عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پۆڵس و نێردراوه‌ درۆزنه‌كان 
1
هیوادارم به‌رگه‌ی هه‌ندێك گێلایه‌تی من بگرن، هه‌رچه‌نده‌ به‌رگه‌شم ده‌گرن.
2
به‌ ئیره‌ییه‌كی[a] خوداییانه‌ ئیره‌ییتان پێ ده‌به‌م، چونكه‌ له‌ پیاوێك نیشانم كردن، تاكو وه‌ك پاكیزه‌یه‌كی پاك پێشكه‌شی مه‌سیحتان بكه‌م.
3
به‌ڵام ده‌ترسم، وه‌ك ماره‌كه‌ حه‌وای به‌ فێڵه‌كه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاند، بیری ئێوه‌ش له‌و دڵسۆزی و پاكییه‌ بۆ مه‌سیح چه‌واشه‌ بكرێت،
4
چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك بێت و عیسایه‌كی دیكه‌[b] ڕابگه‌یه‌نێت جیاواز له‌وه‌ی ڕامانگه‌یاند، یان ڕۆحێكی دیكه‌ وه‌ربگرن جیاواز له‌وه‌ی وه‌رتانگرت، یان مزگێنییه‌كی دیكه‌ ڕابگه‌یه‌نێت جیاواز له‌وه‌ی وه‌رتانگرت، ئه‌وا به‌ ئاسانی وه‌ریده‌گرن.
5
پێم وایه‌ هیچم له‌و «نێردراوه‌ به‌رزانه‌» كه‌متر نییه‌.
6
ئه‌گه‌ر له‌ قسه‌كردندا زمان پاراو نه‌بم، خۆ زانیاریم هه‌یه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌ر لایه‌ك و له‌ هه‌موو شتێك بۆ ئێوه‌مان ده‌رخست.
7
یاخود گوناهم كردووه‌ كه‌ خۆمم نزم كرده‌وه‌ تاكو ئێوه‌ به‌رز بنه‌وه‌، چونكه‌ به‌خۆڕایی مژده‌ی ئینجیلی خودام بۆ جاڕدان؟
8
كڵێساكانی دیكه‌م تاڵان كرد كه‌ خه‌رجیم لێیان وه‌رگرت بۆ خزمه‌ته‌كه‌تان.
9
كاتێك له‌گه‌ڵتان بووم و پێویستیم هه‌بوو، نه‌بوومه‌ بار بۆ كه‌س، چونكه‌ برایان له‌ مه‌كدۆنیاوه‌ هاتن پێویستییه‌كانی منیان پڕكرده‌وه‌. له‌ هه‌موو شتێكدا خۆمم پاراست بۆ ئه‌وه‌ی بارگرانی نه‌خه‌مه‌ سه‌رتان و به‌رده‌وام خۆمی لێ ده‌پارێزم.
10
وه‌ك ڕاستی مه‌سیح له‌ مندایه‌، له‌ ناوچه‌كانی ئه‌خایا ئه‌م شانازیه‌م لێ ناسه‌نرێته‌وه‌.
11
بۆچی؟ ئایا چونكه‌ ئێوه‌م خۆشناوێت؟ خودا ده‌زانێت.
12
به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌م، وا ده‌یكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی هه‌لی هه‌ڵپه‌رستان ببڕم كه‌ شانازی ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت ده‌ریبخه‌ن گوایا ئه‌وان وه‌ك ئێمه‌ن،
13
چونكه‌ ئه‌مانه‌ نێردراوی درۆزنن و كارگه‌ری فێڵبازن، خۆیان له‌ شێوه‌ی نێردراوی مه‌سیح ده‌رده‌خه‌ن.
14
سه‌یر نییه‌، چونكه‌ شه‌یتان خۆی له‌ شێوه‌ی فریشته‌ی ڕووناكی ده‌رده‌خات.
15
كه‌واته‌ شتێكی سه‌یر نییه‌ ئه‌گه‌ر خزمه‌تكارانی خۆیان له‌ شێوه‌ی خزمه‌تكاری ڕاستودروستی ده‌ربخه‌ن. دواڕۆژیان به‌گوێره‌ی كرداریان ده‌بێت.
ئازاری پۆڵس له‌ خزمه‌تی مه‌سیح 
16
دیسان ده‌یڵێمه‌وه‌: كه‌س به‌ گێلم نه‌زانێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ گێلم ده‌زانن ئه‌وا وه‌ك گێلێك به‌رگه‌م بگرن، بۆ ئه‌وه‌ی منیش تۆزێك شانازی بكه‌م.
17
به‌ متمانه‌وه‌ شانازی ده‌كه‌م، نه‌ك به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ مه‌سیحی باڵاده‌ست قسه‌ ده‌كات، به‌ڵكو وه‌ك له‌ نه‌زانییه‌وه‌ بێت.
18
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر كه‌س به‌گوێره‌ی بنه‌مای جیهان شانازی به‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، منیش شانازی ده‌كه‌م.
19
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆتان ئه‌وه‌نده‌ دانان[c] ، به‌ شادییه‌وه‌ به‌رگه‌ی گێله‌كان ده‌گرن.
