عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
وەک هاوکاری خودا لێتان دەپاڕێینەوە کە نیعمەتی خودا بێ سوود وەرمەگرن،
2
چونکە دەفەرموێ:
﴿لە کاتی پەسەندیم گوێم لێگرتیت،
لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیم دایت.﴾[a]
ئەوەتا ئێستایە کاتی پەسەندی خودا و ئێستایە ڕۆژی ڕزگاری.
خۆسەلماندنی پۆڵس 
3
لە هیچ شتێکدا نابینە کۆسپ، نەوەک گلەیی بێتە سەر خزمەت،
4
بەڵکو لە هەموو شتێکدا وەک خزمەتکاری خودا خۆمان دەسەلمێنین: بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان، لە تەنگانە، ناخۆشی و لێقەومان،
5
لە لێدان و زیندان و ئاژاوە، ماندووبوون و شەونخونی و برسیێتی،
6
بە پاکی و زانیاری و ئارامگرتن و نیانی، بە ڕۆحی پیرۆز و خۆشەویستی بێ دووڕوویی،
7
لە قسەی ڕاستدا، لە هێزی خودا، بە چەکەکانی ڕاستودروستی لە دەستی ڕاست و چەپ،
8
بە شکۆ و سووکایەتی، ناوزڕاو و ناوبانگ، کە ڕاستگۆین و وەک فێڵباز دەبینرێین،
9
وەک نەناسراو بەڵام ناسراوین، وەک مردوو ئەوەتا زیندووین، وەک سزادراو بەڵام نەکوژراوین،
10
وەک خەمبار، بەڵام هەردەم دڵشادین، وەک هەژار بەڵام زۆران دەوڵەمەند دەکەین، وەک هیچمان نەبێت و هەرچەندە هەموو شتێکمان هەیە.
11
ئەی کۆرنسۆسییەکان، بە ڕاشکاوی قسەتان بۆ دەکەین و دڵمان فراوانە.
12
ئێمە هەست و سۆزی خۆمانتان لێ ناستێنین، بەڵکو ئێوە لە ئێمەی دەستێنن.
13
ئەمە ئاڵوگۆرکارییە، وەک بۆ منداڵانم دەدوێم، ئێوەش دڵتان بکەنەوە.
پەرستگای خودای زیندوو 
14
لەگەڵ بێباوەڕان لەژێر یەک نیردا[b] مەبن، چونکە چ هەماهەنگییەک لەنێوان ڕاستودروستی و خراپەدا هەیە؟ یاخود چ هاوبەشییەکە لەنێوان تاریکی و ڕووناکیدا؟
15
چ ڕێککەوتنێک لەنێوان مەسیح و بەلیعالدا[c] هەیە؟ یان باوەڕدار چ پشکێکی لەگەڵ بێباوەڕدا هەیە؟
16
پەرستگای خوداش چ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بت هەیە؟ چونکە ئێمە پەرستگای خودای زیندووین، وەک خودا فەرموویەتی:
﴿تێیاندا نیشتەجێ دەبم و
لەگەڵیان دەڕۆم،
دەبم بە خودای ئەوان و
ئەوانیش دەبن بە گەلی من.﴾[d]
17
﴿یەزدان دەفەرموێ:
لەبەر ئەوە لە ناوەڕاستیان بڕۆنە دەرەوە و
بەجێیان بهێڵن.
دەست لە هیچ شتێکی گڵاو مەدەن،
ئینجا وەرتاندەگرمەوە.﴾[e]
18
﴿یەزدانی هەرە بەتوانا ئەمە دەفەرموێت:
من دەبمە باوکی ئێوە و
ئێوەش دەبنە کوڕ و کچی من.﴾[f]
  1. a. 6‏:2 ئیشایا 49‏:8.‏‏
  2. b. 6‏:14 مەبەستی لە هاوسەرگیرییە.‏
  3. c. 6‏:15 مەبەستی لە شەیتانە.‏
  4. d. 6‏:16 لێڤییەکان 26‏:12 و یەرمیا 32‏:38 و حزقیێل 37‏:27‏‏.‏
  5. e. 6‏:17 ئیشایا 52‏:11 و حزقیێل 20‏:34‏،41‏‏.‏
  6. f. 6‏:18 دووەم ساموئێل 7‏:8‏،14‏‏.‏