عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سەردانی شاژنی شەبا بۆ لای سلێمان 
1
کاتێک شاژنی شەبا ناوبانگی سلێمانی بیست، هاتە ئۆرشەلیم بۆ ئەوەی بە چەند مەتەڵێک تاقی بکاتەوە. بە کەژاوەیەکی زۆر گەورەوە، وشتری بارکراو لە بۆنوبەرام و زێڕی زۆر و بەردی گرانبەها، هاتە لای سلێمان و لەبارەی هەموو ئەو شتانەی لە دڵی بوو قسەی لەگەڵ کرد.
2
سلێمانیش وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دایەوە، هیچ شتێک بۆ سلێمان قورس نەبوو وەڵامی بداتەوە.
3
کاتێک شاژنی شەبا دانایی سلێمان و ئەو کۆشکەی بینی کە بنیادی نابوو،
4
هەروەها خواردنی سەر خوانەکەی، دانیشتنی دەستوپێوەندەکانی، ڕێکوپێکی خزمەتکارەکانی و جلوبەرگاکانیان، ساقییەکان و جلوبەرگەکانیان و ئەو قوربانی سووتاندنانەی کە سلێمان لە پەرستگای یەزدان دەیکرد، لە بینینی ئەمانە سەرسام بوو.
5
بە پاشای گوت: «ئەو هەواڵەی کە لە خاکەکەمدا لەبارەی کاروبار و داناییەکەت بیستم، ڕاستە.
6
بڕوام بەو هەواڵانە نەکرد هەتا نەهاتم و بە چاوی خۆم نەمبینی، ئەوەتا نیوەی داناییە زۆرەکەی تۆم پێ ڕانەگەیەنراوە، زۆر مەزنتر بوویت لەوەی لەبارەی تۆوە بیستبووم.
7
خۆزگە بە پیاوەکانت دەخوازرێ، خۆزگە بە خزمەتکارەکانت دەخوازرێ، ئەمانە کە هەمیشە لەبەردەمت ڕاوەستاون و داناییەکەت دەبیستن.
8
ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگارت، ئەوەی پێت دڵشادە و لەسەر تەخت دایناویت ببیتە پاشا بۆ یەزدانی پەروەردگارت. خوداکەت لەبەر ئەوەی ئیسرائیلی خۆشویستووە و ویستی هەتاهەتایە جێگیری بکات، تۆی کردووەتە پاشا تاکو ڕاستودروستی و دادپەروەری پیادە بکەیت.»
9
ئینجا سەد و بیست تالنت[a] زێڕ و بۆنوبەرامێکی زۆر و بەردی گرانبەهای دایە پاشا، جارێکی دیکە بۆنوبەرامی بەو جۆرە زۆر نەهاتەوە، هێندەی ئەوەی شاژنی شەبا پێشکەشی سلێمان پاشای کرد.
10
هەروەها خزمەتکارەکانی حیرام و خزمەتکارەکانی سلێمان، ئەوانەی لە ئۆفیرەوە زێڕیان هێنابوو، دار ئەلگوم و بەردی گرانبەهاشیان هێنابوو.
11
پاشا لەو دار ئەلگومانە پێپلیکانەی بۆ پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا دروستکرد، هەروەها قیسارە و سازیش بۆ گۆرانیبێژەکان، وەک ئەو دارانە پێشتر لە خاکی یەهودا نەبینرابوون.
12
سلێمانی پاشا هەموو ئەو شتانەی دایە شاژنی شەبا کە ئارەزووی کرد، جگە لەوەی پاشا پێیدا لە بەرامبەر ئەوەی بۆی هێنابوو. پاشان لەگەڵ خزمەتکارەکانی بەڕێکەوت و گەڕایەوە خاکەکەی خۆی.
دانایی و دەوڵەمەندی سلێمان 
13
کێشی ئەو زێڕەش کە لە ساڵێکدا بۆ سلێمان دەهات، شەش سەد و شەست و شەش تالنت[b] زێڕ بوو،
14
جگە لەو باجەی لە بازرگان و فرۆشیارەکانەوە وەردەگیرا. هەروەها هەموو پاشایانی عەرەبستان و فەرمانڕەوایانی خاکەکە زێڕ و زیویان بۆ سلێمان دەهێنا.
15
سلێمانی پاشا دوو سەد قەڵغانی گەورەی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، شەش سەد شاقل زێڕی[c] کوتراو بۆ هەر قەڵغانێک.
