عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بینینی پۆڵس و دڕكی له‌ش 
1
پێویسته‌ شانازی بكه‌م، هه‌رچه‌نده‌ سوودبه‌خش نییه‌، جا بۆ بینینی یه‌زدان و ئاشكراكراوی[a] ئه‌و دێم.
2
مرۆڤێك ده‌ناسم كه‌ر سه‌ر به‌ مه‌سیحه‌، پێش چوارده‌ ساڵ خودا بردی بۆ ئاسمانی سێیه‌م، ئایا به‌ له‌شه‌وه‌ یاخود بێ له‌ش، نازانم، خودا ده‌زانێت.
3
ده‌زانم ئه‌و مرۆڤه‌، به‌ له‌شه‌وه‌ یاخود بێ له‌ش، نازانم، خودا ده‌زانێت،
4
بۆ به‌هه‌شت بردرا، قسه‌یه‌كی بیست كه‌ ده‌رنابڕدرێت و مرۆڤ نابێت باسی بكات.
5
شانازی به‌و كه‌سه‌وه‌ ده‌كه‌م، به‌ڵام شانازی به‌ خۆمه‌وه‌ ناكه‌م، مه‌گه‌ر به‌ لاوازییه‌كانم نه‌بێت،
6
چونكه‌ ئه‌گه‌ر بمه‌وێت شانازی بكه‌م، گێل نابم، چونكه‌ ڕاستی ده‌ڵێم، به‌ڵام خۆم ده‌پارێزم نه‌وه‌ك یه‌كێك وا له‌ من بگات زیاتر له‌وه‌ی ده‌مبینن و لێم ده‌بیستن.
7
بۆ ئه‌وه‌ی به‌ گه‌وره‌یی ئه‌و بینینه‌ی بۆم ئاشكرا كرا لووتبه‌رز نه‌بم، له‌ جه‌سته‌دا دڕكێكم درایێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن شه‌یتانه‌وه‌ نێردرابێت تاكو ئازارم بدات، تاكو لووتبه‌رز نه‌بم.
8
بۆ ئه‌مه‌ سێ جار له‌ عیسای خاوه‌ن شكۆ پاڕامه‌وه‌ له‌ كۆڵم بكاته‌وه‌،
9
به‌ڵام پێی فه‌رمووم: «نیعمه‌تی منت به‌سه‌، چونكه‌ هێزی من له‌ لاوازیدا ته‌واو ده‌بێت.» بۆیه‌ به‌وپه‌ڕی شادییه‌وه‌ شانازی به‌ لاوازیمه‌وه‌ ده‌كه‌م، تاكو هێزی مه‌سیح بێته‌ سه‌رم.
10
بۆیه‌ له‌ پێناوی مه‌سیحدا، به‌ لاوازی و سووكایه‌تی و ناخۆشی و چه‌وسانه‌وه‌ و ته‌نگانه‌ دڵخۆش ده‌بم، چونكه‌ هه‌ر كاتێك لاوازبم ئه‌وا به‌هێزم.
11
بوومه‌ گێل، به‌ڵام ئێوه‌ ناچارتان كردم. ده‌بووایه‌ ئێوه‌ پێمدا هه‌ڵبده‌ن، چونكه‌ هیچم له‌ «نێردراوه‌ به‌رزه‌كان» كه‌متر نییه‌، هه‌رچه‌نده‌ هیچ نیم.
12
به‌وپه‌ڕی دانبه‌خۆداگرتنه‌وه‌ نیشانه‌كانی نێردراو له‌نێوانتاندا ئه‌نجام درا، به‌ نیشانه‌ و كاری مه‌زن و په‌رجوو.
13
چیتان له‌ كڵێساكانی دیكه‌ كه‌متره‌، جگه‌ له‌وه‌ش خۆم نه‌بوومه‌ته‌ بارێكی گران به‌سه‌رتانه‌وه‌؟ له‌م هه‌ڵه‌یه‌ گه‌ردنم ئازاد بكه‌ن!
14
ئه‌وا سێیه‌م جاره‌ ئاماده‌م بێمه‌ لاتان، نابمه‌ بارگرانی بۆتان. داوای شته‌كانتان ناكه‌م، به‌ڵكو داوای ئێوه‌ ده‌كه‌م، چونكه‌ پێویست ناكات منداڵ بۆ دایك و باوك كۆبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ دایك و باوك بۆ منداڵ كۆبكه‌نه‌وه‌.
15
منیش به‌وپه‌ڕی شادییه‌وه‌ بۆ ئێوه‌ خه‌رج ده‌كه‌م، خۆم خه‌رجی ده‌كه‌م. ئه‌گه‌ر ئێوه‌م زۆرتر خۆشده‌وێت، ئایا منتان كه‌متر خۆشده‌وێت؟
16
ئیتر با وابێت، بارم گران نه‌كردوون. به‌ڵام كه‌ فێڵبازم[b] ، به‌ فێڵ لێم سه‌ندوون.
17
ئایا ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ من بۆ لای ئێوه‌م ناردوون، هیچ قازانجێكیان بۆ خودی خۆم هه‌بووه‌؟
18
له‌ كاتێكدا له‌ تیتۆس پاڕامه‌وه‌ تاوه‌كو بێت بۆ لاتان، ئه‌و برایه‌ی كه‌ خۆتان ده‌یناسن له‌گه‌ڵیدا ناردم. ئایا تیتۆس به‌هۆی ئێوه‌وه‌ هیچ قازانجێكی كردووه‌؟ ئایا به‌ هه‌مان ڕۆح ناژین، به‌ هه‌مان هه‌نگاو ناڕۆین؟
19
ئایا پێتان وابووه‌ ئه‌م ماوه‌ درێژه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌یڵێین بۆ به‌رگریكردن بووه‌ له‌ خۆمان؟ نه‌خێر، به‌ ناوی مه‌سیحه‌وه‌ ئه‌م هه‌موو شته‌ له‌به‌رده‌م خودا ده‌ڵێین. ئه‌ی خۆشه‌ویستان، مه‌به‌ستی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێوه‌ بنیاد بنێین،
20
چونكه‌ من ده‌ترسم كاتێك دێم بۆ لاتان، به‌و جۆره‌ نه‌تانبینم كه‌ ده‌مه‌وێت، ئێوه‌ش به‌و جۆره‌ی كه‌ ده‌تانه‌وێت نه‌مبینن، نه‌وه‌ك له‌نێوانتاندا ناكۆكی، چاوپیسی، تووڕه‌یی، خۆپه‌رستی، بوختان، قسه‌ هێنان‏و بردن، له‌خۆباییبوون، بێسه‌روبه‌ری هه‌بێت.
21
هه‌روه‌ها جارێكی تر كه‌ دێمه‌وه‌ لاتان، ده‌ترسم خودا من له‌نێوتان نزم بكاته‌وه‌ و خه‌فه‌ت بخۆم بۆ زۆر كه‌س كه‌ پێشتر گوناهیان كردووه‌ و تۆبه‌یان نه‌كردووه‌ له‌و گڵاوی و به‌ڕه‌ڵایی و به‌دڕه‌وشتییه‌ی كه‌ كردوویانه‌.
  1. a. 12‏:1 ئه‌و شتانه‌ی یه‌زدان له‌ ڕێگای سروشه‌وه‌ بۆی ئاشكرا ده‌كات.
  2. b. 12‏:16 لێره‌دا پۆڵس به‌ گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ قسه‌ ده‌كات.