20
له‌ ڕاستیدا، ئه‌گه‌ر یه‌كێك ئێوه‌ بكاته‌ كۆیله‌ به‌رگه‌ ده‌گرن، ئه‌گه‌ر یه‌كێك بتانخوات، ئه‌گه‌ر یه‌كێك بۆ خۆی بتانقۆزێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر یه‌كێك خۆی به‌رز بكاته‌وه‌، یاخود ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ ڕووتان بدات، به‌رگه‌ ده‌گرن!
21
به‌ شه‌رمه‌زارییه‌وه‌، پێویسته‌ بڵێم سه‌باره‌ت به‌مه‌ چه‌ند لاواز بووین!
هه‌رچییه‌ك ئه‌وان ده‌وێرن شانازی پێوه‌ بكه‌ن، هه‌روه‌ها منیش ده‌وێرم، ده‌زانم كه‌ گێلانه‌ قسه‌ ده‌كه‌م.
22
ئایا ئه‌وان عیبرانین؟ منیش. ئایا ئیسرائیلین؟ منیش. ئایا نه‌وه‌ی ئیبراهیمن؟ منیش.
23
ئایا خزمه‌تكاری مه‌سیحن؟ من باشترم، به‌ڵام وه‌ك شێتێك قسه‌ ده‌كه‌م. من زۆر زیاتر له‌وان ڕه‌نجم كێشاوه‌، له‌وان زیاتر له‌ زینداندا بووم، زۆر خراپتر داركاری كراوم، زۆر جاریش ڕووبه‌ڕووی مردن بوومه‌ته‌وه‌.
24
جوله‌كه‌كان به‌ قامچی پێنج جار چل قامچی كه‌م یه‌كیان لێداوم[d] ،
25
سێ جار داركاری كراوم، جارێك به‌ردباران كراوم، سێ جار له‌ كه‌شتیدا بووم و شكاوه‌، شه‌و و ڕۆژێكم له‌ قووڵایی ده‌ریادا[e] به‌سه‌ربرد.
26
به‌هۆی زۆر گه‌شتكردنمه‌وه‌ تووشی مه‌ترسی ڕووبار و چه‌ته‌ بووم، مه‌ترسی له‌ گه‌له‌كه‌م و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌، مه‌ترسی له‌ شار و له‌ ده‌شت، مه‌ترسی له‌ ده‌ریا، مه‌ترسی له‌ خوشك و برایانی درۆزن،
27
به‌ ڕه‌نجدان و ماندووبوونی، به‌ شه‌ونخونی زۆر، به‌ برسیێتی و تینوێتی، به‌ ڕۆژووگرتنی زۆر، به‌ سه‌رما و ڕووتی.
28
ئه‌مانه‌ هه‌موو له‌لایه‌ك، ڕۆژ به‌ ڕۆژ بایه‌خدان به‌ هه‌موو كڵێساكان له‌سه‌رم كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت.
29
كێ لاوازه‌ و من له‌گه‌ڵی لاواز نابم؟ كێ كه‌وتووه‌ته‌ گوناه و من ناسووتێم؟
30
ئه‌گه‌ر پێویست به‌ شانازیكردن بكات، ئه‌وا به‌و شتانه‌وه‌ شانازی ده‌كه‌م كه‌ لاوازیم ده‌رده‌خه‌ن.
31
خودا، باوكی عیسای خاوه‌ن شكۆ ئه‌وه‌ی هه‌تاهه‌تایه‌ ستایش ده‌كرێت ده‌زانێت درۆ ناكه‌م.
32
له‌ دیمه‌شق، فه‌رمانڕه‌وایه‌كه‌ی ئاریتاسی پاشا پاسه‌وانی شاری دیمه‌شقییه‌كانیان ده‌كرد، بۆ گرتنم.
33
به‌ڵام له‌ناو سه‌به‌ته‌دا و له‌ په‌نجه‌ره‌ی شووراكه‌ منیان شۆڕكرده‌وه‌ و له‌ ده‌ستی ڕزگارم بوو.
  1. a. 11‏:2 ئیره‌یی: واتای هه‌ڵوێستی توندی خودا به‌رامبه‌ر به‌ لادان له‌ فێركردنی ئینجیل، چونكه‌ خودا ده‌یه‌وێ ته‌نها ئه‌و بپه‌رسترێت.
  2. b. 11‏:4 به‌كارهێنانی ناوی (عیسا)، به‌ڵام به‌ فێركردنێكی جیاواز.
  3. c. 11‏:19 پۆڵس لێره‌دا به‌ته‌وسه‌وه‌ (یان به‌ گاڵته‌جاڕییه‌وه‌) قسه‌ ده‌كات.
  4. d. 11‏:24 هه‌روه‌ك له‌ دواوتار 25‏:1‏-3 دا هاتووه‌ ئه‌وپه‌ڕی لێدان (40) قامچییه‌ و نابێ زیاتر بێ، 39 قامچییان لێداوه‌ نه‌وه‌ك له‌ ژماردن هه‌ڵه‌ بكه‌ن و زیاتری لێ بده‌ن.
  5. e. 11‏:25 له‌و شوێنه‌ی ده‌ریادا كه‌ وشكانی دیار نییه‌.