عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سه‌ردانی شاژنی شه‌با بۆ لای سلێمان 
1
كاتێك شاژنی شه‌با ناوبانگی سلێمانی بیست، هاته‌ ئۆرشه‌لیم بۆ ئه‌وه‌ی به‌ چه‌ند مه‌ته‌ڵێك تاقی بكاته‌وه‌. به‌ كه‌ژاوه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌وه‌، وشتری باركراو له‌ بۆنوبه‌رام و زێڕی زۆر و به‌ردی گرانبه‌ها، هاته‌ لای سلێمان و له‌باره‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌ دڵی بوو قسه‌ی له‌گه‌ڵ كرد.
2
سلێمانیش وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌كانی دایه‌وه‌، هیچ شتێك بۆ سلێمان قورس نه‌بوو وه‌ڵامی بداته‌وه‌.
3
كاتێك شاژنی شه‌با دانایی سلێمان و ئه‌و كۆشكه‌ی بینی كه‌ بنیادی نابوو،
4
هه‌روه‌ها خواردنی سه‌ر خوانه‌كه‌ی، دانیشتنی ده‌ستوپێوه‌نده‌كانی، ڕێكوپێكی خزمه‌تكاره‌كانی و جلوبه‌رگاكانیان، ساقییه‌كان و جلوبه‌رگه‌كانیان و ئه‌و قوربانی سووتاندنانه‌ی كه‌ سلێمان له‌ په‌رستگای یه‌زدان ده‌یكرد، له‌ بینینی ئه‌مانه‌ شه‌یدا بوو.
5
به‌ پاشای گوت: «ئه‌و هه‌واڵه‌ی كه‌ له‌ خاكه‌كه‌مدا له‌باره‌ی كاروبار و داناییه‌كه‌ت بیستم، ڕاسته‌.
6
بڕوام به‌و هه‌واڵانه‌ نه‌كرد هه‌تا نه‌هاتم و به‌ چاوی خۆم نه‌مبینی، ئه‌وه‌تا نیوه‌ی داناییه‌ زۆره‌كه‌ی تۆم پێ ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌، زۆر مه‌زنتر بوویت له‌وه‌ی له‌باره‌ی تۆوه‌ بیستبووم.
7
خۆزگه‌ به‌ پیاوه‌كانت ده‌خوازرێ، خۆزگه‌ به‌ خزمه‌تكاره‌كانت ده‌خوازرێ، ئه‌مانه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌مت ڕاوه‌ستاون و داناییه‌كه‌ت ده‌بیستن.
8
ستایش بۆ یه‌زدانی خوداكه‌ت، ئه‌وه‌ی پێت دڵشاده‌ و له‌سه‌ر ته‌خت دایناویت ببیته‌ پاشا بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت. خوداكه‌ت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیسرائیلی خۆشویستووه‌ و ویستی هه‌تاهه‌تایه‌ جێگیری بكات، تۆی كردووه‌ته‌ پاشا تاكو ڕاستودروستی و دادپه‌روه‌ری پیاده‌ بكه‌یت.»
9
ئینجا سه‌د و بیست تالنت[a] زێڕ و بۆنوبه‌رامێكی زۆر و به‌ردی گرانبه‌های دایه‌ پاشا، جارێكی دیكه‌ بۆنوبه‌رامی به‌و جۆره‌ زۆر نه‌هاته‌وه‌، هێنده‌ی ئه‌وه‌ی شاژنی شه‌با پێشكه‌شی سلێمان پاشای كرد.
10
هه‌روه‌ها خزمه‌تكاره‌كانی حیرام و خزمه‌تكاره‌كانی سلێمان، ئه‌وانه‌ی له‌ ئۆفیره‌وه‌ زێڕیان هێنابوو، دار ئه‌لگوم و به‌ردی گرانبه‌هاشیان هێنابوو.
11
پاشا له‌و دار ئه‌لگومانه‌ پێپلیكانه‌ی بۆ په‌رستگای یه‌زدان و كۆشكی پاشا دروستكرد، هه‌روه‌ها قیساره‌ و سازیش بۆ گۆرانیبێژه‌كان، وه‌ك ئه‌و دارانه‌ پێشتر له‌ خاكی یه‌هودا نه‌بینرابوون.
12
سلێمانی پاشا هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی دایه‌ شاژنی شه‌با كه‌ ئاره‌زووی كرد، جگه‌ له‌وه‌ی پاشا پێیدا له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی بۆی هێنابوو. پاشان له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كانی به‌ڕێكه‌وت و گه‌ڕایه‌وه‌ خاكه‌كه‌ی خۆی.
دانایی و ده‌وڵه‌مه‌ندی سلێمان 
13
كێشی ئه‌و زێڕه‌ش كه‌ له‌ ساڵێكدا بۆ سلێمان ده‌هات، شه‌ش سه‌د و شه‌ست و شه‌ش تالنت[b] زێڕ بوو،
14
جگه‌ له‌و باجه‌ی له‌ بازرگان و فرۆشیاره‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌گیرا. هه‌روه‌ها هه‌موو پاشایانی عه‌ره‌بستان و فه‌رمانڕه‌وایانی خاكه‌كه‌ زێڕ و زیویان بۆ سلێمان ده‌هێنا.
15
سلێمانی پاشا دوو سه‌د قه‌ڵغانی گه‌وره‌ی له‌ زێڕی كوتراو دروستكرد، شه‌ش سه‌د شاقل زێڕی[c] كوتراو بۆ هه‌ر قه‌ڵغانێك.
