوانییه‌وه‌ به‌ هه‌ژارانی به‌خشیوه‌،
ڕاستودروستییه‌كه‌ی هه‌تاهه‌تایه‌ چه‌سپاوه‌.}[a]
10
جا ئه‌و خودایه‌ی تۆو بۆ جوتیار و نان بۆ خۆراك دابین ده‌كات، تۆوتان بۆ دابین ده‌كات و چه‌ند هێنده‌ی ده‌كات و به‌رهه‌می ڕاستودروستیتان زیاد ده‌كات.
11
له‌ هه‌موو شتێكدا ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن تاكو هه‌موو كاتێك دڵفراوان بن، دڵفراوانییه‌كه‌تان له‌ ڕێگه‌ی ئێمه‌وه‌ سوپاسی خودای لێده‌كه‌وێته‌وه‌.
12
ئه‌م خزمه‌ته‌ی ئێوه‌ ده‌یكه‌ن، ته‌نها پێداویستییه‌كانی گه‌لی پیرۆزی خودا پڕ ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو وا ده‌كات كه‌ زۆر كه‌س سوپاسی خودا بكه‌ن.
13
له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و خزمه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌یكه‌ن ئێوه‌ خۆتان سه‌لماندووه‌، شكۆمه‌ندی خودا ده‌رده‌خه‌ن به‌ گوێڕایه‌ڵی و دانپێدانانتان به‌ په‌یامی ئینجیلی مه‌سیح، هه‌روه‌ها دڵفراوانیتان له‌ به‌شداریتان له‌گه‌ڵ ئه‌وان و هه‌موو لایه‌ك.
14
هه‌روه‌ها له‌ پاڕانه‌وه‌یان بۆ ئێوه‌، تامه‌زرۆی بینینی ئێوه‌ن له‌به‌ر ئه‌و نیعمه‌ته‌ له‌ ڕاده‌به‌ده‌ره‌ی خودا كه‌ پێتان دراوه‌.
15
سوپاس بۆ خودا له‌ پێناوی ئه‌م به‌خشینه‌ی كه‌ به‌ ده‌م باس ناكرێت.
  1. a. 9‏:9 \+xt زه‌بووره‌كان 112‏:9.‏\+xt*‏