عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
چالاكی دیكه‌ی سلێمان 
1
له‌ كۆتایی ئه‌و بیست ساڵه‌ی كه‌ سلێمان تێیدا په‌رستگای یه‌زدان و كۆشكه‌كه‌ی خۆی بنیاد نا،
2
سلێمان ئه‌و گوندانه‌ی بنیاد نایه‌وه‌ كه‌ حیرامی پاشا پێیدا و نه‌وه‌ی ئیسرائیلی تێیاندا نیشته‌جێ كرد.
3
ئینجا سلێمان چوو بۆ حه‌مات چۆڤا و گرتی.
4
هه‌روه‌ها ته‌دمۆری له‌ چۆڵه‌وانیدا ئاوه‌دان كرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و كۆگایانه‌ی[a] كه‌ له‌ حه‌ماتدا بنیادی نابوون.
5
ئینجا بێت‌حۆرۆنی سه‌روو و بێت‌حۆرۆنی خوارووی بنیاد نایه‌وه‌ و كردنی به‌ شاری قه‌ڵابه‌ند به‌ شوورا و ده‌روازه‌ و شمشیره‌[b] .
6
شارۆچكه‌ی به‌عه‌لاتیشی ئاوه‌دان كرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌موو كۆگاكانی سلێمان، هه‌روه‌ها ئه‌و شارۆچكانه‌ی سه‌ربازگه‌ی گالیسكه‌ و ئه‌و شارۆچكانه‌ی سه‌ربازگه‌ی ئه‌سپ سواره‌كان و هه‌موو ئه‌وه‌ی سلێمان ئاره‌زووی كرد له‌ ئۆرشه‌لیم و له‌ لوبنان و له‌ هه‌موو خاكی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی بنیادی بنێت.
7
هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی پاشماوه‌ی حیتی و ئه‌موری و پریزی و حیڤی و یه‌بوسییه‌كان بوون، كه‌ له‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل نه‌بوون،
8
پاشماوه‌ی ئه‌م هه‌موو نه‌ته‌وانه‌ی كه‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ناویان نه‌بردبوون سلێمان وه‌ك كۆیله‌ بێگاری به‌سه‌ردا سه‌پاندن، هه‌تا ئه‌مڕۆش به‌سه‌ریان سه‌پێنراوه‌.
9
به‌ڵام سلێمان بۆ كاره‌كه‌ی كه‌سی له‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل نه‌كرده‌ كۆیله‌، چونكه‌ ئه‌وان پیاوی جه‌نگ و ئه‌فسه‌ری باڵا، ئه‌فسه‌ری گالیسكه‌ و گالیسكه‌سواره‌كانی بوون.
10
ئه‌مانه‌ش ئه‌و كاربه‌ده‌سته‌ باڵایانه‌ی سلێمان پاشا بوون، دوو سه‌د و په‌نجا چاودێر له‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كاره‌كه‌یان ده‌كرد.
11
سلێمان كچه‌كه‌ی فیرعه‌ونی له‌ شاری داوده‌وه‌ برده‌ ئه‌و كۆشكه‌ی كه‌ بۆی بنیاد نا، چونكه‌ گوتی: «ژنی من له‌ كۆشكی داودی پاشای ئیسرائیل دانانیشێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی سندوقی یه‌زدانی چووه‌ته‌ ناو شوێنی پیرۆزن.»
12
ئینجا سلێمان قوربانی سووتاندنی بۆ یه‌زدان سه‌رخسته‌ سه‌ر ئه‌و قوربانگایه‌ی یه‌زدان كه‌ له‌به‌رده‌م هه‌یوانه‌كه‌ بنیادی نا.
13
قوربانی سووتاندنه‌كان هه‌ریه‌كه‌ و له‌ ڕۆژی خۆی، به‌پێی فه‌رمانه‌كه‌ی موسا، له‌ شه‌ممه‌كان و سه‌ره‌مانگه‌كان و جه‌ژنه‌ دیاریكراوه‌كان، ساڵانه‌ سێ جار، له‌ جه‌ژنی فه‌تیره‌ و له‌ جه‌ژنی هه‌فته‌كان[c] و له‌ جه‌ژنی كه‌پره‌شینه‌.
14
ئینجا به‌پێی بڕیاری داودی باوكی، سلێمان به‌شی كاهینه‌كانی به‌گوێره‌ی خزمه‌ته‌كانیان دیاری كرد، هه‌روه‌ها لێڤییه‌كانی له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆیان دانا بۆ ستایشكردن و یارمه‌تیدانی كاهینه‌كان، هه‌ریه‌كه‌ به‌گوێره‌ی پێداویستییه‌كانی ڕۆژه‌كه‌ی خۆی. ده‌رگاوانه‌كانیشی له‌ به‌شه‌كانی خۆیان دانا له‌سه‌ر هه‌موو ده‌رگاكان، چونكه‌ ئه‌مه‌ فه‌رمانه‌كه‌ی داودی پیاوی خودا بوو.
15
له‌ فه‌رمانه‌كانی پاشا لایان نه‌دا كه‌ سه‌باره‌ت به‌ كاری كاهین و لێڤییه‌كان درابوو، هه‌روه‌ها به‌ كاری گه‌نجینه‌كانیش.
16
به‌م شێوه‌یه‌ هه‌موو كاره‌كانی سلێمان ئاماده‌ كرا، له‌ ڕۆژی بناغه‌دانانییه‌وه‌ هه‌تا ته‌واوبوونی، ئیتر په‌رستگای یه‌زدان ته‌واو بوو.
17
ئینجا سلێمان چوو بۆ عه‌چیۆن گه‌ڤه‌ر و ئێله‌ت له‌سه‌ر كه‌ناری ده‌ریا له‌ خاكی ئه‌دۆم.
18
حیرام به‌ده‌ستی ئه‌فسه‌ره‌ كه‌شتیوانه‌ شاره‌زاكانی له‌ ده‌ریا چه‌ند كه‌شتییه‌كی نارد، ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كانی سلێمان چوونه‌ ئۆفیر و له‌وێوه‌ چوار سه‌د و په‌نجا تالنت[d] زێڕیان هه‌ڵگرت و بۆ سلێمان پاشایان هێنا.
  1. a. 8‏:4 چه‌ند شارێكی دروستكردووه‌ وه‌ك مه‌ڵبه‌ندێكی ئه‌مباركردن و دابینكردنی ئازووقه‌.
  2. b. 8‏:5 شمشیر، پارچه‌ دارێك بووه‌ له‌ جیاتی قوفڵ له‌ دواوه‌ی ده‌رگا به‌ شێوه‌ی ئاسۆیی دانراوه‌ بۆ داخستنی ده‌رگا.
  3. c. 8‏:13 جه‌ژنی هه‌فته‌كان، هه‌روه‌ها وه‌ك جه‌ژنی دروێنه‌ش ناسراوه‌ (\+xt بڕوانه‌ ده‌رچوون 23‏:16‏\+xt*‏) 50 ڕۆژ دوای جه‌ژنی فه‌تیره‌ بووه‌، كه‌ ده‌كاته‌ حه‌وت هه‌فته‌.
  4. d. 8‏:18 چوار سه‌د و په‌نجا تالنت: نزیكه‌ی 16 ته‌ن.