16
سێ سه‌د قه‌ڵغانی بچووكیشی له‌ زێڕی كوتراو دروستكرد، سێ سه‌د شاقل زێڕ[d] بۆ هه‌ر قه‌ڵغانێك. ئینجا پاشا له‌ كۆشكی دارستانه‌كه‌ی لوبنان داینان.
17
هه‌روه‌ها پاشا ته‌ختێكی گه‌وره‌ی له‌ عاج دروستكرد و به‌ زێڕی بێگه‌رد ڕووپۆشی كرد.
18
ته‌خته‌كه‌ شه‌ش پێپلیكانه‌ی هه‌بوو له‌گه‌ڵ ته‌خته‌پێیه‌ك، هه‌موویان پێكه‌وه‌ به‌سترابوون، دوو ده‌سك له‌م لاو له‌و لایه‌وه‌ له‌سه‌ر شوێنی دانیشتنه‌كه‌، دوو شێری ڕاوه‌ستاویش له‌ته‌نیشت ده‌سكه‌كان بوون.
19
دوازده‌ شێری ڕاوه‌ستاویش له‌سه‌ر ئه‌م لاو ئه‌و لای شه‌ش پێپلیكانه‌كه‌ هه‌بوو. له‌ هیچ پاشایه‌تییه‌ك شتی وا دروستنه‌كرابوو.
20
هه‌موو كاسه‌ و جامه‌كانی خواردنه‌وه‌ی سلێمان پاشا زێڕ بوون، هه‌روه‌ها هه‌موو قاپوقاچاغه‌كانی كۆشكی دارستانه‌كه‌ی لوبنان له‌ زێڕی بێگه‌رد بوون، هیچ شتێك له‌ زیو دروستنه‌كرابوو، چونكه‌ له‌ سه‌رده‌می سلێمان زیو به‌هایه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بوو.
21
كه‌شتیگه‌لی[e] پاشا له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كانی حیرام ده‌ڕۆیشتن و هه‌ر سێ ساڵ جارێك ده‌هاتن و زێڕ و زیو و عاج و مه‌یمون و تاوسیان ده‌هێنا.
22
سلێمان گه‌وره‌ترین پاشا بوو له‌نێو پاشاكانی سه‌ر زه‌وی چ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی و چ له‌ دانایی.
23
هه‌موو پاشایانی سه‌ر زه‌وی به‌ ئاواته‌وه‌ بوون ڕووی سلێمان ببینن، هه‌تا گوێ له‌ داناییه‌كه‌ی بگرن كه‌ خودا له‌ دڵیدا داینابوو.
24
هه‌ریه‌كه‌ و ساڵ له‌دوای ساڵ به‌ دیاری خۆیانه‌وه‌ ده‌هاتن، له‌ قاپوقاچاغی زێڕ و زیو و جلوبه‌رگ و چه‌ك و بۆنوبه‌رام و ئه‌سپ و هێستر.
25
سلێمان چوار هه‌زار ته‌ویله‌ی ئه‌سپ و گالیسكه‌ و دوازده‌ هه‌زار ئه‌سپی هه‌بوو. له‌ شاره‌كانی گالیسكه‌كان داینان، هه‌روه‌ها هه‌ندێكیان له‌لای خۆی له‌ ئۆرشه‌لیم جێگیر كردن.
26
به‌سه‌ر هه‌موو پاشاكاندا فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كرد، له‌ ڕووباری فوراته‌وه‌ هه‌تا خاكی فه‌له‌ستییه‌كان و سنووری میسر.
27
هه‌روه‌ها پاشا كارێكی وای كرد كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیم زیو وه‌ك به‌ردی لێ بێت، دار ئورزیش له‌ زۆری وه‌ك دار هه‌نجیری زوورگه‌كان بێت.
28
ئه‌سپه‌كانی سلێمان له‌ میسر و هه‌موو وڵاتانی دیكه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كران.
مردنی سلێمان 
29
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی سلێمان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌تا كۆتایی له‌ تۆماره‌كانی ناتانی پێغه‌مبه‌ر و له‌ په‌یامه‌كه‌ی ئاحییای شیلۆنی نووسراون، هه‌روه‌ها له‌و بینینانه‌ش كه‌ عیدۆ سه‌باره‌ت به‌ یارۆڤعامی كوڕی نه‌ڤات ڕایده‌گه‌یاند.
30
سلێمان چل ساڵ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی هه‌موو ئیسرائیلی كرد.
31
پاشان سلێمان له‌گه‌ڵ باوباپیرانی سه‌ری نایه‌وه‌ و له‌ شاره‌كه‌ی داودی باوكی نێژرا. ئیتر ڕه‌حه‌ڤه‌عامی كوڕی له‌دوای خۆی بوو به‌ پاشا.
  1. a. 9‏:9 سه‌د و بیست تالنت: نزیكه‌ی 4 ته‌ن.
  2. b. 9‏:13 شه‌ش سه‌د و شه‌ست و شه‌ش تالنت: نزیكه‌ی بیست و سێ ته‌ن.
  3. c. 9‏:15 شه‌ش سه‌د شاقل زێڕ: نزیكه‌ی 6,9 كیلۆگرام.
  4. d. 9‏:16 سێ سه‌د شاقل زێڕ: نزیكه‌ی 3,5 كیلۆگرام.
  5. e. 9‏:21 عیبری: كه‌شتییه‌كانی ته‌رشیش واته‌ جۆره‌ كه‌شتییه‌كی تایبه‌ت بوون كه‌ بۆ بازرگانی به‌كارده‌هێنران.