16
سێ سەد قەڵغانی بچووکیشی لە زێڕی کوتراو دروستکرد، سێ سەد شاقل زێڕ[d] بۆ هەر قەڵغانێک. ئینجا پاشا لە کۆشکی دارستانەکەی لوبنان داینان.
17
هەروەها پاشا تەختێکی گەورەی لە عاج دروستکرد و بە زێڕی بێگەرد ڕووپۆشی کرد.
18
تەختەکە شەش پێپلیکانەی هەبوو لەگەڵ تەختەپێیەک، هەموویان پێکەوە بەسترابوون، دوو دەسک لەم لاو لەو لایەوە لەسەر شوێنی دانیشتنەکە، دوو شێری ڕاوەستاویش لەتەنیشت دەسکەکان بوون.
19
دوازدە شێری ڕاوەستاویش لەسەر ئەم لاو ئەو لای شەش پێپلیکانەکە هەبوو. لە هیچ پاشایەتییەک شتی وا دروستنەکرابوو.
20
هەموو کاسە و جامەکانی خواردنەوەی سلێمان پاشا زێڕ بوون، هەروەها هەموو قاپوقاچاغەکانی کۆشکی دارستانەکەی لوبنان لە زێڕی بێگەرد بوون، هیچ شتێک لە زیو دروستنەکرابوو، چونکە لە سەردەمی سلێمان زیو بەهایەکی ئەوتۆی نەبوو.
21
کەشتیگەلی[e] پاشا لەگەڵ خزمەتکارەکانی حیرام دەڕۆیشتن و هەر سێ ساڵ جارێک دەهاتن و زێڕ و زیو و عاج و مەیمون و تاوسیان دەهێنا.
22
سلێمان گەورەترین پاشا بوو لەنێو پاشاکانی سەر زەوی چ لە دەوڵەمەندی و چ لە دانایی.
23
هەموو پاشایانی سەر زەوی بە ئاواتەوە بوون ڕووی سلێمان ببینن، هەتا گوێ لە داناییەکەی بگرن کە خودا لە دڵیدا داینابوو.
24
هەریەکە و ساڵ لەدوای ساڵ بە دیاری خۆیانەوە دەهاتن، لە قاپوقاچاغی زێڕ و زیو و جلوبەرگ و چەک و بۆنوبەرام و ئەسپ و هێستر.
25
سلێمان چوار هەزار تەویلەی ئەسپ و گالیسکە و دوازدە هەزار ئەسپی هەبوو. لە شارەکانی گالیسکەکان داینان، هەروەها هەندێکیان لەلای خۆی لە ئۆرشەلیم جێگیر کردن.
26
بەسەر هەموو پاشاکاندا فەرمانڕەوایی دەکرد، لە ڕووباری فوراتەوە هەتا خاکی فەلەستییەکان و سنووری میسر.
27
هەروەها پاشا کارێکی وای کرد کە لە ئۆرشەلیم زیو وەک بەردی لێ بێت، دار ئورزیش لە زۆری وەک دار هەنجیری زوورگەکان بێت.
28
ئەسپەکانی سلێمان لە میسر و هەموو وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکران.
مردنی سلێمان 
29
ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی سلێمان لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە تۆمارەکانی ناتانی پێغەمبەر و لە پەیامەکەی ئاحییای شیلۆنی نووسراون، هەروەها لەو بینینانەش کە عیدۆ سەبارەت بە یارۆڤعامی کوڕی نەڤات ڕایدەگەیاند.
30
سلێمان چل ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد.
31
پاشان سلێمان لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شارەکەی داودی باوکی نێژرا. ئیتر ڕەحەڤەعامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
  1. a. 9‏:9 سەد و بیست تالنت: نزیکەی 4 تەن.‏
  2. b. 9‏:13 شەش سەد و شەست و شەش تالنت: نزیکەی بیست و سێ تەن.‏
  3. c. 9‏:15 شەش سەد شاقل زێڕ: نزیکەی 6,9 کیلۆگرام.‏
  4. d. 9‏:16 سێ سەد شاقل زێڕ: نزیکەی 3,5 کیلۆگرام.‏
  5. e. 9‏:21 عیبری: کەشتییەکانی تەرشیش واتا جۆرە کەشتییەکی تایبەت بوون کە بۆ بازرگانی بەکاردەهێنران.‏